به‌رپرسێكی كۆمه‌ڵه‌: بەهێزترین چەکی ئێمە خەڵکی کوردستانی ئێرانە

:: PM:02:02:17/09/2023 ‌
دوو رۆژ ماوه‌ بۆ ئه‌و مۆڵه‌ته‌ی كه‌ كۆماری ئیسلامیی ئێران دایناوه‌ بۆ چه‌ككردنی هێزه‌كانی رۆژهه‌ڵات له‌ هه‌رێمی كوردستان، به‌رپرسی ئه‌منیه‌تی كۆمه‌ڵه‌ی شۆڕشگێڕی زه‌حمه‌تكێشانی كوردستان باس له‌وه‌ ده‌كات، ماوه‌یه‌ی كه‌ دانراوه‌ رێككه‌وتنی ئێران و عێراقه‌ و ئێران هه‌ر هه‌وڵێكی خراپی هه‌بێت وه‌ڵامی ده‌ده‌نه‌وه‌، به‌ڵام به‌ رێی تایبه‌تی، وه‌ك ئه‌وه‌ی دوێنێ له‌ شاره‌كانی رۆژهه‌ڵات بۆیان دووپات كرده‌وه‌.

به‌پێی هه‌واڵی میدیاكان بێت، ئێران هه‌وڵه‌كانی چڕ كردووه‌ته‌وه‌ بۆ چه‌ككردنی هێزه‌كانی رۆژهه‌ڵات له‌ هه‌رێم، به‌ڵام عه‌بدوڵا ئازه‌ربار به‌رپرسی ئه‌منیه‌تی كۆمه‌ڵه‌ی شۆڕشگێڕی زه‌حمه‌تكێشانی كوردستان، به‌ "وشه‌"ی راگه‌یاند، به‌ڵێنیان به‌ حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان داوه‌ هیچ جۆره‌ چالاكییه‌ك له‌ سنووره‌كانی هه‌رێم ئه‌نجام نه‌ده‌ن، ماوه‌یه‌ك پێش ئێسته‌ جووڵه‌یان به‌ هێزه‌كانیان له‌ سنوور كردووه‌ و ده‌شڵێت، ئێران هێرش بكات به‌ شێوازی خۆیان وه‌ڵامی ده‌ده‌نه‌وه‌ كه‌ هه‌میشه‌ ئێران لێی ترساوه‌.

ئه‌و روونی كرده‌وه‌، ئه‌وه‌ی له‌باره‌ی هێزه‌كانی رۆژهه‌ڵات له‌ میدیاكان باس ده‌كرێت هیچ بنه‌مایه‌كی نییه‌، ئه‌و كاته‌ی باس ده‌كرێت، واده‌ی ته‌واوبوونی ئه‌و مۆڵه‌ته‌یه‌ كه‌ له‌ رێككه‌وتنی عێراق و ئێران باس كراوه‌، ئاگاداری ورده‌كاریی ئه‌و رێككه‌وتنه‌ نین، به‌ڵام ئه‌وه‌ی به‌ ئه‌وان گوتراوه‌ ئه‌وه‌یه‌ ده‌بێت هێزه‌كانی رۆژهه‌ڵات چالاكیی خۆیان له‌ هه‌رێمی كوردستانه‌وه ‌له‌ سنووری خاكی ئێران رابگرن، نابێت هه‌رێم بكه‌نه‌ ناوچه‌یه‌ك بۆ هێرشكردنه‌ سه‌ر ئێران، ئه‌و قسانه‌ له‌لایه‌ن به‌رپرسانی هه‌رێم به‌ ئه‌وان گوتراوه‌ و ئه‌وانیش پابه‌ندی ئه‌وه‌ن و له‌ رووی یاساوه‌ هه‌قی خۆیانه‌.
گوتراوه‌ ده‌بێت هێزه‌كانی رۆژهه‌ڵات ‌له‌ سنووری خاكی ئێران چالاکییان رابگرن، نابێت هه‌رێم بكه‌نه‌ ناوچه‌یه‌ك بۆ هێرشكردنه‌ سه‌ر ئێران، ئه‌و قسانه‌ له‌لایه‌ن به‌رپرسانی هه‌رێم گوتراوە و ئێمەش پابەندین

ئازه‌ربار باسی له‌وه‌ش كرد، هه‌مووان پابه‌ندی ئه‌و خاڵانه‌ن، له‌به‌ر دۆخی هه‌رێمی كوردستان و له‌به‌ر هێزه‌كانی رۆژهه‌ڵاتیش چونكه‌ له‌ به‌رژه‌وه‌ندییان نییه‌، ئه‌وان زۆر له‌و چه‌كانه‌ گه‌وره‌تریان لایه‌ كه‌ ده‌توانن به‌ راگه‌یاندنێك له‌ كوردستان مانگرتن رابگه‌یه‌نن، چ كاریان به‌ چالاكییه‌كی بچووك و ته‌قه‌كردن هه‌یه‌، ئه‌وه‌ له‌ به‌رژه‌وه‌ندیی هه‌رێمی كوردستان نییه‌، ئه‌وه‌ی هه‌یه‌ هێزه‌كانیان له‌سه‌ر سنوور گواستووه‌ته‌وه‌‌، پێشتریش ئه‌و جێگۆڕكێیه‌ هه‌بووه‌ و ئه‌وه‌ سێیه‌م جاره‌ ئه‌و جێگۆڕكێیه‌ ده‌كه‌ن، به‌ڵام ئه‌وه‌ی ئه‌مجاره‌ به‌هۆی ئه‌وه‌یه‌ ئێران زۆر له‌ راگه‌یاندن باسی كرد هاوكات بوو له‌گه‌ڵ ئه‌و دۆخه‌، پێشتر هه‌رجاره‌ی هێزێكی رۆژهه‌ڵات جێگۆڕكێی به‌ هێزه‌كانی كردووه‌.

ئه‌و گوتی، له‌ زڕگوێز له‌ سلێمانی، له‌ سنووری سلێمانی له‌ ناوچه‌ی سورێن هێزیان هه‌بوو، به‌ڵام پێنج ساڵ پێش ئێسته‌ له‌سه‌ر داواكاریی هه‌رێم له‌وێ كشاونه‌ته‌وه‌، له‌ كه‌ركووك بوون به‌شداریی شه‌ڕی داعشیان كردووه‌ به‌ رێككه‌وتنی هه‌رێم رۆیشتوون و دواتر گه‌ڕاونه‌ته‌وه‌، هیچ كارێكیان به‌ نهێنی نه‌كردووه‌، له‌ هه‌ڵگورد بوون و  به‌ئاشكرا له‌وێن و هاتوچۆیان كردووه‌، له‌ سنووری هه‌ڵگورد جێگۆڕكێیان كردووه‌ و هاتوونه‌ته‌ جێیه‌كی تر بۆ ئه‌وه‌ی به‌هانه‌بڕی كۆماری ئیسلامی ئێران بكات و كه‌سیش به‌هۆی ئه‌وانه‌وه‌ ماڵی وێران نه‌بێت.

ئه‌و به‌رپرسه‌ی كۆمه‌ڵه‌ی شۆڕشگێڕی زه‌حمه‌تكێشانی كوردستان ئاماژه‌ی دا، كۆمه‌ڵه‌ چه‌ك نه‌كراوه‌، به‌ڵكو دوای ئه‌و كێشانه‌ی دروست بوون له‌ ماوه‌ی رابردوو كه‌ قوربانی لێ كه‌وته‌وه‌، هێزێك له‌ سلێمانی چووه‌ ناوچه‌كه‌ و ئه‌وانه‌ی له‌و ده‌وروبه‌ره‌ بوون، هێزی ئاسایش چووه‌‌ شوێنه‌كه‌ و چه‌كه‌كانیان لێ وه‌رگرتن و كه‌یسه‌كه‌ پێویستی به‌و ته‌قه‌كردنه‌ هه‌بوو.

ئه‌و ده‌ڵێت، ''به‌ هیچ شێوه‌یه‌ك پابه‌ندی چه‌كدانان نابین و چه‌كیشمان دانه‌ناوه‌ تا ئه‌م كاته‌، چه‌كدانان له‌لایه‌ن ئێمه‌وه‌ هێڵی سووره‌، به‌ڵام به‌ هه‌موو شێوه‌یه‌ك دۆخه‌كه‌ له‌به‌رچاو ده‌گرین و له‌ سنووره‌كان مانۆڕ ناكه‌ین.

وه‌ك زیاتر خستیه‌ روو، هیچ هێزێكی رۆژهه‌ڵات چه‌ك نه‌كراوه‌ و چه‌كی لێ وه‌رنه‌گیراوه‌ و ئاگاداری هه‌موو هێزه‌كانی رۆژهه‌ڵاته‌، ئه‌گه‌ر ئێران ویستێكی خراپی هه‌بێت و بیه‌وێت لێیان بدات به‌ هێرشی زه‌وینی یان درۆن و فڕۆكه‌، ئه‌گه‌ر كه‌سێك بێته‌ سه‌ریان وه‌ڵامیان هه‌یه‌، ئه‌گه‌ر به‌ درۆن لێیان بدات خۆ ئێمه‌ درۆنمان نییه‌، كاردانه‌وه‌كانیان سه‌ربازی نابن و چالاكیی سه‌ربازی ناكه‌ن، چونكه‌ به‌ڵێنیان به‌ هه‌رێم داوه‌، به‌ڵام چه‌كی گه‌وره‌ی ئه‌وان خه‌ڵكه‌، خه‌ڵك ده‌به‌نه‌ سه‌ر شه‌قام، ئه‌و حزبانه‌ پێگه‌ی جه‌ماوه‌ریی خۆیان هه‌یه‌ له‌ناو خه‌ڵكی خۆیان و دوێنێش له‌ ساڵیادی ژینا ئه‌وه‌یان سه‌لماند، ئێران خۆی ده‌زانێت ئه‌وه‌ی له‌ هه‌رێم ده‌یبینێت، وه‌ك كێوی سه‌هۆڵه‌كه‌ وایه‌، ته‌نیا نووكی كێوه‌ سه‌هۆڵییه‌كه‌ له‌ هه‌رێم‌ه‌، ئه‌وه‌ی كه‌ بنه‌كه‌یه‌تی ئه‌و خه‌ڵكه‌یه‌ كه‌ له‌ خاكی كوردستانی ئێرانه‌.

وشه‌/ تایبه‌ت


وشە - تایبه‌ت