هەفتەی داهاتوو لیوایەكی هاوبەش لە بۆشاییە تەناهییەكان دەست بەكار دەبێت

:: PM:08:42:30/04/2024 ‌

نوێنەری حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەكانی عێراق دووپاتی كردەوە كە حكوومەتی عێراق و وەزارەتی بەرگری، بەو راستییە گەیشتوون كە ئەو ناوچانەی بۆشایی تەناهییان هەیە، بەبێ هێزی پێشمەرگە بەڕێوە ناچن و مەترسییەكانیان كەم نابێتەوە، بۆیە بە پێویست زانرا دوو لیوای هاوبەش بۆ ئەو ناوچانە پێك بهێنرێت، ئاشكرای كرد كە یەكێك لە لیواكان تایبەتە بە پێشمەرگە و مەشقەكانیان تەواو كردووە، هەفتەی داهاتوو لەو شوێنانە جێگیر دەكرێن كە بۆیان دانراوە.

ئەمڕۆ سێشەم عەبدولخالق تەڵعەت، نوێنەری حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەكانی عێراق بە كوردستان24ی راگەیاند، مەترسییەكانی رێكخراوی داعش لە چەند ناوچەیەكی عێراق، بەتایبەتی لەو ناوچانەی بۆشایی تەناهییان تێدایە بەردەوامە، بۆیە بە پێویست زانرا دوو لیوای هاوبەش بۆ ئەو ناوچانە پێك بهێنرێت.

زیاتر گوتی، یەكێك لە لیواكان تایبەتە بە پێشمەرگە و بەشداری مەشقەكانیان كردووە و مەشقەكانیان تەواو كرد، هەفتەی داهاتوو ئەركەكانیان جێبەجێ دەكەن و لەو شوێنانە جێگیر دەكرێن كە بۆیان دانراوە و مەترسیان لەسەرە، بوون و بڵاوكردنی هێزی پێشمەرگە و ئەو لیوا تایبەتە لە ناوچەكانی سەرگەڕان و ناوچەكانی تر كە بۆشایی تەناهییان هەیە، لە رووی مەعنەوییە بۆ هەرێمی كوردستان و خەڵكی ناوچەكە گرنگە.

نوێنەری حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەكانی عێراق باسی لەوەش كرد كە بابەتە ئیدارییەكانی هەردوو لیوا هاوبەشەكە تەواو بووە، بە شێوەیەك ئەگەر فەرماندەی یەك لە لیواكان عەرەب بێت، جێگرەكەی كورد دەبێت، بە پێچەوانەشەوە، دووپاتی كردەوە، حكوومەتی عێراق و وەزارەتی بەرگری بەو راستییە گەیشتوون كە ئەو ناوچانەی بۆشایی تەناهییان هەیە، بەبێ هێزی پێشمەرگە بەڕێوە ناچن و مەترسییەكانیان كەم نابێتەوە.



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل