لیژنەی باڵای فەتوا بە بڵاوكردنەوەی فەتوایەك ئەوە یەكلا دەكاتەوە كە هەندێك كەس دەڵێن جەژنی نەورۆز حەرامە و نابێت یادی بكەنەوە.
لە فەتواكەی لیژنەی باڵای فەتوا هەرێمی كوردستاندا هاتووە، نەورۆز جەژنێكی نەتەوەیی گەلی كوردستانە، نیشانەی سەركەوتن و كۆتاهاتنە بە ستەم و زۆرداری لە مێژووی نەتەوەكەماندا، تا ئاشكرای بكات كە گەلێكی سەربەخۆی خاوەن ناسنامەی خۆیەتی، پێوەندی بە بیروباوەڕ (العقیدە) و پەرستشەكان (العبادات) نییە.
لە فەتواكەدا روون كراوەتەوە، بۆیە ئێمە لە روانگەی فەرموودەكانی پێغەمبەر (درودی خوای لەسەر بێت)، وەك بۆچوونی زانایان بە دروست و رەوای دەزانین و شتێك نییە دژایەتی هەبێت لەگەڵ ئاین و بیروباوەڕی مسوڵمانان، لەبەر ئەم هۆیانە:
-هەموو گەل و نەتەوەیەك لە سەرانسەری جیهانی ئیسلامیدا رۆژێكیان تەرخان كردووە بۆ خۆشی و ناویان لێ ناوە جەژنی نیشتمانی، پێغەمبەر (دروودی خوای لەسەر بێت) فەرموویەتی هەموو گەل و نەتەوەیەك جەژنێكی هەیە، ئەمەش جەژنی ئێمەیە كە مەبەست لێی جەژنی قوربان بوو.
-هیچ دەقێك لە قورئان و فەرموودەدا نییە كە رێ نەدات بە بۆنەكان بگوترێت جەژن، وەك جەژنی دایك و جەژنی ئافرەتان، جەژنی نەتەوەیی و نیشتمانی.
- بۆیە هەرگیز نەتەوەی كورد باوەڕی وا نییە كە خوای گەورە رۆژی نەورۆزی بە جەژن بۆ ئێمە دانابێت، بەڵكو خۆمان وەك نەتەوەیەك رۆژی نەرۆزمان وەك جەژنێكی نەتەوەیی و نیشتمانی بۆ خۆمان داناوە.
-شتێكی ئاساییە ئێمە وەك مسوڵمان لە پاڵ جەژنی ئاینی، جەژنێكی تری نیشتمانیمان هەبێت ئیتر بە هەر ناوێكەوە بێت، پێچەوانەی هیچ دەقێك نییە.