كەشوهەوای سبەی جیاواز دەبێت

:: AM:09:21:19/03/2023 ‌
شارەزایەكی كەشناسی رای دەگەیەنێت، كەشوهەوای سبەی جیاواز دەبێت و جگە لە بەردەوامی باران و هەورەبروسكە، پلەكانی گەرمیش روو لە نزمبوونەوە دەكەن.

ئەمڕۆ یەكشەم 19ـی ئادار، ئاراس جەبار شارەزای كەشناسی بڵاوی كردووەتەوە، لە ئەنجامی بەردەوامی كاریگەریی نزمەپاڵەپەستۆیەكی دەریای ناوەڕاست، سبەی دووشەم ئاسمانی هەرێم لە كاتەكانی بەیانی تا نیوەڕۆ، بە زۆری ساماڵ و پەڵەهەور دەبێت.

باسی لەوەش كردووە، لە نیوەڕۆ تا ئێوارە لە ناوچە جیاجیاكانی سنووری پارێزگای سلێمانی و هەولێر و دهۆك و كەركووك و ئیدارەی راپەڕین، هەورەبروسكە و تاوەباران چالاك دەبێتەوە، رێژەی بارانی پێشبینیكراو بەجیاوازیی ناوچەكان، لە نێوان دوو تا 10 ملیمەتر دەبێت.

بەپێی پێشبینیی ئەو شارەزایەی كەشناسی، سبەی پلەكانی گەرما یەك بۆ سێ‌ پلە سەدی بەراورد بە ئەمڕۆ نزمتر دەبنەوە.

بۆ ڕۆژی سێشەم ئەو شارەزایەی كەشناسی پێشبینی كردووە، پلەكانی گەرما زیاتر نزمبوونەوە بەخۆیەوە ببینێت و بارانبارینی پچڕپچڕ بەرێژەیەكی مامناوەند لە كاتەكانی دوای نیوەڕۆ بۆ شەو، دەست پێ دەكاتەوە و لە ئەنجامی نزمبوونەوەی زیاتری پلەكانی گەرما لە ناوچە شاخاوییە بەرزەكاندا، بەفربارین دەبێت.

 



وشە - رامیار جەواد