له كۆبوونه‌وه‌ى هه‌رسێ ئه‌نجوومه‌نى پارێزگاكانى هه‌رێمى كوردستان، به‌كارهێنانى مووچه‌ى پاشه‌كه‌وتى فه‌رمانبه‌ران بۆ باج و سه‌رپێچى ئۆتۆمبێل و كرێى خانوو په‌سه‌ند كرا، داوا له ئه‌نجوومه‌نى وه‌زیرانیش ده‌كه‌ن په‌له بكات له جێبه‌جێكردنى.
ئه‌مڕۆ سێشه‌م هه‌رسێ سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی پارێزگاكانی هه‌ولێر و سلێمانی و دهۆك و پارێزگاری هه‌ڵه‌بجه كۆ بوونه‌وه و ڕازی بوون به پڕۆژه‌یه‌ك بۆ وه‌رگرتنی چه‌كی مووچه‌ی مووچه خۆران.
به‌گوێره‌ى ناوه‌ڕۆكى پڕۆژه‌كه، فه‌رمانبه‌ر ده‌توانێت چه‌كی مووچه‌ی پاشه‌كه‌وتكراوی وه‌ربگرێت و له به‌رامبه‌ر پاره‌ی خزمه‌تگوزارییه‌كانی فه‌رمانگه‌كانی حكوومه‌تدا به‌كاری بهێنێت، هه‌روه‌ها پڕۆژه‌كه بۆ چه‌كی مووچه‌ی مووچه‌خۆران چه‌ندان مه‌رجی داناوه كه پێویسته به‌و شێوه‌یه كاری پێ بكرێت.
چه‌كه‌كه ده‌بێت به‌ناوی خودی فه‌رمانبه‌ره‌وه بێت و نه‌خرێته سه‌ر كه‌سێكی تر بۆ خه‌رجكردنی بڕی پاره‌كان.
ناتوانرێت چه‌كی مووچه‌كه بۆ مامه‌ڵه‌ی كه‌رتی تایبه‌ت به‌كار بهێنرێت، واته ناتوانرێت له ده‌ره‌وه‌ی كه‌رتی حوكمی وه‌ك پاره مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵ بكرێت و له بازاڕه‌كاندا مامه‌ڵه‌ی پێوه ناكرێت و ناتوانرێت بكڕدرێت و بفرۆشرێته‌وه.
ئه‌و كه‌سانه‌شی كه كرێچین ده‌بێت گرێبه‌ستی خانووه‌كه‌یان له‌گه‌ڵ خاوه‌ن خانوو له‌لایه‌ن فه‌رمانگه‌ی باجی خانووبه‌ره‌وه په‌سه‌ند بكه‌ن تا بتوانن چه‌كه‌كه له جێگای پاره بۆ خزمه‌تگوزارییه‌كانی حكومه‌ت به‌كار بهێنن.
له پڕۆژه‌كه‌دا هاتووه كه چه‌كه‌كه ده‌كرێت له پاره‌دانی مامه‌ڵه‌كانی هاتوچۆدا به‌كار بهێنرێت، به‌ڵام ده‌بێت ساڵانه‌ی ئۆتۆمبێله‌كه له‌سه‌ر مووچه‌خۆره‌كه خۆی بێتن، ئه‌وه‌ش هاتووه كه دوای كۆتایی هاتنی بڕیاری پاشه‌كه‌وت و پێدانی مووچه‌ی ته‌واو به فه‌رمانبه‌ران، ئه‌م پڕۆژه‌یه كۆتای پێ دێت.