پەرلەمانتارێك: دەبێت یەكێتی هەر بەو حەسرەتەوە بێت كە چۆن ببێتە جێی متمانەی خەڵك

:: PM:09:11:30/03/2024 ‌

جارێكی تر میدیاكانی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان دەستیان بە درۆ و چەواشەكاری كردەوە، دەیانەوێ هەر بەو جۆرەی لە رابردوو هێناویانە بەردەوامبن و خۆڵ بكەنە چاوی خەڵك، بەڵام خەڵك باش لێیان تێ دەگا و چیتر ئەوە نەما بەیانیان لە حكوومەت بن و ئێوارانیش لە ئۆپۆزسیۆن، پەرلەمانتارێكی خولی پێشوو پێی وایە یەكێتی دەبێت تا ماوە بەو حەسرەتەوە بتلێتەوە و چاوی لەوە بێت كە چۆن ببێتە حزبێكی راستگۆ و جێی متمانەی خەڵك.

یەكێتی دەیەوێ بەو جۆرە بۆی بچێتە سەر كە لەناو حكومەت بێت و وەك هێزێكی ئۆپۆزسیۆن مامەڵە بكات، لە حكوومەت پۆست و پلەی هەبێت و بە خراپ پێشاندانی حكوومەت خەڵك بەلای خۆیدا رابكێشێت، بۆیە ئەو شێوازە مامەڵەكردنە نەك هەر بۆی ناچێتە سەر، خەڵك باش لە ناخی ئەو حزبە تێگەیشتوون لێی قبووڵ ناكەن، چونكە تەنیا بۆ بەرژەوەندیی خۆی كار دەكا و ئەوەی بیری لێ نەكاتەوە خەڵكە.

د. جیهاد حەسەن، ئەندامی خولی پێنجەمی پەرلەمانی كوردستان بە "وشە"ی راگەیاند، یەكێتی دەبێت هەتا ماوە بەو حەسرەتەوە بتلێتەوە و چاوی لەوە بێت كە چۆن ببێتە حزبێكی راستگۆ و جێی متمانەی خەڵك، ئەو حزبە بەتەواوی متمانەی لەدەست داوە و هیچ كەس حیسابی بۆ ناكات، خەڵكیش باش لێیان تێگەیشتووە و دەزانن هەركات قسەیان كرد و دەستیان بە بڵاوكردنەوەی درۆ و چەواشەكاری كرد ئەوە بزانە شوێنێكیان دێشێت، یان دۆخی ناوخۆیان باش نییە.

باسی لەوەش كرد، یەكێتی هیچكات متمانەی نەبووە، ئێستەش لای خەڵك بە حزبە بێ متمانەكە ناوی دەركردووە، لەسەرەوە بە خەڵك دەڵێت كە لەگەڵ ئێوەم و پەنجە رادەوەشێنن، وەك ئەوەی دڵسۆز و خەمخۆری خەڵك بن، لەلایەكی تر لە ژێرەوە خێروبێری سلێمانییان بۆ خۆیان بردووە و ستەم لە خەڵكی شارەكە دەكەن، بۆیە تا سەر بۆیان ناچیتە سەر و دەبێت ئەوە بزانن كە هەر رۆژێك هات لای خەڵك بەتەواوی ئاشكرا دەبن كە چییان كردووە و خەریكی چین؟

"یەكێتی دەبێت ئەوە بزانێت كە ئەو سەردەمە كۆتایی هاتووە بە رۆژ لەناو حكوومەت بن و پلە و پۆستیان هەبێت، بە ئێوارانیش ببنە ئۆپۆزسیۆن و چەواشەكاری و موزایەدە بەسەر خەڵكەوە بكەن، ئێستە خەڵك حزبەكە باش دەناسن، چۆن یەكێتی لەگەڵ خەڵكی سلێمانی راستگۆ نییە، ئەوەتا گەشەكردن و فراوانبوون و پرۆژەكان لە سلێمانی وەستاوە و داهاتی سنوورەكەش نازانرێت چی لێ دەكرێت"، د. جیهاد حەسەن، ئەندامی خولی پێنجەمی پەرلەمانی كوردستان وای گوت.

لای خۆیەوە تەحسین محەمەد، چاودێری سیاسی بۆ "وشە" ئاماژە دەكات، هەركات باسی هەڵبژاردن دەكرێت، یەكێتی دەست بە چەواشەكاری و موزایەدە دەكات، ئەوان كە خۆیان داوای بەغدایان كرد و گوتیان با مووچە سەر بە بەغدا بێت، كەچی ئێستە بێدەنگ بۆی دانیشتوون و هیچ قسەیەك ناكەن و رووی دەمیان بەرانبەر بە بەغدا نییە، چونكە دەزانن خۆیان ئەو داوایەیان كرد و ئەگەر قسەیەك بكەن بەغدا وەڵامیان دەداتەوە، بەو جۆرە دەیانەوێ جۆرێك لە بانگەشەی هەڵبژاردن بكەن و بە خەڵك بڵێن ئەوەتا ئێمە هۆكار نیین، بەڵام خەڵك باش لەوانە تێگەیشتووە و هەمیشە دەستیان ئاشكرایە كاتێك قسە و هەڵمەتێك دەكەن.

پێوەست بەو هەڵوێستەی یەكێتی هیوا رەشید، كادری پارتی دیموكراتی كوردستان بە "وشە"ی گوت، گوایە بە قسەی یەكێتی بێت حكوومەتی هەرێم مووچەی دواخستووە، یان داهاتی زۆری لەبەردەستدایە، ئەی بەراست ئەو داهاتەی ئەو باسی دەكات هی سلێمانیشی لەگەڵە یان بەبێ سلێمانییە، با یەكێتی ئەوە بۆ خەڵك روون بكاتەوە كە ئەو داهاتەی سلێمانی چەندە و چی لێ دەكرێت و بۆ چی دەبێت؟، بۆیە ئەو حزبە ئەگەر ئاقڵ نەبێت، خەڵك ئاقڵی دەكەن.

وشە/ تایبەت



وشە - تایبه‌ت