گەرمتربوونی جەنگی ئابووریی نێوان ئەمەریكا و چین نرخی نەوتی دابەزاند

:: AM:10:39:24/08/2019 ‌

نرخی نەوت لە بازاڕەكانی جیهانی كە چەند رۆژێك بوو رووی لە بەرزبوونەوە كردبوو، دوای گرژتربوونەوەی پێوەندییە ئابوورییەكانی نێوان ئەمەریكا و چین دووبارە دابەزی.

شەوی رابردوو هەفتەیەكی تر لە بازاڕی بۆرسە داخرا و نرخی نەوتیش لە كۆتایی هەفتەكەدا دابەزی. لە ئێوارەی چوارشەمی رابردوو نرخی هەر بەرمیلێك لە نەوتی برێنت 61 دۆلاری تێپەراند، بەڵام لە كۆتایی هەفتەدا بە 59 دۆلار و 14 سەنت داخرا.

بەگوێرەی "dailyfx"  نرخی نەوتی ئەمەریكی لە ژێر كاریگەری گرژتربوونەوەی پێوەندییە ئابوورییەكانی نێوان ئەمەریكا و چین زیاتر دابەزی و سەرەڕای ئەوەی كە لە میانەی هەفتەكەدا بۆ سەرووی 57 دۆلار هەڵكشابوو، دواجار لە خوارووی 54 دۆلار بە 53 دۆلار و 85 سەنت داخرا.

هاوكات ماڵپەڕی "تەسنیم" بڵاوی كردەوە پێ دەچێت چین چیتر نەوت لە ئەمەریكا نەكڕێت و بەم كارەی گوشار بخاتە سەر یەكێك لەو بەرهەمانەی ئەمەریكا كە لە ساڵی 2015ەوە هەناردە دەكرێت.

ئەمەریكا كە پێشتر نەوتی هەناردە نەدەكرد و تەنیا لە ناوخۆ ساغی دەكردەوە، لە سایەی شۆڕشی نەوتی لیتەیی كە لە قووڵایی زەوی دەری دەهێنێت توانی بەرهەمهێنانی نەوتەكەی بەرز بكاتەوە و جگە لە دابینكردنی پێداویستی ناوخۆ، سەرووی سێ ملیۆن بەرمیلیش هەناردە بكات. چین بە یەكێك لە گەورەترین هاوردەكارانی نەوتی ئەمەریكا هەژمار دەكرا.



وشە - سلێمان تاشان

ئه‌م بابه‌ته 72 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌