زیاد لە 50 پاڵاوگەی نەوت لە دهۆك بێ مۆڵەت كار دەكەن

:: PM:12:03:19/10/2019 ‌
بەشێكی زۆری هاووڵاتییانی دهۆك بەتایبەتی ئەوانەی لە دەوروبەری ناوچەی كواشێن، بە دەست دووكەڵی پاڵاوگەكانی نەوت دەناڵێنن، بەڕێوەبەری فەرمانگەی ژینگەی دهۆكیش رای دەگەیەنێ، هیچ یەك لەو پاڵاوگانە مۆڵەتیان نییە و بەشێك لەوانە بەهۆی پابەند نەبوون بە رێنوێنییەكانی ژینگە و تەندروستی سزا دراون.

تا ئێستا لەکۆی ئەو 50 پاڵاوگەیە تەنیا 10 پاڵاوگە سزا دراون
ئەمڕۆ شەموو 19ی تشرینی یەكەم، محەمەد تاهیر بریفكانی بەڕێوەبەری فەرمانگەی ژینگەی دهۆك بە "وشە"ی راگەیاند، لەسەر داوای بەشێكی زۆری خەڵكی دهۆك بەتایبەتی ناوچەكانی تەناهی، زركا، سێمێل و دەوروبەری كواشێ، لە نزیكەوە بەدواداچوونمان بۆ پاڵاوگەكانی كاشێیان كردووە.

زیاتر روونی دەكاتەوە، لە ناوچەی كواشێ نزیكەی 50 پاڵاوگەی نەوت هەن، بەڵام هیچ یەكێك لەو پاڵاوگانە موڵەتی فەرمییان نییە، بۆیە پێویستە دەستبەجێ كارەكانیان رابگرن، پێشتریش 10 لەو پاڵاوگانە لە نێوان هەشت بۆ 16 ملیۆن دینار سزا دراون، بەشێكیش رەوانەی دادگا كراون بۆ ئەوەی بەپێی یاسا رێكاری پێویستیان بەرانبەر بگیرێتەبەر.

"پاڵاوگەكان كاریگەری خراپ لەسەر ژینگە و تەندروستی هاووڵاتییان و ئاژەڵان دادەنێن‌، ئێستە لە نێوان 10 بۆ 15 پاڵاوگە لەسەر كارەكانیان بەردەوامن، تەنیا ناوی حەوت پاڵاوگە گەڕاوەتەوە و پێویستە دوای 21 مەرج دەست بە كارەكانیان بكەن" محەمەد بریفكانی وای گوت.

بەڕێوەبەری فەرمانگەی ژینگەی دهۆك دووپاتی دەكاتەوە، بەدواداچوونی زیاتر بۆ ئەو پاڵاوگانە دەكەین و لەگەڵ پارێزگاری دهۆك و لایەنی پێوەندیدار كۆ دەبینەوە، بە نووسراوی فەرمی دەستەی پاراستن و چاككردنی ژینگەمان ئاگادار كردووەتەوە، بۆ ئەوەی ئەو پاڵاوگانە مۆڵەت وەربگرن و دەست بە كارەكانیان بكەن، بە پێچەوانەوە نابێ كار بكەن.

پاڵاگەكان هەمووان دەكەونە ناوچەی كاشێ لە رۆژئاواری شاری دهۆك، بەشێك لەو پاڵاوگانە بە شەو كار دەكەن، بەمەش كاریگەری خراپ لەسەر تەندروستی هاووڵاتییان و ژینگە دادەنێن.

دهۆك/ نەوزاد هلۆری


وشە - هیدایه‌ت جان