دوا زانیاری لەبارەی دابەشكردنی نەوتی زستان

:: AM:11:42:26/12/2016 ‌

بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتیی دابەشكردنی سووتەمەنی پارێزگای هەولێر ئاشكرای كرد، بەردەوامن لە دابەشكردنی نەوتی سپی بەسەر خانەوادەكان بۆ زستان و ئاماژەی بەوەش دا، تا ئێستە نۆ ملیۆن لیتر نەوتی سپی لە بەغداوە بۆ هەولێر نێردراوە، لە كاتێكدا هەولێر پێویستی بە 100 ملیۆن لیتر نەوتی سپی هەیە.

مستەفا تەها بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتیی دابەشكردنی سووتەمەنی هەولێر بە "وشە"ی ڕاگەیاند، بەپێی ئەو بڕە نەوتەی بۆمان هاتووە، ئێستە نەوت لە سیدەكان و چۆمان و قەسرێ و مێرگەسۆر و بارزان و خەلیفان دابەش كراوە و گەیشتووەتە ناو سۆران، هەرچەند بڕی نەوتی زیاترمان لە بەغداوە بۆ بێت، ئێمەش بەسەر خەڵكی دابەشی دەكەین.

هەروەها گوتی، سەرەتا لە ناوچە سارد و شاخاوییەكان دەستمان پێ كرد و وردە وردە بەرەو ناوەوەی هەولێر بەرمیلێك نەوتی سپی بەسەر هەر خێزانێك دابەش دەكەین.

لەبارەی بڕی ئەو نەوتەی لە بەغداوە بۆ هەولێر دەنێردرێ، بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتیی دابەشكردنی سووتەمەنی هەولێر گوتی، تا ئێستە نۆ ملیۆن لیتر نەوت بۆ هەولێر هاتووە و بەهۆی پشووەكان و بۆنە ئاینییەكان، جار وایە دووسێ رۆژ جارێك نەوتمان بۆ دێ و جاری واش هەیە 10 رۆژ دەخایەنێت، هەر جارێكیش 150 تا 180 هەزار لیتر نەوتمان بۆ دێ كە دەكاتە سێ تا چوار تانكەر.

ئاماژەی دا، ئەگەر بۆ هەر خانەوادەیەك بەرمیلێك نەوت بەسەر خانەوادەكانی سنووری پارێزگای هەولێر دابەش بكەین، بڕی 100 ملیۆن لیتر نەوتی سپیمان پێویستە، بەڵام تا ئێستە ئەو بڕەمان پێ نەگەیشتووە و وردە وردە وەزارەتی نەوتی حكوومەتی عێراقی فیدراڵ نەوتمان بۆ دەنێرێت و ئێمەش دابەشی دەكەین.


وشە - باز ئه‌حمه‌د