شنگال.. بۆ دوورخستنەوەی پەكەكە داوای ناوچەیەكی جیاكەرەوە دەكرێت

:: PM:07:42:17/08/2019 ‌

قایمقامی شنگال رای گەیاند كە داوایان لە باڵوێزخانەی ئەمەریكا و هەردوو حكوومەتی عێراق و هەرێمی كوردستان كردووە بۆ دەركردنی پەكەكە لە شارۆكەكە و گەڕاندنەوەی ئاوارەكان و دامەزراندنی ناوچەیەكی جیاكەرەوە. 

مەحما خەلیل ئەمڕۆ شەموو ئاشكرای كرد كە بەڕێوەبەری ناوخۆیی فەرمی شنگال داوای لە هەردوو حكوومەتی عێراق و هەرێمی كوردستان و واشنتن كردووە بۆ دامەزراندنی ناوچەیەكی جیاكەرەوە لە شنگال بۆ لەخۆگرتنی پارتی كرێكارانی كوردستان، روونی كردەوە، سبەی ئەو داواكارییە رەوانەی نووسینگەی سەرۆك وەزیرانی عێراق و حكوومەتی هەرێمی كوردستان دەكەین و باڵوێزخانەی ئەمەریكاش زانیاری لەوبارەوە هەیە. 

زیاتر گوتی، شارۆكەی شنگال رووبەڕووی هەڕەشەیەكی ناوخۆیی و دەرەكی بووەتەوە و پێویستی بە چاودێرییەكی رژد هەیە بۆ گەڕانەوەی سەقامگیری و كردنەوەی دەرگا بۆ گەڕانەوەی ئاوارەكانی.

لە 13ی ئەم مانگە قایمقامی شنگال لە بەیاننامەیەكدا سكاڵای بوونی شنگالی بۆ پەناگەیەك بۆ چەكدارانی پەكەكە راگەیاند كە كاری رفاندن و سەپاندنی بەرتیل و سەرانە و سزادانی بێ دادگاییكردن پێڕەو دەكەن و هەموو ئەوانەش لەبەرچاوی سوپای عێراقی و هێزەكانی حەشدی شەعبی، جیا لەوەی شارۆكەكە بووەتە سەرچاوەیەك بۆ پاڵپشتیكردن و چەكداریكردنی ئەو پارتە. 



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل