هەوڵەكانی عەرەب و توركمان بۆ زەوتكردنی كەركووك بەردەوامە

:: PM:05:43:07/02/2024 ‌

دوای ئەوەی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگەكانی عێراق لە 18ی كانوونی یەكەمی رابردوو ساز كرا و كورد لە كەركووك توانی ئەنجامێكی باش دەستەبەر بكات و لە كۆی 16 كورسی ئەنجوومەنی كەركووك، حەوت كورسی بەدەست هێنا، لەگەڵ كورسی كۆتای كریستیان كە لە كوردەوە نزیكە دەبێتە هەشت كورسی، بەڵام عەرەب و توركمان كە خاوەن هەشت كورسین، سەرەرای بێمتمانەیی بە یەكتر، بەڵام بۆ بەدەستهێنانی دەستكەوتی زیاتر دیاریكردنی پۆستی پارێزگار دوا دەخەن.  

عەرەب و توركمان لە كەركووك بە سوودبینین لەو بنەمایەی لە كەركووك پێڕەو دەكرێت، واتە پێویستی بەشداریی هەموو پێكهاتەكان لە حكوومەتی ناوخۆیی ئەو پارێزگەیە، كە لە 2017ەوە لە دوای ناپاكییەكەی 16ی ئۆكتبەر لەلایەن عەرەبێكی سوننە بە وەكالەت بەڕێوە دەبرێت، لەوكاتەی پۆستەكە هی كورد بوو، ئێستە دەیانەوێ كورد لە براوە لە كەركووك بكەن بە هاوبەش لە تەواوی پۆستەكانی ئەو پارێزگەیە، تەنانەت پۆستی پارێزگاریش.

دوای ئەوەی لە چەند رۆژی رابردوو ئەنجوومەنی پارێزگەی كەركووك بەهۆی بایكۆتی عەرەب و توركمان نەیتوانی یەكەم دانیشتنی بۆ هەڵبژاردنی پارێزگار و سەرۆكی ئەنجوومەنی پارێزگە دیاری بكات، فەوزی ئەكرەم تورزی، سەركردەی توركمان لە كەركووك ئاماژەی بۆ بوونی چارەسەرێك بۆ ئەو دۆخەی كەركووك كرد.  

تورزی دەڵێت، ئێمە هەوڵەكانی گەڕاندنەوەی كورد بۆ چوارگۆشەی یەكەم لە رێگەی گەڕانەوەی هێزی پێشمەرگە و ئاسایش و دەسەڵاتی كوردی بۆ پارێزگەكە رەت دەكەینەوە، دووپاتی كردەوە كە هەندێك حزب هەن كە باوەڕیان بە عێراقیبوونی كەركووك نییە، هەموو ئەو قسانەی لەگەڵ كورد، بەتایبەتی پارتی دیموكراتی كوردستانە بەهۆی هەڵوێستە نەتەوەییەكانییەوە.

ئەو سەركردە توركمانە ئاماژەی كرد، ئێمە قبووڵ ناكەین پۆستی پارێزگاری كەركووك تایبەت بێت بە كورد، چونكە كەركووك هی هەموو كەركووكییەكانە و بۆ ئەوانەیە كە بەیەكسانی مامەڵە لەگەڵ هەمووان دەكەن و نایانەوێ ناسنامەی شارەكە بسڕنەوە، بۆیە چارەسەر دابەشكردنی پۆستەكانی كەركووكە لە رووەكانی ئیداری و تەناهی بە رێژەی 32% بۆ هەر پێكهاتەیەك، جیا لە دابەشكردنی پۆستی پارێزگار بەسەر سێ ماوەی یەكسان بۆ هەریەك لەو سێ پێكهاتەیە.

دووشەمی رابردوو ئەندامانی كورد و كریستیان لە ئەنجوومەنی پارێزگەی كەركووك ئامادە بوون بۆ سازكردنی دانیشتنی ئەنجوومەنەكە و هەڵبژاردنی پارێزگار و سەرۆكی ئەنجوومەنی پارێزگەكە، بەڵام بەهۆی ئامادەنەبوونی ئەندامانی عەرەب و توركمان، نەتوانرا دانیشتنەكە ساز بكرێت، ئەوەش دوای رۆژێك لە كۆبوونەوەیەكی باڵای یەكێتی و پارتی و بڕیاردانیان بەوەی پێویستە پارێزگاری كەركووك كورد بێت. 

ئێستە دۆخەكە لە كەركووك ئاڵۆزە، چونكە كورد و كریستیان بەیەكەوە خاوەنی هەشت كورسین و عەرەب و توركمانیش بەیەكەوە خاوەنی هەمان ژمارەی كورسین، بۆیە كەسیان ناتوانێت بێ ئەوەیتریان پارێزگار دیاری بكات، ئەگەرچی تا ئێستە گفتوگۆكان بۆ چارەسەركردنی دۆخی شارەكە بەردەوامە.  

كورد دەیەوێ هەموو پێكهاتەكانی كەركووك لە كۆبوونەوەی ئەنجوومەنی پارێزگە بەشداری بكەن، هاوكات پێویستە پۆستی پارێزگار بۆ كورد بێت، محەمەد كەمال، بەرپرسی لقی پارتی لە كەركووك دەڵێت، یاسای هەڵبژاردنەكان جێبەجێكردنی بنەمای سازان و رێككەوتن لە پێكهێنانی حكوومەتی ناوخۆیی كەركووك دەسەپێنێت، بۆیە هیچ پێكهاتەیەك ناتوانێت بەتەنیا ئیداری پارێزگەكە بكات و حكوومەتەكەی پێك بێنێت.

روونی كردەوە، ئەگەر كورد لە كەركووك لە كۆی 16 كورسی 15 كورسیشی بەدەست هێنابووایە، نەیدەتوانی بەتەنیا هەموو پۆستەكان پڕ بكاتەوە، بۆیە چارەسەر سازان و رێككەوتنە، بەشێوەیەك پۆستەكان بە هەنگاو و بە بەشداری هەرچوار پێكهاتەی كورد و عەرەب و توركمان و كریستیان دیاری بكرێن، بۆ نموونە ئەگەر پارێزگار كورد بێت، پێویستە پۆستەكانیتری وەك سەرۆكی ئەنجوومەن و جێگرانیان لە هەموو پێكهاتەكان بن.  

مانگی رابردوو ئەرشەد ساڵحی، پەرلەمانتاری عێراق سەر بە بەرەی توركمانی لە بەیاننامەیەكدا پێشنیازی ئەوەی كرد كە پۆستی پارێزگاری كەركووك ببێتە خولی لەنێوان هەموو پێكهاتەكان، واتە 16 مانگ لای هەر پێكهاتەیەك بێت، هاوكات نەجات حوسێن، ئەندامی پێشووتری ئەنجوومەنی كەركووك لە پێكهاتەی توركمان ئاماژە كرد، كورد بەو حەوت كورسییەی هەیانە لەگەڵ كورسیی كۆتای كریستیانەكان، كە ئەویش لە چوارچێوەی هاوپەیمانیی كوردە، ناچنە ناو هیچ هاوپەیمانیەتێكی تر و هیچ ئەندامێكیان بەرەو هاوپەیمانیەتییەكانی تر ناچن، بەڵام هاوپەیمانیی عەرەبی، كە خاوەنی شەش كورسییە، پێویستی بە هاوپەیمانیكردن لەگەڵ توركمان هەیە، كە ئەوان سەنگی هاوسەنگكردنی هاوكێشەكەن بۆ پێكهێنانی حكوومەتی ناوخۆی كەركووك.

حوسێن داوای لە پێكهاتەی توركمان كرد كە خۆیان لە پێوەدانێكی تری عەرەب بپارێزن، دوای ئەوەی لە 2007 دوای رێككەوتنی عەرەب و توركمان بۆ پاشەكشەكردن لە ئەنجوومەنی پارێزگەی كەركووك رێك كەوتن، بەڵام عەرەب توركمانیان جێهێشت و بەتەنیا گەڕانەوە ئەنجوومەنەكە، لەوكاتەی چوونیان بۆ هاوپەیمانیكردن لەگەڵ كورد، وا دەكات پۆستی سەرۆكی ئەنجوومەنی پارێزگە وەربگرن، ئەوكات عەرەب پۆستی جێگری پارێزگاریان دەبێت، بەڵام بابەتەكە دەوەستێتە سەر بڕیاری سەركردایەتیی توركمان لە كەركووك.



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل