لاهور شێخ جەنگی پێش بافڵ كەوتەوە

:: PM:12:21:26/11/2022 ‌
لەلایەن دامەزراوەیەكی ئەمەریكی بە هاوكاری كۆمەڵێك توێژەر، راپرسییەك لە سلێمانی ئەنجام دراوە و تێیدا دۆخی ئازادیی رۆژنامەگەری و بابەتی دەنگدانی داهاتوو بۆ هەڵبژاردن خراوەتە روو، لە راپرسییەكە یەكێتی بە گەورەترین شكستی مێژوویی خۆی تێپەڕ دەبێت.

ئەمڕۆ شەموو 26ـی تشرینی دووەم، بەپێی راپرسییەك كە لەلایەن رێكخراوێكی ئەمەریكی بەناوی PFP تایبەت بەبواری راگەیاندن و ئازادی رادەربڕین لە سلێمانی كراوە، ئەنجامەكەی بڵاو كراوەتەوە و تێدا هاتووە، لە ئەنجامی بڵاوكردنەوەی سێ‌ هەزار و 57 فۆرم دەركەوتووە، زیاتر لە 57%ی دەنگدەرانی راپرسییەكە، بەشداری لە هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمانی كوردستاندا ناكەن و بایكۆتی هەڵبژاردن دەكەن.

یەكێتی و نەوەی نوێ دەنگەكانیان لە یەكتر زۆر نزیكە
لە راپرسییەكەدا بۆ دەنگدان لە هەڵبژاردنی داهاتوو، یەكێتی و نەوەی نوێ دەنگەكانیان لە یەكتر زۆر نزیكە و هەریەكەیان نزیكەی 25%ی دەنگدەران بەدەست دەهێنن.

لەبارەی ئەدای یەكێتی و باشی كارەكانی هاتووە، تەنیا 9%ی خەڵكی سلێمانی لە ئەدا و كارەكانی قوباد تاڵەبانیان لە حكوومەت پێ باشە، 77% پێیان وایە خراپە یان زۆر خراپە، هەروەها لەبارەی پێشخستنی دۆخی سلێمانی وەڵامەكان بۆ یەكێتی چاوەڕوان نەكراوە، بۆچوونی خەڵك ئەوەبوو 43% پێیان وایە لاهوور شێخ جەنگی، 18% بافڵ تاڵەبانی، تەنیا 2.1% دەنگیان بە قوباد تاڵەبانی داوە.

ئەو راپرسییە چەندان داتای گرنگی تێدایە كە هیچیان لە بەرژەوەندیی یەكێتی نین، ئەوەیش دەبێتە نوێترین داتا لەبارەی دۆخی سلێمانی لە دوای هەڵبژاردن بڵاو بكرێتەوە. راپرسییەكە لەلایەن كەسانی پسپۆر و شارەزا لە بواری راپرسی داڕێژراوە، ئەوەیش هاتووە دۆخی ئازادی رادەربڕین و رۆژنامەوانیی لە شارەكە، زۆر خراپە و 40%پێیان وایە، دوای رووداوەكانی هەشتی تەمووز، ئازادی پاشەكشەی كردووە.



وشە - رامیار جەواد