كەركووكییەكان متمانە بە شاسوار ناكەن.. چییان بۆ ئامادە كردووە؟

:: PM:09:46:10/12/2023 ‌

شاسوار عەبدولواحید، متمانەی بە جووڵانەوەكەی نییە و خەڵكی كەركووكیش هیچ متمانەیەكیان بەو حزبە نییە كە لە لایەن خۆی و خوشك و برا و ژنەكەیەوە بەڕێوە دەچێت، ئەو تەنیا سێ كاندیدی بۆ هەڵبژاردنی پارێزگەكان لە كەركووك هەیە، كەچی كەركووكییەكان سوپرایزیان بۆ ئەویش ئامادە كردووە و متمانەی خۆیان نابەخشنە هەموو هێزێك.

بڕیارە یەكشەمی هەفتەی داهاتوو هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگەكانی عێراق ساز بكرێت، كە لە پارێزگەی كەركووكیش هەڵبژاردنەكە بەڕێوە دەچێت، لەوكاتەی نەوەی نوێ تا ئێستە هێزێكە كە هیچ قورساییەكی لەو شارەدا نییە و كەمترین خەڵك پێشوازی لە كاندیدەكانی كردووە، لە لایەكی تر شاسوار كە دەزانێت خەڵكی كەركووك حیسابی بۆ ناكەن و متمانەی لای ئەوان نییە، تەنیا بۆ چەواشەكاری، سێ كاندیدی داناوە و باسی بردنەوەی پارێزگاری كەركووكیش دەكات.

مەهدی كاكەیی، رۆشنبیرێكی كەركووك بە "وشە"ی راگەیاند، نەوەی نوێ هیچ متمانە و قورساییەكی لە پارێزگەی كەركووك نییە، ئەوان كاری هەمیشەییان موزایەدە و خۆڵكردنە چاوی خەڵكییە، بەڵام خەڵكی شاری كەركووك چاوكراوەن و وەك ناوچەكانی تر نین، باش لە نیازی ئەو جووڵانەوەیە و سەرۆكەكەی تێگەیشتوون، كە خەریكی چەواشەكارییە، بۆیە جووڵانەوەكە هیچ شانازییەكی لە كەركووك نییە و هیچی بۆ خەڵكەكە نەكردووە، كەواتە خەڵكی شارەكە نەوەی نوێیان لەو هەڵبژاردنە فەرامۆش كردووە.

زیاتر گوتی، نەوەی نوێ هیچ بیرێكی نەتەوەیی بۆ كەركووك نییە، كاتێك خەڵكی شارەكە هێزێكی دەوێت نەتەوەیی بێت، دەیانەوێت رۆژێك لە رۆژان شارەكە بگەڕێتەوە باوەشی كوردستان، بەڵام نەوەی نوێ دەستی لەگەڵ نەیار و دوژمنانی كەركووك و كوردستان تێكەڵ كردووە، بۆیە مایەی پێكەنینە كە ئەوانە بە سێ كاندیدەوە دەڵێن پارێزگار و كەركووكیش دەبەینەوە، لەكاتێكدا بۆ بردنەوەی پارێزگاكە دەبێت هەشت كورسییان هەبێت، ئەوانە یەك كورسیش ناهێنن.

ئەو رۆشنبیرەی كەركووك باسی لەوەش كرد، جووڵانەوەكە گاڵتە بە خەڵكی شارەكە و هەستی كەركووكییەكان دەكات، بەوەی دەڵێت بە سێ كاندید كەركووك دەبەینەوە، ئەوانە چونكە لە ناو خۆیاندا متمانەیان بە یەكتری نییە و لە دەرەوەش كەس متمانەیان پێ ناكات، بۆ ئەوەی شكستەكەیان پەردەپۆش بكەن نەیانوێراوە بچن ركابەری هەڵبژاردن بكەن، كەركووكییەكان باش لەوانە گەیشتوون، بۆیە روو دەكەنە هەر شوێنێك حیسابیان بۆ ناكرێت.

لای خۆیەوە ئارەزوو جەبار، كاندیدی پارتی لە كەركووك بە "وشە"ی گوت، نەوەی نوێ دەیەوێ یاری بە هەستی خەڵكی كەركووك بكات، هاتووە وا قسە دەكات كە لە كەركووك گۆڕانكاری بە دەستی ئەوانە، ئەمە گاڵتەجارییەكەی نەوەی نوێیە، بۆیە كەركووك كەركووكە و شاری تر نییە بەو جۆرە قسەی لەسەر بكەی و بە چەند كاندیدێكەوە، كە خۆیان و جووڵانەوەكەشیان خاوەنی یەك خولەك شانازی نین بۆ كەركوكییەكان.

 "ئەوان ئەگەر خاوەن متمانە بوونایە چەندان كاندیدیان دەبوو، بەڵام لە ناو خۆیاندا متمانەیان نییە و خەڵكیش متمانەیان پێ ناكات، بۆیە بۆ ئەوەی شكستی گەورەی خۆیان بشارنەوە، هاتوون تەنیا بۆ ئەوەی خەڵك بڵێ لە هەڵبژاردن بەشدار بوون، دوو سێ كاندیدیان هێناوە، بۆیە نەوەی نوێ لە كەركووك حیساب بۆ نەكراوە و خاوەن متمانە و بەهێز نییە و هەڵبژاردن لە كەركووك دەدۆڕێنن"، ئارەزوو جەبار وای گوت.

لەوبارەوە رێبین سالم، چاودێری سیاسی لە كەركووك بۆ "وشە" ئاماژەی كرد، نەوەی نوێ و سەرۆكەكەی لای كەركووكییەكان حیساب بۆ نەكراون، ئەوان بە قسەی باق و بریق و هەندێك شت هەڵناخەڵەتێن، ئەو شارە و خەڵكەكەی هێزێكیان ناوێت لە كاتی هەڵبژاردندا دەست بە قسە بكات و دوای هەڵبژاردنیش بۆی دەرچێت، كەركوكییەكان سروشتیان بەو جۆرەیە كە هێزی نەتەوەییان دەوێت، چونكە خۆیان نەتەوەیین.

دووپاتی كردەوە، كەركووكییەكان بە حیسابی سەر شاشە و فەیسبووك هەڵناخەڵەتێن، ئەمە شارەكانی تری كوردستان نییە بە موزایەدە كار بكەیت، كەركووك واتە نەتەوەییبوون و خاكی بوون، لەوكاتەی ئەو جووڵانەوەیە شانازییەكی هێندەی منداڵێكی شارەكەی نییە.

وشە/ تایبەت 



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل