مەسروور بارزانی: لە بواری بیناسازیدا چەند پرەنسیپێك هەن دەبێت لەبەرچاو بگیرێن

:: PM:01:05:23/05/2023 ‌
مەسروور بارزانی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، دوای كردنەوەی پێشانگەی بیناسازی و ئاوەدانكردنەوە، بەشداریی پانێڵكی كرد و رای گەیاند، لە بواری بیناسازیدا چەند پرەنسیپێك هەن دەبێت لەبەرچاو بگیرێن.

ئەمڕۆ سێشەم 23ـی ئایار، مەسروور بارزانی لە پانێڵێكی گفتوگۆ دوای كردنەوەی پێشانگەی بیناسازی لە هەولێر گوتی، لە بواری بیناسازیدا چەند پرەنسیپێك هەن دەبێت لەبەرچاو بگیرێن، لەوانە نرخی یەكەی نیشتەجێبوون و پێداویستی خەڵك كە دەبێت بەشێوەیەك بێت خەڵك بتوانن لێی سوودمەند بن.

باسی لەوەش كرد، داوایان لە وەزارەت و پسپۆڕەكانی خۆیان كردووە، ئەو ستانداردە جیهانییانەی رێپێدراون، تەنیا ئەوانە بەركار بن، هەروەها لە نووسینگەكەی خۆشم خەڵكمان هەیە بەدواداچوون بۆ كوالێتی باڵەخانەكان دەكەن.

روونی كردەوە، هەر باڵەخانەیەك لە كوردستان دروست دەكرێت پێویستە لەگەڵ سیمای شارەكاندا بگونجێت، چونكە ئێمە دەمانەوێت كوردستان ببێتە شوێنێكی دڵگیر.

سەرۆكی حكوومەت لە بەشێكی گفتوگۆكەی باسی كوالێتی پڕۆژەكانی كرد و رای گەیاند، نابێت كەمیی نرخ لەسەر حیسابی خراپی كوالێتی بێت، دەبێت كوالێتی بیناسازی زۆر لەبەرچاو بگیرێت و لە ئاستێك بێت خەڵك متمانەیان پێی هەبێت و توانای بەرگری هەبێت.

مەسروور بارزانی ئەوەشی خستەڕوو، تەنانەت ڕووبەری سەوزاییش دەبێت لەبەرچاو بگیرێت، بۆ ئەوەی تەنیا شارێكی كۆنكرێتی دروست نەكرێت، هەروەها پێویستە خزمەتگوزاری تایبەت بە خاوەن پێداویستی تایبەت لە باڵەخانەكاندا هەبێت.

"ئەو كەرەستەیەی لە باڵەخانەكاندا بەكار دێت، دەبێت لە كوالێتی دەرچووبێت، ئەگەر كەسێك بیەوێت فێڵ لەم جۆرە شتانەدا بكات، رێكاری یاسایی بەرانبەر دەگیرێتەبەر، بۆیە كاتێك هاووڵاتییەك دەیەوێت لە باڵەخانەیەكدا یەكەیەكی نیشتەجێبوون بكڕێت، ئێمە پێویستە ئەوەمان لەبەرچاو بێت، ئەو دەبێت دڵنیا بێت یەكەی نیشتەجێبوونەكەی سەلامەتە"، سەرۆكی حكوومەت وای گوت.

روونی كردەوە، لە حكوومەت بەرنامەی ئەوەیان هەیە كە 20 هەزار یەكەی نیشتەجێبوون بۆ كرێچییان و خێزانە كەمدەرامەتەكان دروست بكرێت، بەشێكی تریش دروستكردنی یەكەی نیشتەجێبوونە بۆ بنەماڵەی سەربەرزی شەهیدان، كە بێ بەرانبەر بۆیان دەبین دەكەن لە سەرجەم پارێزگاكانی هەرێمی كوردستان.



وشە - رامیار جەواد