رۆشنبیران: هەمووان لە بڕیارەكانی حكوومەت سوودمەند دەبن و دڵی خەڵكیان خۆش كرد

:: PM:10:27:30/03/2024 ‌

هەفتەی رابردوو سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان چەند بڕیارێكی گرنگی لە بەرژەوەندیی هاووڵاتییان دەركرد، كە بەهۆیانەوە تەواوی خەڵكی هەرێمی كوردستان دەتوانن سوودمەند بن و بەشێك لەو قەرزانەی لەسەریانە لێیان وەرناگیرێت، ئەگەرچی خزمەتكردنی هاووڵاتییانی ئەركی حكوومەتە، بەڵام كابینەی نۆ بە بەردەوام هەوڵی داوە لەو دۆخە ناهەموارە ئابوورییەدا زیاترین ئاسانكاری بۆ خەڵك بكات.

سەعید هەركی، ئەندامی خولی پێشووی پەرلەمانی كوردستان بە "وشە"ی راگەیاند، هەر ئاسانكارییەك كە لەلایەن حكوومەتەوە بێت بۆ بەرژەوەندیی خەڵك و لە بەرژەوەندی خەڵكدایە، لە ماوەی سێ رۆژی رابردوو، سەرۆكی حكوومەت چەندین بڕیاری گرنگی دەركرد كە  سەرجەمیان پێوەندییان بە ژیانی رۆژانەی هاووڵاتییان هەبوو، بڕیارەكان هەموو خەڵكی دەگرتەوە، لە قەرزەكانی ئاو و كارەبا و لێخۆشبوونی گومرگی بۆ هاوردەكردنی گۆشت.

زیاتر گوتی، ئەمانە هەموو خەڵك لێیان سوودمەند دەبن و بەهۆیەوە ئەركی سەر شانی هاووڵاتییان سووك دەكات، حكوومەتیش بەو كارانەی كە كردی، ئەوەی بۆ هەموو خەڵك سەلماند كە كارەكانی بۆ خەڵكە و ئامانجی خزمەتكردن و سووككردنی باری سەر شانی خەڵكی كوردستانە، دەیەوێ ئاسانكاری بكات نەك قورسایی بخاتە سەر شانی خەڵك.

لای خۆیەوە ئازاد ئەكرەم، سەرۆكی حزبی میللەت بە "وشە"ی راگەیاند، بڕیارەكانی حكوومەتی هەرێم سەرجەمیان پێوەندییان بە هاووڵاتییانەوە هەبوو، بەجۆرێك هەموو هاووڵاتییان و هەر خێزانێك دەبێت لەو بڕیارانە سوودمەند، بەتایبەتی ئاو و كارەبا كە هەموو ماڵێك دەگرێتەوە، هەروەها بڕیاری لێخۆشبوونی گومرگیش، ئەوەش بۆ بەرژەوەندیی هاوڵاتییان و بۆ هەرزانییە.

باسی لەوەش كرد، ئەگەر حكوومەتی هەرێم لەو جۆرە بڕیارانە بەردەوام بێت و ئەو ئاسانكارییانە بۆ خەڵكی بكات، بەدڵنیاییەوە متمانە لەنێوان خەڵك و حكوومەت زیاتر دەبێت، چونكە ئەركی حكوومەت هەمیشە ئەوە بووە كە ئاسانكاری بۆ خەڵك بكات، بۆیە گلەییەكانی خەڵك لەسەر حكوومەت كەم دەبنەوە و ئەوەیان بۆ دەردەكەوێت كە حكوومەت بۆ ئاسانكاری و بەرژەوەندیی خەڵك كار دەكات، ئەگەر هەر شەش مانگ جارێك بڕیاری لەو جۆرە دەربكات، خەڵك بەتەوای دڵخۆش دەكا و زۆر باش دەبێت.

پێوەست بەو بابەتە سەروان عەلی، رۆشنبیر بە "وشە"ی گوت، بڕیارەكانی حكوومەت بۆ هەموو خەڵكی كوردستانە و جیاوازی نەكراوە، بڕیارەكان راستەوخۆ پێوەندییان بە خەڵكەوە هەیە و هەمووان دەتوانن لێی سوودمەند بن، ئەم بڕیارانە دڵی خەڵكی خۆش كرد، پارەی ئاو و كارەبا دێتە بەردەم ماڵەكەت و هەر چەندێك هاتبێتەوە بەشێكی لێخۆشبوونیان بۆ دەكرێت.

شایەنی باسە هەفتەی رابردوو مەسروور بازانی، سەرۆكی حكوومەتی هەرێم چەند موژدەیەكی خۆشی بە هالاووڵاتییان راگەیاند، چەند بڕیارلاێكی دەركرد كە بوونە جێی خۆشحاڵیی خەاَك، بەتەیوایبەتی مووچەخۆران، دووپاتی كردەوە كە داوامان كردووە داشكاندن لە پارەی كەڵەكەبووی كارەبا بە رێژەی 20% بكرێت، هەروەها بۆ داشكاندنی 20% لە سزای كەڵەكەبووی مرور (هاتوچۆ) و داشكاندنی 50% لە رسووماتی هێنانی گۆشت، هەروەها داشكاندنی 20% لە كرێی خوێندنی پارالێل لە زانكۆ و پەیمانگە حكومییەكان.

هەروەها لێخۆشبوونی سزا لە داوكەوتنی بەشداریی دەستەبەری كۆمەڵایەتی و راسپاردنی وەزارەتی شارەوانی بۆ داشكاندنی رسووماتی كەڵەكەبووی ئاو بە رێژەی 20% و داشكاندنی رسووماتی شارەوانی بەتایبەت كرێی كرێچییەكانی وەزارەتی شارەوانی، ئەوانیش بەهەمان شێوە بە رێژەی 20% و لێخۆشبوون لە سزای دواكەوتنی باج لەلایەن پیشەوەران و كاسبكار و كەمدەرامەتان.

وشە/ تایبەت



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل