ترسی گەورە ئەوە بوو لەگەڵ دابەزینی نەوتی
ئێران بازاڕی نەوت تووشی کەمیی دابینکردنی نەوت بێت بەڵام بە پێچەوانە ئەگەر نەوتی
ئێرانیش بۆ سفر دابەزێت ئەوا هیشتا سەرووی پێداویستی، هەناردە دەکرێت و بڕەکەشی سێ
هێندەی ئەو نەوتەیە ئێران دەیخستە بازاڕەوە.
ئەمە دوایین لێکدانەوەی ئاژانسی نێودەوڵەتی
وزەیە بۆ بازاڕی نەوت و دەڵێت سەرەڕای ئەوەی کە ئەمەریکا کۆتایی بە مۆڵەتی بەخشینی
هەندێک وڵات بۆ کڕینی نەوتی ئێران هێنا کەچی دۆخی بازاڕ ئاساییە و لە داهاتووشدا
هیچ کێشەیەکی بۆ نایەتە کایەوە.
دامەزراوەکە کۆی هەناردەی نەوت و گاز و
سەرجەم بوارەکانی پێترۆڵی ئێرانی لە مانگی نیساندا بە ملیۆنێک و 100هەزار بەرمیل لە رۆژێکدا هەژمار کردووە و بەراورد بە مانگی رابردوو 300هەزار بەرمیل کەمی کرووە و بەراورد بەو کاتەی ئەمەریکا لە رێککەوتنی ناوکیی
کشایەوە ملیۆنێک و 700 هەزار بەرمیل کەمی کردووە.
بە پێی ئامارەکە هەر ئێستە وڵاتانی ئۆپێک سێ
ملیۆن و 300 هەزار بەرمیل نەوت لە سەرووی پێداویستییەکان دەخەنە بازاڕەوە کە
دوو لە سەر سێی بەهۆی سعوودیەیە و بەشەکەی تریش لە لایەن ئیمارات و کوێت و عێراق
هەناردە دەکرێت.
بەگوێرەی "رادیۆ فەردا" هەر یەک لە
سعوودیە و ئیمارات و عێراق پێشتر بۆ پڕکردنەوەی پێداوسیتی نەوت لە بازاڕەکان
ئامادەیی خۆیان دەربڕیبوو.
دوای ئەوەی ئەمەریکا مۆڵەتی کڕینی نەوت لە
ئێرانی هەڵوەشاندەوە چەند دۆلارێک لە نرخی نەوت هەڵکشاوە و لە سەرووی 74دۆلار جێگیر بووە.