پێنج خوشكی بەریتانی بووکی داعش بوون

:: PM:01:43:19/11/2018 ‌
پێنج خوشكی بە رەگەز بەریتانی بەشێوازی جیاجیا شوو بە چەكدارانی داعش دەكەن و خۆیان دەگەیەننە سووریا، دوای گرتنیان لەلایەن یەكینەكانی پاراستنی گەل، داوای ماسی و برنج و گەڕانەوە بۆ بەریتانیا دەكەن.

رۆژنامەی "سەندای تایمز"ی بەریتانی لە راپۆرتێكیدا بە ناوی "بووكەكانی داعش" باس لە ژیانی پێنج خوشك دەكات كە بە رەگەز بەریتانین و شوویان بە چەكدارانی داعش كردووە. دوای تێكشكانی داعش لە سووریا، ئێستە ئەوان لە یەكێك لە كەمپەكانی تایبەت بە ژنانی داعش لە سووریا لەلایەن یەكینەكانی پاراستنی گەل گیراون.

ساندێی تایمز، ئەو پێنج خوشكە بە گەورەترین خێزانی داعشی ناو دەبات كە لە بەریتانیا ژیاون و پێوەندییان بە داعشەوە كردووە، دەڵێ بە یەكجار سێ خوشك بە ناوەكانی "ریما، زارا، سەلیمە ئیقبال" لە یەك خێزان كە لە لای رۆژهەڵاتی لەندەن دەژیان، پێوەندییان بە داعش كردووە و شوویان بە چەكدارە پورتوگالییەكانی ناو داعش كردووە.

ئەوان كە ئێستە لە كەمپێكی ژێر دەسەڵاتی یەكینەكانی پاراستنی گەل دەستبەسەرن، ریما كە تەمەنی 30 ساڵە و دەرچوونی پەیمانگەی دیراساتی ئیسلامییە لە كانینگ تاون لە لەندەن، زارای خوشكی تەمەنی 28 ساڵە خوێندكاری زانكۆیە و سێ منداڵیشی هەیە، سەلیمە ئیقبال كە تەمەنی 32 ساڵە، شووی بە شاجول ئیسلام كردووە كە پزیشكێكی توندڕۆیە و تۆمەتبارە بە رفاندنی جۆن كانتلی رۆژنامەنووس لە ساڵی 2012.

شاجول دوای ئەوەی لە بەردەم دادگای بەریتانی لە 2013 بە بێتاوان خۆی ناساند و بەهۆی كەمی بەڵگە لەسەری دادگا ئازادی كرد، دەستبەجێ پاش ئازادكردنی خۆی گەیاندە سووریا و پێوەندی بە داعشەوە كرد، لە بەرانبەریشدا دەسەڵاتدارانی بەریتانی مۆڵەتی پزیشكییان لێ وەرگرتەوە.

پێوەند بە گەورەترین خێزانی داعشی لە بەریتانیا، بەمدواییە رازول تەمەن 26 ساڵان كە خوشكی بچووكی ناو خێزانەكەیە پێوەندی بە داعش دەكات، بەڵام ئیشان ئیقبالی خوشكە گەورەیان لە ساڵی 2013 لەو كاتەی هەوڵی داوە پێوەندی بە داعش بكات، لە تەنزانیا دەگیرێت و تۆمەتی ساختەكردنی پاسپۆرت و پێوەندیكردن بە گرووپە توندڕۆكانی دەخرێتە پاڵ.

ریما كە ماوەی چوار ساڵ لەگەڵ داعش بووە، دەڵێ بێ تاوانم و داواش لە دەسەڵاتدارانی بەریتانیا دەكات لە كەمپەكە ئازادی بكەن و بیگەڕێننەوە بۆ وڵاتەكەی، لەو كاتەی قسەی بۆ پەیامنێرەكەی سەندای تایمز دەكرد لە كەمپدا، رەخنەی ئەوەی لە یەكینەكانی پاراستنی گەل گرتووە كە رۆژانە پەتاتە و ماسی پێ نادەن، ئەو داوا دەكات ئەگەریش تۆمەتبارە با لە بەریتانیا دادگایی بكرێت.



وشە - فه‌رمان سادق