تەیڵێر سویفت گەشتی كۆنسێرتەكانی لەمساڵدا بە بڕی 1.04 ملیار دۆلار بووە

:: AM:11:23:10/12/2023 ‌
بەپێی ڕاپۆرتێكی پۆڵستار كە بڵاوكراوەیەكی بازرگانییە بۆ پیشەسازیی كۆنسێرت و موزیكی ڕاستەوخۆ، گەشتی كۆنسێرتی گورانیبێژی ئەمەریكایی، تەیڵێر سویفت یەكەم گەشتە كە ڕێژەی ملیار دۆلاری تێپەڕاندووە.

ڕاپۆرتەكەی ئەو بڵاوكراوە بازرگانییە دەریخستووە، گەشتی كۆنسێرتیEras ی ئەو گۆرانیبێژە نەك تەنیا لە ئەمەریكا و هەموو دنیا پلەی یەكەمی بەدەست هێناوە، بەڵكو داهاتەكەشی بە بڕی 1.04 ملیار دۆلار بووە كە ئاستێكی بێ وێنەیە لە هەموو دنیادا.

تەیڵێر سویفت ئەستێرەی موزیكی پاپ كە بە بڵاوكردنەوەی ئەلبوومە نوێیەكەی و هەروەها گەشتە جیهانییەكەی، بۆ بەڕێوەبردنی كۆنسێرتەكانی، سەرنجێكی زۆری بۆ لای خۆی ڕاكێشاوە، شەشی ئەم مانگە لەلایەن گۆڤاری تایمەوە وەك كەسایەتیی ساڵی 2023 هاتە هەڵبژاردن.

ئەم گۆرانیبێژە ئەمەریكاییە لە تەمەنی 33 ساڵیدا ژمارەی پێوانەیی نوێی لە دنیای موزیكدا بۆ خۆی تۆمار كردووە.

تەیڵێر سویفت لە گەشتە جیهانییەكەیدا بە ناوی (Eras) كە لە مانگی سێی ساڵی ڕابردووەوە دەستی پێ كردووە، توانیویەتی سەركەوتنێكی سەرسوڕهێنەرانە لە پیشەسازی موزیكدا بەدەست بهێنێت، بەجۆرێك بەشێك لە بەرپرسانی ئەمەریكا ڕایان گەیاندووە، فرۆشتنی بلیتی كۆنسێرتەكانی ئەو ئەستێرەی پاپە، كەرتی پیشەسازیی گەشتیاری نیشتمانی ئەمەریكای پێشخستووە.





وشە - سۆران عەزیز