بەشداریی كورد لە چالاكییە جیهانییەكان مانای بەهێزیی پێگەی هەرێم و حكوومەتەكەیەتی"

:: PM:09:41:17/02/2024 ‌

لە ماوەی دوایی سەرەڕای سیاسەت و گوشارە نامرۆییەكانی بەغدا بۆ سەر هەرێم بۆ لاوازكردنی حكوومەت و نەهێشتنی متمانەی خەڵك بە حكوومەت و قەوارەی هەرێمی كوردستان، بەڵام جموجۆڵێكی بەهێزی دیپلۆماسی لەلایەن بەرپرسانی باڵای هەرێمەوە هەیە، بەر لە چەند رۆژێك لە ئیمارات كۆڕبەندی جیهانیی حكوومەتەكان هاتە سازكردن و سەرۆكی حكوومەتی هەرێم بەشداری تیادا كرد و پەیامی كوردستانیانی بە دنیا گەیاند، لەم چەند رۆژەش سەرۆكی هەرێمی كوردستانی بەشداری لە كۆڕبەندی میوشن لە ئەڵمانیا دەكات. 

بە بۆچوونی زۆرینەی شارەزایان، هەركاتێك كورد بەشداری لە كۆڕبەند و كۆنفرانسە جیهانییەكان لەسەر بابەتەكانی كەشوهەوا و تەناهی و تیرۆر و ئابووری دەكات، مانای وایە كورد وەك نەتەوە و قەوارە گرنگە و حیسابی بۆ كراوە، ئەوان پێیان وایە، بەشداریی كورد لەو پرسە جیهانییانە، مانای حیسابكرنە بۆ هەرێمی كوردستان، بەوەی كورد یەكێكە لەو كارەكتەرانەی كە پێویستە لە پرسە گرنگەكان بەشداری هەبێت.

پێوەست بە پرسە نەزاكەت حەمەسەعید، مامۆستای زانكۆی سلێمانی بە "وشە"ی راگەیاند، دیپلۆماسیەت یەكێكە لەو هێزانەی هەر دەوڵەت و حكوومەتێك دەتوانێت وەك هەر هێزێكی تر بەكاری بێنێت، چونكە بەرزیی ئاستی هەر گەل و حكوومەتێك نیشانەی بەهێزیی ئەو حكوومەتەیە لەسەر ئاستە نێودەوڵەتییەكان، بۆیە كاتێك كورد لە كۆڕبەند و كۆنفرانسە جیهانییەكان لەسەر بابەتەكانی كەشوهەوا و تەناهی و تیرۆر و ئابووری بەشداری دەكات، مانای وایە كورد گرنگە، لەكاتێكدا خاوەنی دەوڵەت نین، بەڵام نیشانەی ئەوەیە ئەو حكوومەتە لە ئاست دەوڵەتەكاندایە.

باسی لەوەش كرد، مانای وایە كورد لە پێشكەوتن و گەشەسەندندایە و وەك دەوڵەت مامەڵەی لەگەڵدا دەكرێت و حیسابی بۆ دەكرێت، بەتایبەتی ئەو بەشدارییانەی لووتكەی عەرەبی، كۆنفرانسی میونشن، و كۆڕبەندەكانی تر، هەموو ئەوانە پێمان دەڵێن كە كورد لە ئاستە نێودەڵەتییەكان پێگەی دیپلۆماسیەتی بەهێزە، هێزی دیپلۆماسیش یەكێكە لەو هێزانەی كورد بەكاری دەهێنێت، ئەوەش هەنگاوێكی گرنگە بۆ لێكتێگەیشتنەكان و بۆ دروستكردنی پشتیوانی، هەروەها بۆ گەیاندنی مافە رەوانەكان و ئەو ناهەقی و نادادییانەی بەرانبەری دەكرێت.

"ئێستە كورد لە پێگەیەكی زۆر بەرزدایە، چەند ساڵێكە هەرێمی كوردستان خاوەن پێگەی بەهێزە، ئەوەش نیشانەی ئەوەیە دەوڵەتان چاویان لە هەرێمی كوردستان و لە ئایندەی جیهان و لە بەشداریكردنی لە چارەسەری كێشە جیهانییەكان و لێكتێگەیشتنەكان هەیە، پێیان وایە هەرێمی كوردستان لە ئاستە نێودەوڵەتییەكان توانای بینینی رۆڵی هەیە و چیتر ئەو كوردەی رابردوو نییە و ئێستا بەهێزە و پێگەی بەهێزیشی هەیە لەگەڵ وڵاتان"، نەزاكەت حەمەسەعید، مامۆستای زانكۆی سلێمانی وا دەڵێت.

لای خۆیەوە شوان كەریم، ئەندامی خولی پێنجەمی پەرلەمانی كوردستان بە "وشە"ی گوت، لە ئێستە هەرێمی كوردستان لە قۆناغێكی بەهێزی و بەهێزبووندایە، ئاستە نێودەوڵەتییەكان ئەوەمان پێ دەڵێت كە كورد دەتوانێت لە داهاتوودا كاری گەورە بكات و شان بەشانی وڵاتان رۆڵی گەورە و كاریگەر لە پرس و بابەتە جیهانییەكان ببینێت، بۆیە بوون و بەشداریی كورد لەو پرسە جیهانییانەی مانای حیسابكرنە بۆ هەرێمی كوردستان، مانای وایە كورد یەكێكە لەو چارەسەرانەی كە پێویستی بە بەشداری لە پرسە گرنگەكان هەیە.

دووپاتی كردەوە، ئاستی پێوەندی و دیپلۆماسیەتی كورد لە ماوەی كابینەی نۆ، قۆناغی گرنگی بڕیوە، چەند ساڵێكە هەرێمی كوردستان لە كۆڕبەند و كۆنفرانسە جیهانییەكان بەشداری هەیە و چەندان پێوەندیی گرنگ و دیپلۆماسیەتی لەگەڵ گەورە وڵاتان و زلهێزەكان ئەنجام داوە و وڵاتانیش دەیانەوێ پێوەندی لەگەڵ هەرێم بكەنەوە، بۆیە بوونی ناوچەیەكی گرنگ و خاكێكی بەپیت و جوگرافیایەكی گرنگ، وای كردووە ئەو وڵاتانە پێوەندی لەگەڵ هەرێم بكەنەوە و داوای كاری پێكەوەیی بكەن.

پێوەست بە بابەتەكە ئازاد ئەكرەم، سەرۆكی پارتی میللەت بە "وشە"ی راگەیاند، هەرێمی كوردستان توانیویەتی لە چوارچێوەی پەیوەندییە دیبلۆماسیەكان كاری گەورە بكات، ئەوەی گرنگە ئێستە كورد لەپاڵ وڵاتە گەورەكان كاری دیپلۆماسی دەكات و رای لەسەر پرسە گرنگەكانی جیهان هەیە، كە هەموو جیهان بە گرنگەوە دەڕواننە ئەو كۆنفرانس و كۆڕبەند و لووتكانە.

وشە/ تایبەت



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل