هێرشی میلیشیاكان بۆ سەر ئەمەریكا بۆچی وەستا؟

:: PM:06:57:28/11/2023 ‌

هاوكات لەگەڵ جێبەجێكردنی ئاگربەستی كاتی لە غەزە لە 24ی ئەم مانگە، هێرشی میلیشیاكانی عێراقیش بۆ سەر هێزەكانی ئەمەریكا لە عێراق و سووریا وەستا، بەر لە وەستانەكە ئەمەریكا چەند گورزێكی گەورەی لە میلیشیاكان سرەواند و شارەزایان پێشبینیی كردنەئامانجی چەند فەرماندەیەكی میلیشیاكانیان بە هاوشێوەی قاسم سلێمانی كرد، بۆیە ئاگربەستی مرۆیی لە غەزە هەلێك بوو بۆ ئەو میلیشیایانە كە بەو پاساوە هێرشەكان بوەستێنن.

بە دیوی ئەو میلیشیایانەوە سەبارەت بە هۆكاری وەستانی هێرشەكانیان باسێكی ترە، ئەوان دەڵێن، وەستانی هێرشەكان دوای راگەیاندنی ئاگربەستی غەزە هاتووە و دەست پێكردنەوەشیان پێوەستە بە دەست پێكردنەوەی شەڕی غەزە، كەریم محەمەداوی، ئەندامی لیژنەی ئاسایش و بەرگری لە پەرلەمانی عێراق سەر بە باڵی سیاسیی یەكێك لە میلیشیاكان دەڵێت، دەست پێكردنی هێرشی سەر هێزەكانی ئەمەریكا لە لایەن گرووپەكان بۆ پاڵپشتیی غەزە بوو، كاتێك واشنتن پاڵپشتیی لە ئیسرائیل كرد.

روونی كردەوە، بۆیە وەستانی ئێستەی هێرشەكان بەهۆی ئاگربەستەكەی غەزەیە و لە حاڵەتی دەست پێكردنەوەی شەڕ لە لایەن ئیسرائیلەوە، گرووپەكانیش دەست بە هێرشەكانیان بۆ سەر ئەمەریكا دەكەنەوە.

لە 17ی تشرینی یەكەمی رابردوو، میلیشیا شیعەكانی عێراق نزیك لە ئێران دەستیان بە هێرشكردنە سەر بنكە سەربازییەكانی ئەمەریكا لە عێراق و سووریا كرد و زیاتر لە 70 هێرشیان بە مووشەك و درۆنی بۆمبڕێژكراو ئەنجام دا، سەرووی 50 سەربازی ئەمەریكا بەو هۆیەوە بریندار بوون، ئەوەش ئەمەریكای نیگەران كرد و لە دوو هەفتەی دوایی دوو گورزی گەورەی لە میلیشیاكان وشاند و نۆ چەكداری كوشتن و شەشیشی بریندار كردن، جیا لەوە درۆنەكان بەسەر ماڵی سەرۆك وەزیرانی عێراق و چەند بەرپرسێكی میلیشیاكان سووڕایەوە، ئەوەش وای كرد كە چاودێران پێشبینیی وەڵامدانەوەی توندتری ئەمەریكا بكەن.  

دوای ئەوەی لە 24ی ئەم مانگە هێرشی میلیشیاكان بۆ سەر هێزەكانی ئەمەریكا لە عێراق و سووریا وەستا، كە هاوكات بوو لەگەڵ ئاگربەستەكەی غەزە، چەند بۆچوونێكی تر بۆ هۆكاری ئەو وەستانە خرانە روو، لەوانە گۆڕانی ستراتیجیەتی ئەمەریكا لە پشتبەستن بە سوودانی بۆ جێبەجێكردنی پابەندییەكانی بە پاراستنی بەرژەوەندییەكانی ئەمەریكا لە عێراق و گوشاركردن لە میلیشیاكان بۆ وەستانی هێرشەكانیان، بەڵام لە یەكێك لە دیدارەكانی دوایی ئالینا رۆمانۆوسكی، باڵوێزی ئەمەریكا لەگەڵ سوودانی، بە ئاشكرا باسی ئەوەی كردووە كە ئەگەر ئەو ناتوانێت ئەو كارە بكات، خۆیان وەڵامیان دەبێ و دەتوانن بەرپەرچی میلیشیاكان بدەنەوە.

سەلام حوسێنی سەركردەیەكی بەرەی "رەفز"ە، دەڵێت، رێككەوتنێك لە نێوان ئەمەریكا و میلیشیاكان لەبارەی بۆردمانی بنكە سەربازییەكانی ئەمەریكا لە عێراق هەیە، ئەو لە پڕۆگرامێكی تەلەڤزیۆنیدا ئاشكرای كرد كە هێرشەكانی بەرەی (بەرگریكاری) لە عێراق خەیاڵە و راستی نییە، تەنیا بەیاننامە و نووسراوی راگەینداروە، چونكە رێككەوتن لە نێوان ئەمەریكا و میلیشیاكان لەبارەی بۆردمانەكان هەیە، قسەكانی دوایی قەیس خەزعەلی، ئەمینداری گشتیی عەسائیب ئەهلولحەقیش وەك گلەییەكە لە ئەمەریكا.

دوای راگەیاندنی ئاگربەستی غەزە، حوسێن ئەمیر عەبدوڵاهیان، وەزیری دەرەوەی ئێران وریایی لە شكاندنی ئاگربەستی غەزە دا و گوتی، گرووپە چەكدارەكانی عێراق و لبنان و سووریا و یەمەن تەنیا وەك تەماشاكار بۆ رووداوەكانی غەزە ناوەستن، پێشتر وریاییمان دا ئەگەر شەڕ بەردەوام بێت بەرەی تری لێ دەبێتەوە.

دووپاتی كردەوە كە گرووپە چەكدارەكان بۆ ئێمە كار ناكەن و بۆ بەرژەوەندیی وڵاتەكانیان كار دەكەن، لە عێراق و سووریا چەند گرووپێك هەن كە لە وەستانەوەی لە دژی ئەمەریكا خاوەن بڕیاری خۆیانن و ناكەونە ژێر فەرمانی ئێران، راشی گەیاند كە عێراق لەپێناو سەربەخۆیی خۆی هێرش دەكاتە سەر بنكەكانی ئەمەریكا لە عێراق و سووریا، هەروەها ناكرێ عێراقی و لبنانی و سووری و یەمەنییەكان وەك تەماشاكار بۆ دۆخی غەزە بوەستن، بۆیە ئەگەر ئاگربەستەكە بەردەوام نەبێت، دۆخی ناوچەكە دەگۆڕێت و بازنەی شەڕەكە فرەوان دەبێت.

لای خۆیەوە نزار حەیدەر، سیاسەتوانێكی عێراقییە لە واشنتن گوتی، سەرۆك وەزیرانی عێراق زانیاری بە هێرشەكەی ئەمەریكا بۆ سەر میلیشیاكان هەبوو، بەیاننامەی حكوومەتی عێراقیش لەبارەی بێئاگاییان لە كردنەئامانجی میلیشیاكان لە لایەن ئەمەریكاوە راست نییە، چونكە زانیاری و سەرچاوەكان دووپاتی دەكەنەوە كە باڵوێزی ئەمەریكا لە كۆبوونەوەی بەر لە رۆژێك لە هێرشەكە لەگەڵ سوودانی، ئەنجامدانی ئەو هێرشانەی پێ راگەیاندووە، ئەوەش دوای ئەوەی حكوومەتەكەی نەیتوانیوە پابەندی بەڵێنەكانی بێت.

زیاتر روونی كردەوە، تویتەكەی باڵوێزی ئەمەریكا كە باسی كۆبوونەوەی لەگەڵ سوودانی كرد، روون و ئاشكرا بوو و باسی ئەوەی كرد لەگەڵ سوودانی گفتوگۆیان لەسەر هەنگاوەكانی حكوومەتی عێراق بۆ رێگرتن لە هێرشەكانی سەر ئەمەریكا كردووە، هەروەها ماوەی زیاتر لە مانگێگە ئەمەریكا بیر عێراق دێنێتەوە كە پابەندیی بە پاراستنی ئەندامانی هێزی هاوپەیمانان هەیە ، كە لەسەر داوای حكوومەتی عێراق لەوێن، یان چاوەڕوانی دووبارەبوونەوەی هێرشەكەی فڕۆكەخانە بكات، وەك ئاماژەیەك بۆ كوشتنی قاسم سلێمانی و ئەبو مەهدی موهەندیس لە سەرەتای 2020.



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل