"یەكێتی و دۆستەكانی كارتی مووچەیان بەدەست نەماوە و دەیانەوێ خەڵك بە هەڵبژاردن سەرقاڵ بكەن"

:: PM:08:31:15/04/2024 ‌

لە گەڕێكی نوێی خۆدەرخستن و بە پاڵەوان نیشاندن و رەواندنەوەی نیگەرانییەكانی ناوخۆی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، قوباد تاڵەبانی لە كۆبوونەوە داخراوەكان و لەبەردەم میدیاكاندا، هەواڵی چارەسەركردنی كێشەی مووچەی هەرێم رادەگەیەنێت، لەكاتێكدا كێشەی مووچە پێش جەژن بە هەوڵ و رێككەوتنی هەردوو سەرۆك وەزیرانی عێراق و هەرێمی كوردستان چارەسەر بوو و دوو مووچە دابەش كرا.

لە میانی سەردانێكی قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بۆ ناوچەی گەرمیان، باس لە چارەسەركردنی كێشەی مووچە و ناردنی بڕە پارەیەكی مانگانە لە بەغداوە بۆ هەرێم كراوە، بەڵام بەپێی زانیارییەكانی بە دەستی "وشە" كەوتوون، هۆكارەكەی ئەوەیە كە ئەو لە ماوەی رابردوودا رووبەڕووی گوشار و رەخنەیەكی توندی كادر و بنكەی جەماوەریی یەكێتی بووەتەوە و بە بێدەنگ و بێهەڵوێست وەسف دراوە.

لەوبارەوە كافیە عەلی، هاووڵاتییەكی مووچەخۆرە بە"وشە"ی گوت، دابەشكردنی دوو مووچەكە پێش جەژن زۆر دڵخۆشی كردین، كە ئەویش بە هەوڵی بەردەوامی مەسروور بارزانی، سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان و رێككەوتنی لەگەڵ محەمەد شیاع سوودانی، سەرۆك وەزیرانی عێراق بوو.

زیاتر گوتی، ئەو كارە تەواوی دۆست و نەیارانی كابینەی نۆی حكوومەتی هەرێمی شۆك كرد، بەڵام ئەوەی جێی سەرنج بوو لەوكاتەدا قوباد تاڵەبانی، هیچ دەنگ و رەنگێكی نەبوو، ئێستەش ئەگەر بیەوێ بە چەند لێدوانێكی نهێنی و ئاشكرا رای گشتی فریو بدات، سەركەوتوو نابێت.

لای خۆیەوە ئیسماعیل مستەفا، چاودێری سیاسی بۆ "وشە" ئاماژەی دەكات، ئەوەی ئەم دوو رۆژە قوباد دەیكات، بەشێكی پێوەندی بە گوشارە ناوخۆییەكانی حزبەكەی و بەشەكەی تری ئەوەیە دەیەوێ رای گشتی فریو بدات.

روونی كردەوە، كاتێك سەرۆك وەزیرانی هەرێم گوتی چەندین بڕیار دەدەین و دواتر هەندێك كەس دەیكەنە دەستكەوت بۆ خۆیان راست دەرچوو، چونكە دەیزانی دواتر كەسانێك دێنە سەر حازری و دەیكەنە دەستكەوتی خۆیان، دووپاتی كردەوە، ئێستە یەكێتی و دۆستەكانی كارتی مووچەیان بەدەست نەماوە، بۆیە دەیانەوێ خەڵك بە هەڵبژاردن سەرقاڵ بكەن، كە دڵنیاین ئەوەش بە سەركەوتنی دۆزی كورد و كوردستان كۆتایی دێت.

شایەنی باسە لە دوای رێككەوتنی هەردوو حكوومەتی ناوەند و هەرێم، دۆخی ئابووریی بازاڕ و هاووڵاتییان بوژاوەتەوە، هاوكات كەس گوێ لەوانە ناگرێت كە ماوەیەك پێش لەمەوبەر بێدەنگ بوون و ئێستەش هاتوونەتەوە سەر حازری.

وشە/ تایبەت



وشە - تایبه‌ت