خەونی پوتین لە ئۆكراینا چییە و چەندی لێ هاتووەتە دی؟

:: PM:06:24:09/05/2022 ‌

ڤلادیمێر پوتین، سەرۆكی رووسیا لە نیسانی 2014ەوە دەستی بە قسەكردن لەبارەی دەستەواژەی زیندووكردنەوەی "رووسیای نوێ" یان "نۆڤۆڕووسیا" كردووە، كە ناوچەكانی رۆژهەڵات و باشووری ئۆكراینا دەگرێتەوە و نەتەوەپەرستەكانی رووسیا لە رووسیا و ئۆكراینا بە ناوچەی رووسی دەزانن، كە یەكێتی سۆڤیەت بە ئۆكراینای بەخشیوە. 

پوتین لە نیسانی 2014 لە گوتارێكی بۆ گەلی رووسیا، واتە دوای مانگێك لە كۆنترۆلكردنی رووسیا بۆ نیوچە دوورگەی كرمیا گوتی، بیرتان دێنمەوە، ئەوە رووسیای نوێیە، وەك ئاماژەیەك بۆ ناوچەكانی رۆژهەڵات و باشووری ئۆكراینا، مەبەستی پوتین زیاتر بوو لە هەردوو هەرێمی جیاخوازی دۆنیتسك و لۆگانسیك و نیوچە دوورگەی كرمیا و هەموو ناوچەكانی كەناراوی دەریای رەشی لە ئۆكراینا گرتەوە، كە زۆرینەیان بە زمانی رووسی قسە دەكەن. 

جارێكی تر پوتین ئەو دەستەواژەی لە بەیاننامەیەكی سەرۆكایەتیی رووسیا لە مانگی ئابی ئەو ساڵە بەكار هێنا، كاتێك رووی قسەكانی كردە جیاخوازەكانی رۆژهەڵاتی ئۆكراینا، كە ئەوكات كۆنترۆڵی بەشێكی ئەو وڵاتەیان كرد، پوتین ئەوانی بە هێزەكانی رووسیای نوێ وەسف كرد، ئەوەندەیش بەسە بۆ تێگەیشتنی خەون و پڕۆژەی پوتین لە ئۆكراینا.

بەر لە پوتین بە كاتێكی دوورودرێژ، ئەلیكسەندەر دۆغین فەیلەسووف و بیرمەندی ناوداری رووسیا، كە بە مێشكی پوتین دەناسرێت و كەسێكی نزیكی سەرۆكی رووسیایە، لە زۆرینەی نووسینەكانی داوای زیندووكردنەوەی پڕۆژەی نۆڤۆڕووسیای مێژووی دەكرد، ئەو پێی وابوو خاكی رووسای نوێ لە خاركۆڤەوە تا ئۆدیسا درێژ دەبێتەوە و بە نیوچە دوورگەی كرمیا تێپەڕ دەبێت، پێویستە ئەو خاكە بگەڕێتەوە سەر رووسیا، چونكە ئەوانە لە 1764ەوە لە سەردەمی "كاترینی مەزن"، هی ئیمپراتۆریەتی رووسیا بوونە و خەڵكی رەسەنی رووسیان تیادا بووە یان دۆستەكانی رووسیا، هەردووكیشیان خەڵكی رووسیای بچووك بوونە، ئۆكراینای ئێستە، كە باشووری ئیمپراتۆریەتی رووسیایان پێك هێناوە.   

هێرشی سەربازی رووسیا لە 24ی شوباتی رابردوو دەستی پێ كرد و هێشتا بەردەوامە، رووسیا دەیویست سەركەوتنێكی خێرا و شۆكهێنەر لەو وڵاتە تۆمار بكات، لە ماوەیەكی كەم دەست بەسەر كیێڤی پایەتەختدا بگرێت و حكوومەتێكی سەر بەخۆی لەوێ دابنێت و بیخاتەوە ژێر هەژموونی مۆسكۆ، بەڵام ئەمەریكا و رۆژئاوا رێگەیان نەدا و بە پاڵپشتی سەربازی بۆ ئۆكراینا و گەمارۆی ئابووری بۆ سەر مۆسكۆ تەواوی پلانەكەی پوتینیان گۆڕی. 

ئێستە پوتین هەوڵی كۆنترۆلكردنی ئەو ناوچانەی ئۆكراینا دەدات، كە بەشی زۆری كۆنترۆل كردووە و دەستی كردووە بە سەپاندنی مۆركی رووسی بەسەریاندا، وەك رێخۆشكردن بۆ گەڕاندنەوەیان بۆ سەر رووسیا یان كردنیان بە ناوچەی راستەوخۆ سەر بە مۆسكۆ، بۆیەیش كرملین رێوشوێنی توندی گرتووەتە بەر بۆ گۆڕینی ئەو ناوچانەی لە ئۆكراینا داگیریان كردووە بۆ ناوچەی رووسی لە رووی بەڕێوەچوونی كاروباری رۆژانە و كەشوهەوای گشتی شار و ناوچەكانی، لەوانەیش بەكارهێنانی رۆبڵی رووسی و وەستاندنی تەواوەتی پەخشی میدیاكانی ئۆكراینا، وەك لە راپۆرتێكی "Business Insider"ی ئەمەریكیدا هاتووە.  

سەرەڕای دەیان شكستی مەیدانی سوپای رووسیا لە ئۆكراینا لە ماوەی چەند هەفتەی رابردوودا، رووسیا بە هەنگاو كۆنترۆلی بەشێكی زۆری ئەو خاكی ئۆكراینای لە باشوور و رۆژهەڵاتدا كردووە، هاوكات رووسیا چاوی لەوەیە شوێن پێی لەو شارانەی ئۆكراینا قایم بكات كە تا ئێستە كۆنترۆلی كردوون، بۆیە سوپای رووسیا و لایەنگرانیان لەو ناوچانە دەستیان كردووە بە لابردنی ئاڵای ئۆكراینا لەسەر فەرمانگەكانی حكوومەت و گۆڕەپانەكان و لەشوێنی ئەوان ئاڵای رووسیا و یەكێتی سۆڤیەتیان داناوە. 

هەفتەی رابردوو میدیا فەرمییەكانی رووسیا رایان گەیاند كە لە شاری خێرسۆن دەست بە بەكارهێنانی رۆبڵ لە مامەڵەكان دەكەن لە بری دراوی ئۆكراینایی، كە كەوتووەتە 200 كیلۆمەتر لە رۆژهەڵاتی ئۆدیسا و نزیك لە دەریای رەش، یەكەم شار بوو لە سەرەتای ئاداری رابردوو كەوتە دەستی هێزەكانی رووسیا، ئەوەیش وەك دووپاتكردنەوەی باڵادەستیی رووسیا بەسەر ژیانی رۆژانەی شارەكە و راهێنانی خەڵكەكەی لەسەر بەكارهێنانی.   

جیا لەوە هێزەكانی رووسیا هێرشیان كردە سەر تاوەرەكانی پێوەندیكردنی خێرسۆن بۆ كۆنترۆلكردنی میدیاكان و ئەو زانیارییانەی بە خەڵكی شارەكە دەگەن و بۆ دابڕینیان لە دنیای دەرەوە، جیا لە بڕین و لاوازكردنی هیڵی ئینتەرنێت، لە بری ئەوە گەیاندنی پەخشی تەلەڤزیۆنی حكوومەتی رووسیا بۆیان كە لە مانگی رابردووەوە دەستی پێ كردووە، بەپێی زانیارییەكانیش رووسیا دەیەوێ بەمنزیكانە راپرسییەك بۆ دامەزراندنی كۆماری میللی خێرسۆن ئەنجام بدات، بە هاوشێوەی دۆنیتسك و لۆگانسك و نیوچە دوورگەی كرمیا.  

مانگی رابردوو رووسیا بەڕێوەبەری شارەوانی هینیچسكی كەناراوی لە هەرێمی خێرسۆن بە فەرماندەیەكی سەر بە مۆسكۆی لە نیوچە دوورگەی كرمیا گۆڕی، تا ئێستەیش چارەنووسی بەڕێوەبەر كۆنەكە نادیارە، جیا لەوە لە كۆتای مانگی رابردوو بەڕێوەبەری شارەوانی شاری خێرسۆن لە پۆستەكەی دوورخرایەوە و ئیگۆر كاتسیۆكیڤیچ، پەرلەمانتاری رووسی لە شوێنی دانرا، بەو شێوەیە زۆرینەی سەرۆك شارەوانییەكانی شار و شارۆكە و گوندە داگیركراوەكانی ئۆكراینا لادراون و كەسانی سەر بە رووسیایان تیادا دانراوە. 

لە دوای شۆڕشی ئۆكراینا لە 2014، زۆرینەی ئاڵا و پەیكەرەكانی سەردەمی یەكێتی سۆڤیەت لە گۆڕەپانەكانی ئۆكراینا لابران، كەچی دوای هێرشەكەی رووسیا، بەتایبەتی لەو ناوچانەی سوپای رووسیا كۆنترۆلی كردوون، ئاڵا و پەیكەرەكانی ڤلادیمێر لینین دانراونەتەوە، وەك ئاماژەیەك بۆ سەركەوتنی رووسیا.    



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل