ئامادەكاری بۆ دابەشكردنی مووچەیەكی تر دەستی پێ‌ كرد

:: AM:10:17:20/01/2023 ‌
لە ئێستە ژمێریاری فەرمانگەكانی حكوومەت لیستی مووچەی مانگی كانوونی دووەمیان بردووە بۆ گەنجینەكانە و تەنیا تا یەكشەم كات ماوە بۆ ئەوانەی لیستیان نەبردووە.

بەپێی بڕیارێكی پێشووی وەزارەتی دارایی و ئابووری حكوومەتی هەرێمی كوردستان پێویستە سەرجەم فەرمانگەكانی حكوومەت تا 20ـی هەر مانگێك خشتەی مووچەیان ئامادەكەن و بیبەن بۆ گەنجینەكان.

ئەمڕۆ هەینی 20ـی كانوونی دووەم، بەپێێ‌ زانیارییەكانی "وشە" لە ئێستە زۆربەی فەرمانگەكانی حكوومەت لیستی مووچە مانگی كانوونی دووەمیان بۆ گەنجینەكان بردووە بەمەبەستی پێداچوونەوە و دیاری كردنی كاتی دابەشكردنی مووچە.

ئەوەیش زانراوە، بەپێی بڕیاری وەزارەتی دارایی و ئابووری دواین كات بۆ فەرمانگەكان بۆ بردنی لیستی مووچەیان ئەمڕۆ بوو كە پشووە دەبێت یەكشەم سەرجەم دامەزراوەكان كە لیستیان نەبردووە بیبەن دەنا خۆیان بەرپرسیار دەبن.

لە 24ـی كانوونی دووەم دابەشكردنی مووچەی مانگی كانوونی یەكەم كۆتایی دێ‌، ناوەڕاستی هەفتەی دوای ئەو چاوەڕوان دەكرێ‌ لیستی نوێی مووچە رابگەیەندرێ‌.



وشە - رامیار جەواد