پەكەكە..مانگانە 450 هەزار دۆلار باج لە سنووری خواكوڕك وەردەگرێت

:: AM:08:54:23/01/2017 ‌



گەریلاكانی پەكەكە، دەستیان بەسەر 177 گوندی دەڤەری سۆراندا گرتووە، بەرپرسانی كارگێڕی و تەناهیی سنوورەكە رای دەگەیەنن، بەهۆی پەكەكەوە 300 هاووڵاتیی دەڤەرەكە بوونەتە قوربانی و زیانە مادییەكانیش زۆرن، لە ئێستەشدا پەكەكە باج بەسەر مەڕدار و كۆڵبەر و هەنگەواناندا دەسەپێنێت.

عەلی ئەحمەد جێگری بەڕێوەبەری ئاسایشی سۆران بە "وشە"ی راگەیاند، "پەكەكە بووەتە میوانێكی رەزاگرانی سۆران، بە هێزی چەك خۆیان بەسەر موڵك و گوندەكاندا سەپاندووە و مەترسییان بۆ سەر خەڵك دروست كردووە".

زیاتر دەڵێ‌، "هەندێك كار و كردەوەی پەكەكە جێگەی قبووڵ نییە، وەك گرتنی هاووڵاتییان و پێشمەرگە، لەكاتێكدا ئێمە تا ئێستە هیچ چەكدارێكی پەكەكەمان نەگرتووە، بەڵكو زۆر ئاسانكاریشمان بۆیان كردووە". 

لە دەڤەری سۆران و ناوچە سنوورییەكانی، چەندان كەس لەلایەن پەكەكە گیراون، رۆژی 14ی كانوونی دووەمی ئەمساڵ، عەلی وسو پێشمەرگە لە لیوای 7ی پیادەی سۆران لە بازگەی پردەشاڵ و بناری قەندیل لەلایەن چەكدارانی پەكەكە گیرا و بە پاڵەپەستۆی چەندان لایەن ئازاد كرا، لە 30 تشرینی یەكەم/ ئۆكتۆبەری 2016، چەند چەكدارێكی پەكەكە هەڵیان كوتایە سەر گوندی "سەركان"ی سەر بە شارۆكەی چۆمان، مەحموود ئەحمەد كە تەمەنی 60 ساڵە و موختاری گوندەكەیە، لەگەڵ خێزانەكەی گیران و تا رۆژی دواتر ئازاد كران.
ئەو زیاتر دەڵێ‌، "پەكەكە لە ناوچە سنوورییەكان، باج لە هاووڵاتییان و لە رەوەند و ئاژەڵدار و بازرگانەكانمان بە نایاسایی وەردەگرێ، ئەوان نرخی باج و گومرگ بە ئارەزووی خۆیان دادەنێن و خەڵك بەبێ گومرگ لە بازگەكانیان تێپەڕ نابێت".

بەگوتەی جێگری ئاسایشی سۆران، "لە كۆی 100 سەر مەڕ و بزن، سێ‌ مەڕ و بزن وەك گومرگ لەلایەن پەكەكە لە مەڕدار وەردەگیرێ، بۆ هەر مێشێكی هەنگ بڕی هەزار دینار وەردەگیرێ و بۆ هەر سەر كاوڕ و گیسكێك بڕی 10 هەزار دینار لەلایەن پەكەكە لە هاووڵاتییان وەردەگیرێ، لەكاتێكدا ساڵانە هەزاران مەڕ و بزن و ئاژەڵ لەلایەن هاووڵاتییان بە مەبەستی لەوەڕاندن روو لە كوێستانەكان دەكەن و لەلایەن پەكەكەوە گومرگ دەكرێن".

جگەلەوەش، "پەكەكە بۆ هەر بارێكی گواستنەوەی چا و قوماش و باوی، نزیكەی 100 دۆلار و بۆ گواستنەوەی یەك باری پاكەت 200 دۆلار لە سنووری خواكوڕك لە هاووڵاتییان وەردەگرێت، ئەمە لە كاتێكدایە كە رۆژانە زیاتر لە 100 ئۆتۆمبێل ئەو پێداویستییانە دەگوازنەوە سەر سنووری توركیا و هەر ئۆتۆمبێلێك 100 كارتۆن هەڵدەگرێت".

لەسەر ئەو بنەمایە ئەگەر رێژەی ناوەندی وەرگرتنی گومرگ بە 150 دۆلار دیاری بكرێت بۆ هەر 100 ئۆتۆمبێلێكی رۆژانە، پەكەكە تەنیا لە سنووری خواكوڕك مانگانە 450 هەزار دۆلار وەك باج بەسەر هاووڵاتییاندا دەسەپێنێت.

كاروان كەریم خان گوندەژۆی بەڕێوەبەری شارەدێی سیدەكان بە "وشە"ی راگەیاند، "بوونی پەكەكە بۆ خەڵكی ناوچەكە و ئابووریی كوردستان، زیانی زۆری هەبووە، هەر بەهۆی هەبوونی پەكەكە دەیان هاووڵاتیی دەڤەرەكە بوونەتە قوربانی و شەهید و بریندار بوون". 

گوندەژۆری دەڵێ‌، "پەكەكە كێشەی زۆری بۆ هاووڵاتییانی سیدەكان دروست كردووە بەو پێیەی  زیاتر لە 100 گوندی دەڤەرەكە و نزیكەی 50%ی خاكی سیدەكان لە ژێر كۆنتڕۆڵی پەكەكەدایە، بەهۆی پەكەكە نەتوانراوە سوود لە خاكی بەپیتی ناوچەكە وەربگیرێت".

بەڕێوەبەری شارەدێی سیدەكان دووپاتی كردەوە، "هەر هاووڵاتییەك بەمەبەستی نیشەجێبوون لە كوێستانەكان لە ژێر كۆنتڕۆڵی ئەوان و بازگەیان تێپەڕ ببێت، دەبێت باج و سەرانە لە گشت كەلوپەل و ئاژەڵێك بە پەكەكە بدەن، لەكاتێكدا لە وەرزی بەهار رێژەیەكی یەكجار زۆر خەڵك بە ئاژەڵێكی زۆرەوە روو لە كوێستانەكان دەكەن". 

كرمانج عزەت قایمقامی شارۆكەی سۆران بە "وشە"ی گوت، "لە ساڵی 1991ەوە تا ئێستە بەهۆی پەكەكە و بۆردمانی فڕۆكە جەنگییەكانی توركیاوە، سەرووی 300 هاووڵاتیی سڤیل لە سنووری سۆران بوونەتە قوربانی".

ئەو پێی وایە، دابەزینی گەریلاكانی پەكەكە بۆ ناوچە ئاوەدانەكان و كوێستانەكان كە مەڕدار و رەوەندەكانی لێیە، هۆكاری بۆردمانی ناوچەكەیە.

غەفوور ئەحمەد مەلا سوار قایمقامی شارۆكەی مێرگەسۆر روونی كردەوە، 65 گوندی سنوورەكەیان بەهۆی بوونی پەكەكەوە، هاتوچۆیان تێدا قەدەغە كراوە و دانیشتووانەكەی ماڵ و زەوییەكانیان جێ هێشتووە.

مەلا سوار بە "وشە" دەڵێ‌، "ئامارێكی وردمان لەبارەی ژمارەی ئەو هاووڵاتییانەوە بەردەست نییە كە بەهۆی هەبوونی پەكەكە و بۆردمانی توركیا شەهید و بریندار بوون، بەڵام ژمارەكە زۆرە. هەر لە 24ی تشرینی یەكەمی 2016 سێ‌ هاووڵاتیی سڤیل بەو هۆیەوە شەهید بوون".

ئەحمەد قادرە سۆر قایمقامی چۆمان كە نۆ گوندی سنوورەكەی لەژێر دەستی پەكەكەدایە، بە "وشە" دەڵێ‌، "بەهۆی شەڕەكانی پەكەكە و توركیاوە، تا ئێستە 12 هاووڵاتیی چۆمان بوونەتە قوربانی".

كوێستان ئەحمەد قایمقامی شارۆكەی رەواندز بۆ "وشە"ی روون كردەوە، لەو ساڵانەی رابردوودا بەهۆی بۆردمانی فڕۆكە جەنگییەكانی توركیا بۆ سەر گوندەكانی سەر بە رواندز و بەهۆكاری هەبوونی گەریلاكانی پەكەكەوە، شەش هاووڵاتیی شارۆكەكەیان شەهید بوون.

دەڤەری سۆران بە كۆی شارۆكەكانی سۆران، مێرگەسۆر، چۆمان و رواندز، بەدیاریكراوی 177 گوندی لە ژێر دەستی پەكەكەدایە، ئەوەش بووەتە هۆكاری ئەوەی ناوچەكە لەلایەن فڕۆكە جەنگییەكانی توركیاوە بۆردمان بكرێت.

سۆران/ مورشید برادۆستی 


وشە - تایبه‌ت