"ئەو هەلیكۆپتەرانە لە نێوان رۆژئاوا و سلێمانی فڕیون بەبێ ئەوەی دەزگا فەرمییەكانی هەرێم ئاگادار بكەنەوە"

:: AM:09:40:19/03/2023 ‌
ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی كوردستان، راگەیەنراوێك لەبارەی كەوتنە خوارەوەی هەلیكۆپتەرەكەی سێ‌ ڕۆژی رابردوو بڵاو دەكاتەوە و رای دەگەیەنێت، ئەو هەلیكۆپتەرانە لە چەند بنكەیەكی پارێزگای سلێمانی دابەزیون و بەرەو رۆژئاوا فڕیون.

ئەمڕۆ یەكشەم 19ـی ئادار، لە راگەیەنراوێكی ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی كوردستاندا هاتووە، ئەو هەلیكۆپتەرانە لە نێوان رۆژئاوا و سلێمانی فڕیون بەبێ ئەوەی دەزگا فەرمییەكانی هەرێم ئاگادار بكەنەوە.

باس لەوەش كراوە، ئەو هەلیكۆپتەرانە لە چەند بنكەیەكی پارێزگای سلێمانی دابەزیون و بەرەو رۆژئاوا فڕیون.

ئاماژەیان بەوەش دا، لایەنێك لە سلێمانی بەشێوەیەكی نهێنی و نافەرمی، رێخۆشكەر بووە بۆ پێوەندییەكانی هێزەكانی هەسەدە و پەكەكە و بە چەندان جۆری جیاواز هاوكارییان كردوون.

ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی كوردستان داوا لە هاوپەیمانان و حكوومەتی فیدراڵ دەكات، روونكردنەوە بدەن كە ئەم هەلیكۆپتەرانە بە كام مۆڵەت لەسەر خاكی هەرێمی كوردستان دەفڕن و كێ بەرپرسیارێتی ئەم كارە نایاساییانە هەڵدەگرێت.

شەوی 15 لەسەر 16 ـی ئاداری 2023 هەلیكۆپتەرێك لە چیای بێخێر كەوتە خوارەوە و بەهۆیەوە حەوت كەس گیانیان لە دەست دا.




وشە - رامیار جەواد