سەرانى عێراق نایانەوێت لەگەڵ کوردستان ڕێک بکەون و مەبەستیان برسى کردنى خەڵکەكەیەتی

:: PM:09:05:01/09/2023 ‌
دوو بەرپرسى بزووتنەوە و زەحمەت کێشان پێیان وایە كە  عێراق دووژمنى کوردە و نایەوێت ڕێککەوتن بکات و پەرتەوازەیى ناوماڵى کوردیان قۆزتووەتەوە، هاوكات پێیان وایە كە  کاتى خۆڕێکخستنەوەو و ڕووخاندنى حکومەتی نوێی عێراقە ، ناکرێت حزبى کوردى لەناوخۆ هەبێت وەک کرم بنکۆڵى قەوارەکەمان بکات لە پشتەوە دەستی دوژمن بگرێت.

لەمبارەوە گۆران جەلال ئەندامى مەکتەبى سیاسى حزبى زەحمەتکێشانى کوردستان بە "وشە"ـى ڕاگەیاند، بنیاتى دەوڵەتى عێراق گرفتى تێدایە، لە کێشە سیاسییەکان ڕەنگدانەوەیان دەبێت، لە پاش ڕووخانى سەدام حوسێندا پێمان وابوو دەکرێت ئاڕاستەى نوێ لە سیاسەت كردن عێراق لەم  قۆناغەدا تێبپەڕێنێت، بەڵام دەرکەوت هەمان بیرکردنەوەى جاران لە حکوومڕانانى عێراقدا هەیە، ئەوەى ڕوودەدات لە نێوان هەولێر و بەغدا، عێراق سەربارى ئەوەى دەستوورى هەیە لە کەموکوڕى لە ماف و پێکهاتە و جێبەجێکردنى هەیە، هاوكات  خاوەنى سیادەى خۆى نییە تاکو سیاسەتەکانى خۆى جێبەجێ بکات".

ئەم بەرپرسەی حزبی زەحمەتكێشان زیاتر گوتى، ئەوەى دەگوزەرێت لەلایەنى عێراقەوە لە بارەى ماف و شایستەداراییەکانى کوردستان، نامۆ نی یە چونكە دەوڵەتی عێراق لەسەر بنەمایەكی دیموكراسیی بنیان تەندراوە و ئەم جۆرە بابەتانە بە درێژایی كات ئەگەری دووبارەبوونەوەیان هەیە. 

گۆران جەلال پێی وایە،   تاکە چارەسەر و هێز بۆ کوردستان یەکگرتوویى لایەنە سیاسییە کوردستانییەکانە و بۆ "وشە" گوتی پێویستە گوتارێکى نیشتمانى هاوبەشمان هەبێت، ئەوەى ئێستە هەیە ئاڕاستەکان پێچەوانەى یەکترى دەبینین".

زیاتر ئاماژەى بەوەکرد، پێویستە بۆ گفتوگۆ لەگەڵ بەغدا هەموو لایەنە سیاسییەکانى کوردستان پێکەوەبن و لە یەکبەرەدا، وەفدێکى پتەوبێت پێکەوە لەگەڵ بەغدا بڕۆنە گفتوگۆوە، چونکە بابەتەکە سیاسییە، بێگومان بەغدا تەمەناى ئەو دۆخەى دەکرد لە کوردستان هەبێت، وەک هەنگوینى دۆزیبێتەوە لە دار.

لای خۆشییەوە، سه‌عد مه‌لا عه‌بدوڵا گوڵپی ئه‌ندامی سه‌ركردایه‌تی بزووتنه‌وه‌ی ئیسلامی، به‌ "وشه‌"ی ڕاگه‌یاند، ئەودەردە کوشتندەیەى لە مێژووى کوردا هەیە بریتییە لە بێگانە پەرستى بەداخەوە هەندێک بوون بە داردەستى بێگانە بوونەتە خۆرەیەک بۆ ئەو بەشەى بەڕاستى کوردایەتى دەکات و خەبات دەکات بۆ گەلەکەى".

مەلا عەبدوڵا زیاتر گوتى، هەولێر لە پاش ڕووخانى حکوومەتى بەعس بووە هۆكاری ڕێکخستنەوەى حزبە شییعە و سوننەکان هەموو چوارساڵ جارێک لە هەولێر ڕێکدەخرانەوە حکوومەت پێک دەهێندرا، هەولێر بووبووە لانەى ئاشتى حزبەکانى عێراقى، بەڵام ئێستە سەرانى عێراق پشتییان لە کورد کردووە ئەوەیان بیرنایەت ئەوە کورد بوو ڕێکى خستوونەتەوە.

ئەم بەرپرسەی بزووتنەوە پێی وایە "ناکۆکى ناو ماڵى کوردى بووەتە هۆى ئەوەى دەسەڵاتدارانى عێراق داواکاری و فشارەکانیان لەسەر کوردستان زیاد بکەن، لەوەتەى عێراق هەیە دوژمنى کوردە ،بەڵام لایەن هەیە پشتیوانى دوژمن دەکات بۆ ملشکاندنى لایەنێکى ترى کوردى، ئەوەش هۆکارە بۆ لاوازى پێگەى کورد و زاڵبوونى لایەنى عێراقى، وەک بزووتنەوەى ئیسلامى لەگەڵ خەباتین بۆ بەهێز هێشتنەوەى قەوارەى کوردستان.

کۆمەڵێ کرم لە خۆمان هەوڵى کرمۆڵکردنى قەوارەى دەستوورى کوردستانن، بۆ لەدەست دانى قەوارەکەمان، بەدڵنیاییەوە کورد نەتەوەى دووەمە لە عێراقدا ، بە کشانەوەى سەرکۆمار و پەرلەمانتار و وەزیرەکان ڕاستەوخۆ حکوومەتى عێراق دەڕووخێت و هەڵدەوەشێتەوە داواى کشانەوە دەکەین چونکە لایەنى عێراقى نایانەوێت بێنە پێشەوە لەگەڵ کورد" سه‌عد مه‌لا عه‌بدوڵا گوڵپی  واى گوت".

هەڵەبجە \ عەزیز ڕەسووڵ


وشە - باز ئه‌حمه‌د