دوێنێ چوارشه‌م مایك پۆمپیۆ وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مه‌ریكا و ستێفان دی مێستورا نوێنه‌ری ی‌و ئێن له سووریا، له كۆبوونه‌وه‌یه‌كی تایبه‌تدا باسیان له دۆخی سووریا كرد و له‌سه‌ر ئه‌وه ڕێككه‌وتن كه هه‌ر هه‌نگاوێكی چاكسازی له وڵاته‌كه، بێسووده به‌بێ چاره‌سه‌ركردنی كێشه سیاسییه‌كان.
ئاژانسی
sputnikی ڕووسی بڵاوی كرده‌وه، پۆمپیۆ و شاندی ی‌و ئێن بۆ كاروباری سووریا بڕیاریان له‌سه‌ر ئه‌وه دا كه هه‌موو لایه‌نه سیاسییه‌كان ده‌بێت له ناوخۆیاندا ڕێك بكه‌ون و هاوپه‌یمانییه‌ك پێك بێنن، هه‌روه‌ها هه‌ر هه‌نگاوێك بۆ ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ی وڵاته‌كه ئێسته بێسوود ده‌بێت به‌بێ چاره‌سه‌ركردنی كێشه سیاسییه‌كان و چاكسازی ده‌ستووری و هه‌ڵبژاردنی ئازاد كه له ئه‌نجوومه‌نی ئاسایشی نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان ژماره 2254 بڕیاری لێوه دراوه.
هاوكات دوێنێ حوسێن مه‌خلووف وه‌زیری ژینگه و به‌ڕێوه‌بردنی ناوخۆیی سووریا له لێدوانێكدا ڕای گه‌یاند، "سزاكانی وڵاتانی ڕۆژئاوا به‌رانبه‌ر سووریا وا ده‌كات ئاسته‌نگ بخاته سه‌ر جێبه‌جێكردنی بڕیاره‌كان بۆ ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ی وڵاته‌كه".
هه‌روه‌ها ئاماژه‌ی بۆ ئه‌وه دا كه هه‌ڵگرتنی سزاكان كاریگه‌ری بۆ سه‌ر گه‌ڕاندنه‌وه‌ی ئاواره‌كانی وڵاته‌كه‌یش ده‌بێت كه به‌هۆی شه‌ڕه‌وه سووریایان به‌جێهێشتووه.
ماوه‌یه‌ك پێش ئێسته وه‌زیری پتڕۆڵ و سه‌رچاوه كانزایییه‌كان ئاشكرای كرد كه پلانێكی ستراتیجی داناوه بۆ به‌ره‌وپێشچوونی سه‌رچاوه‌كانی وزه بۆ سووریا تا ساڵی 2033.
دوای تا ڕاده‌یه‌ك ئارامبوونه‌وه‌ی سووریا پاش شه‌ڕی حه‌وت ساڵه‌ی نێوان ئه‌سه‌د و چه‌كداران، به‌پێی خه‌مڵاندنێك وڵاته‌كه پێویستی به نزیكه‌ی 400 ملیار دۆلار ده‌بێت بۆ ئه‌وه‌ی دووباره بگه‌ڕێته‌وه دۆخی پێشووی و ژیان له سووریا ده‌ست پێ بكاته‌وه.