یەكێتی ناوەڕۆكی كۆبوونەوەكەی لەگەڵ پارتی ئاشكرا دەكات

:: AM:09:34:19/11/2018 ‌
بەرپرسێكی یەكێتی ناوەڕۆكی كۆبوونەوەكەی لەگەڵ پارتی ئاشكرا دەكات و بوونی چەند جێگرێكیش بۆ سەرۆكی حكوومەت بە پێكەنینەوە باس دەكات.

ئەمڕۆ دووشەم 19ـی تشرینی دووەم، سەعدی ئەحمەد پیرە گوتەبێژی فەرمی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لە گفتوگۆیەكی ڕۆژنامەوانیدا ڕای گەیاندووە، لەگەڵ پارتی باسمان لە كاری هاوبەشی داهاتوو كرد، هەروەها سوود وەرگرتن لەو هەڵانەی لە ڕابردوو كردوومانە تا دووبارەی نەكەینەوە.

گوتەبێژی یەكێتی دەڵێت، یەكێتی هیچ مەرجێكی نییە بۆ بەشداریكردن لە حكوومەت و هیچ مەرجێكیش قبووڵ ناكات، هەروەها لەگەڵ پارتی باسمان لەوە كرد خەڵك دەنگی داوە بە ئارامی و بژێوی ژیان، نەبووە لە دنیادا خەڵك دووبارە دەنگ بداتەوە بەو حزبانەی كە (25-30) ساڵە حوكم دەكەن، ئەوەش واتای ئەوەی خەڵك نەیویست موجازەفە بكات (ڕیسك) بەڵكو ویستوویەتی دەنگ بە داهاتوویەكی مسۆگەر بدات.

پیرە لەبارەی بەشداری نەكردنی بزووتنەوەی گۆڕان ئاشكرای كردووە، لە هیچ بەرپرسێكی گۆڕانمان نەبیستووە وابڵێن، بەڵام ڕەنگە كە گۆڕان ئەو قسەیە دەكات بۆ بازاڕ گەرمكردنی خۆیان بڵێن، خۆ گۆڕان ناحەزی ئێمە نییە، هاوپەیمانی ئێمەیە لەسەر ئاستی حكوومەتی ناوخۆیی لە سلێمانی، نەك هەر گۆڕان، هەر لایەنێكی تر بەویستی خۆی ویستی بێتە حكوومەتەوە، ئێمە بەخێرهاتنی دەكەین.

لەبارەی زیادبوونی جێگر بۆ سەرۆكی حكوومەت ئاماژەی داوە، شتی وانییە، كەس باسی وای نەكردووە، گۆڕان قسەی وای نەكردووە كە پۆستی جێگری سەرۆك وەزیرانیان دەوێت، ئاگەدارین لەگەڵ پارتیش ئەو قسەیەیان نەكردووە، كەس باسی زیادكردنی جێگرێكی بۆ سەرۆكی حكوومەت نەكردووە ئەوە تەنیا وەك تەنزە كە ڕۆژنامەنووسان  پرسیاریان كرد، گوتیان دەڵێن جێگرێكی تر بۆ سەرۆكی حكوومەت زیاد دەبێت، ئێمەش گوتمان با سێ یا چوار جێگر بێت جا قەیچێكە! ئەگەر نا هیچ لایەنێكی سیاسی شتی وای باس نەكردووە.




وشە - رامیار جەواد