هۆلاند: بەبێ‌ ئازایەتی و نەبەردی پێشمەرگە داعش تێك ناشكێندرێ

:: PM:08:25:02/01/2017 ‌


فڕانسوا هۆلاند سەرۆك كۆماری فەڕەنسا، لە كۆنگرەیەكی ڕۆنامەوانیدا لەگەڵ مەسعوود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان لە شاری هەولێر دەڵێت، بەبێ‌ ئازایەتی پێشمەرگە ئەستەم بوو داعش تێك بشكێندرێ.

ئەمڕۆ دووشەم فڕانسوا هۆلاند سەرۆك كۆماری فەڕەنسا، بەسەردانێكی فەرمی گەیشتە شاری هەولێر و لەگەڵ مەسعوود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان سەردانی چیای زەرتكی كرد، دواتر لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا هۆلاند ڕای گەیاند، بەبێ‌ ئازایەتی پێشمەرگە ئەستەم بوو داعش تێك بشكێندرێ.


سەرۆك كۆماری فەڕەنسا دەڵێت، هاوكاریی سەربازی و لۆجستی وڵاتەكەی بۆ هەرێمی كوردستان بەردەوام دەبێت، بۆیە پێویستە چارەسەی گونجاو بۆ شەڕی دوای مووسڵ بدۆزرێتەوە، بەڵام لە ئێستەدا تێكشكانی داعش ئەركی هەمووانە.

لەبارەی كەمە نەتەوایەتییەكانی هەرێمی كوردستان دەڵێ‌، ئەو كەمینە نەتەوایەتییانەی لە ناوچەكەكە دەژین، چیتر لە ئایندەی خۆیان ناترسن.

مەسعوود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان لەم كۆنگرە ڕۆژنامەوانییەدا داوای لە فەڕەنسا كرد بەردەوام بێت لە هاوكاریكردنی هێزەكانی پێشمەرگە لە شەڕی دژ بە تیرۆر.

بارزانی گوتی، تێكشكانی داعش لە ڕووی سەربازییەوە مانای تەواوبوونی ئەم ڕێكخراوە نییە، بەڵكو پێویستە لە ڕووی هزرییەوە ڕووبەڕووی ئەو ڕێكخراوە ببینەوە.

هۆلاند به‌یانی ئه‌مڕۆ دووشه‌م گه‌یشته‌ به‌غدای پایته‌ختی عێراق و له‌گه‌ڵ سه‌ركۆمار و سه‌رۆك وه‌زیران و سه‌رۆكی په‌رله‌مانی عێراق كۆبووه‌وه‌ و پرسی هه‌ماهه‌نگی و هاوكاری هه‌ردوولا و شه‌ڕی تیرۆر ئامانجی سه‌ره‌كی سه‌ردانه‌كه‌ی سه‌رۆكی فڕه‌نسا ده‌بێ.

ئه‌مه‌ دووه‌مجاره‌ سه‌رۆكی فڕه‌نسا سه‌ردانی هه‌ولێر ده‌كات و پێشتریش له‌ مانگی ئه‌یلوول/سێپتێمبه‌ری 2014 هۆلاند سه‌ردانی هه‌ولێری كرد و له‌گه‌ڵ سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان كۆبووه‌وه‌.

فڕه‌نسا به‌ چه‌ك و كه‌لوپه‌لی سه‌ربازی پشتیوانی پێشكه‌شی هه‌رێمی كوردستان و هێزی پێشمه‌رگه‌ی كردووه‌ و هاوكات له‌ ڕووی كۆمه‌كی مرۆییه‌وه‌ش هاوكاری هه‌رێمی كوردستانی كردووه‌.





وشە - رامیار جەواد