زانیاری لەبارەی دابەشكردنی مووچەی چەند شوێنێك

:: PM:07:33:12/09/2018 ‌
دابەشكردنی مووچە لەلایەن وەزارەتی دارایی و ئابووری حكوومەتی هەرێمی كوردستانەوە بەردەوامە و بڕیارە سبەی مووچەی وەزارەتێك و سەرەتای هەفتەی داهاتوویش مووچەی توێژێك دابەش بكرێ.

ئەمڕۆ چوارشەم 12ی ئەیلوول/ سێپتێمبەر، سامان حوسێن سكرتێری یەكێتی كەمئەندامانی كوردستان بە "وشە"ی ڕاگەیاند، لەلایەن وەزارەتی دارایی ئاگادار كراونەتەوە كە رۆژی یەكشەمی داهاتوو مووچەی كەمئەندامان و خاوەن پێداویستییە تایبەتەكان دابەش دەكرێت.

هاوكات بەگوێرەی قسەی سەرچاوەیەك لە وەزارەتی دارایی و ئابووری حكوومەتی هەرێمی كوردستان سبەی پێنجشەم مووچەی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی حكوومەت دابەش دەكرێ‌.

وەزارەتی دارایی و ئابووری لە ڕۆژی پێنجی ئەم مانگەوە دەستی بە دابەشكردنی مووچە كردووە و تا ئێستە وەزارەتەكانی پیشمەرگە و پەروەردە و تەندروستی مووچەی مانگی شەشیان وەرگرتووە و پێشتر حكوومەتی هەرێمی كوردستان ڕای گەیاندبوو، چیتر خشتەی دابەشكردنی مووچە ڕاناگەیەنن و مانگانە و لە وادەیەكی دیاری كراو مووچە دەدەنە فەرمانبەران كە لە پێنجی مانگەوە مووچەی وەزارەتی پێشمەرگە و دواتریش مووچەی وەزارەتەكانی تر دابەش دەكرێ‌.

حكوومەتی هەرێمی كوردستان ماوەیەكە ڕێژەی پاشەكەوتی لەسەر مووچە كەم كردووەتەوە و هەوڵیش دەدات 30 ڕۆژ جارێك مووچەی فەرمانبەران دابەش بكرێت



وشە - سه‌رخێڵ هاشم