ئەو وێنەگرەی ساتی كوشتنی باڵوێزی ڕووسیای تۆماركرد چی ده‌ڵی؟

:: AM:09:37:20/12/2016 ‌

وێنەگرێكی ئاژانسی ئەسیۆشەیتدپرێس، كە دوا چركەساتەكانی ژیانی باڵوێزی ڕووسیای لە ئەنكەرە تۆمار دەكرد، لەمیانەی پێشكەشكردنی وتارەكەی لە كردنەوەی پێشانگەیەكی وێنەگرتن، دەڵێ كە بیرم كردەوە و دیمەنەكانم بینی ترسام، بەڵام سووریش بووم لەسەر گرتنی وێنەكان.

روی برهان ئۆزبلیسی وێنەگری ئاژانسی ئەسیۆشەیتدپرێسی ئەمەریكی گوتی، كاتێك گەیشتمە هۆڵەكە  باڵوێزی ڕووسیا "ئەندریە كارلۆڤ" دەستی بە وتارەكەی كردبوو، نزیك بوومەوە لە سەكۆكە و دەستم بە وێنەگرتنی كرد، من لەو باوەڕەدا بووم ئەو وێنانە دەبنە چیرۆكێكی باش بۆ ئاساییبوونەوەی پێوەندییەكانی توركیا و ڕووسیا.

هەروەها گوتی، ئەو بە ئارامی و نیانییەوە لەسەر نیشتمانەكەی "ڕووسیا" دەدوا و كەمێكیش دەوەستا بۆ ئەوەی قسەكانی بۆ توركی وەربگێڕدرێن.

ئاماژەی دا، لە ناكاو دەنگی فیشەك هۆڵەكەیان داگیر كرد، جەماوەر دەستیان بە هاتوهاوار كرد و باڵوێزی ڕووسیاش كەوتە سەر زەوی، من چەند مەترێك لێیەوە دوور بووم، بەڵام یەك دڵۆپ خوێنم نەبینی دوای كەوتنی، بۆیە لەو باوەڕەدام فیشەكەكان لە پشتی جێگیر بوون و دەرنەچوون.

ئەو وێنەگرە ئەوەشی ڕوون كردووەتەوە، كە چەند چركەیەك وەستاوە بۆ ئەوەی بزانێ چی ڕووی داوە، كاتێك بینیم پیاوێك كە باڵوێزی رووسیایە لە بەردەمم گیانی لە دەست داوە، خەڵك ترسیان لێ نیشت و منیش بەرەو لای چەپی هۆڵەكە ڕۆیشتم.

سەرەتا پاڵنەر و هۆكاری تەقەكردنی ئەو پیاوەم لە باڵوێزی ڕووسیا نەدەزانی، بەڵام دواتر دەركەوت هاوشێوەی توندڕەوە چیچانییەكانە و باسی حەلەبی سووریا و "ئەڵاهوئەكبەر" دەكات.

لە بەشێكی تری قسەكانی دەڵێ،  ئەو پیاوە ئەوەندەی من ژماردم هەشت فیشەكی ئاراستەی باڵوێزی ڕووسیا كرد، كاتێكیش لەسەر زەوی جەستەی باڵوێزی ڕووسیا كەوتبوو، دەستم كرد بە گرتنی چەند وێنەیەكی ئەو دیمەنە. سەرەتا ترسام چەكدارەكە فیشەكی زیاتر بە ئاراستەی خەڵك بهاوێژێ، دواتر چوومەوە پێش و وێنەكانم گرت و بەخۆمم گوت، من ناتوانم ڕا بكەم و رۆژنامەوانم دەبێ ئەو دیمەنانە بۆ دنیا بگوازمەوە.

ئێوارەی دوێنێ دووشەم، باڵوێزی ڕووسیا لە ئەنكەرە "ئەندریە كارلۆڤ" لە میانەی وتاری لە كردنەوەی پێشانگەیەكی فۆتۆگرافیدا، لەلایەن پۆلیسێكەوە تەقەی لێ كراو و كوژرا، دوای ڕووداوەكە پۆلیسی توركیا ناسنامەی بكوژەكەی ئاشكرا كرد، كە پۆلیسێكی شاری ئەنكەرەیە و دواتریش باوكی پۆلیسەكەیان گرت، هاوكات رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆك كۆماری توركیا پێوەندی بە هاوتا ڕووسییەكەی ڤلادیمێر پوتین كرد و میدیاكانی دنیا بە بایەخێكی زۆرەوە، هەواڵی كوشتنی باڵوێزی ڕووسیایان لە ئەنكەرە گواستەوە.

سەرچاوە/سكای نیوز.




وشە - باز ئه‌حمه‌د