نرخی مریشك جێگیر دەبێت

:: AM:11:01:29/03/2023 ‌
بەرزبوونەوە و نزمبوونەوەی نرخی مریشك بەردەوامە، بەڵام ئێستە خەریكە نرخەكەی تا ئاستێك جێگیر دەبێت و دڵنیایی بە هاووڵاتییان دەدرێت.

لە هەرێمی كوردستان گۆشتی مریشك خواردنێكی پێویستی هاووڵاتییانە، بەردەوامیش گۆڕانكاری لە نرخەكەی روو دەدات، كیلۆی مریشك لە نێوان هەزار و 500 دینار تا پێنج هەزار دینار لە گۆڕانكاریدا بووە.

ئێستە نرخی راستەقینەی خۆیەتی.
ئەمڕۆ چوارشەم 29ـی ئادار، رەوەند حاجی كانەبی ئەندامی كۆمەڵەی كێڵگە پەلەوەرییەكان، بە "وشە"ـی راگەیاند، باس لەوە دەكرێ‌ نرخی مریشك گران بووە، ئێمە رەتی دەكەینەوە، بەڵكو ئێستە نرخی راستەقینەی خۆیەتی.

زیاتر گوتی، بەپێی ئەو بەرنامەیەی ئێستە لەلایەن حكوومەت بۆ چوونە دەرەوی مریشك بۆ كێڵگە پەلەوەرییەكان لەكاتی زۆربوونی دایناوە و لە كاتی كەمبوونەوەشی رێگری دەكرێ‌، ماوەی دوو هەفتەیە نرخەكەی بەرەو جێگیربوون دەڕوات.

باسی لەوەش كرد، نرخی سێ‌ هەزار دینار بۆ چوار هەزار دینار نرخی گونجاوە، نە خاوەن پەلەوەرگە زیان دەكات و نە كڕیاری مریشكیش نرخەكە لەسەری زۆر دەكەوێت، ئەو نرخە تا ئاستێكی زۆر ئێستە كاری لەسەر دەكرێ‌ لەو نرخە جێگیر بێت.

لەبارەی نزیكبوونەوەی جەژن و ئەگەری گرانبوونی نرخی مریشك گوتی، دڵنیایی بە هاووڵاتییان دەدەین لەوە گرانتر نابێت، چەندان كێڵگەی بەرهەمهێنانی مریشك، ئێستە بۆ كۆتایی رۆژەكانی رەمەزان ئامادەكاری دەكەن و مریشكێكی زۆر دەخرێتە بازاڕ.

هەرێمی كوردستان لە بەرهەمهێنانی مریشك خۆبژێوی تێپەڕاندووە و ئێستە رێژەیەكی زۆر لەو مریشكەی بەرهەمی دەهێنێت، بۆ شارەكانی ناوەڕاست و خوارووی عێراق هەناردە دەكات.



وشە - رامیار جەواد