"وەستانی هەناردنی نەوتی هەرێم زیان بە ئەمەریكا دەگەیەنێت"

:: PM:08:00:01/04/2023 ‌

پێ دەچێت وەستانی هەناردنی نەوتی هەرێمی كوردستان تەنیا زیان بە حكوومەت و خەڵكی هەرێم و قەوارەكەی ناگەیەنێت، بەڵكو زیان بە عێراق و بودجەكەی و كۆمپانیا نەوتییەكان و بازاڕی دنیاش دەگەیەنێت، لەوانەش بەرژەوەندییەكانی ئەمەریكا، بۆیە پەیمانگەی واشنتن باسی پێویستی چارەسەركردنی ئەو بابەتە و دەستوەردانی راستەوخۆی ئەمەریكا دەكات.

مایكل نایتس، گەورە توێژەر و شرۆڤەكاری پەیمانگەی واشنتن دەڵێت، نەمانی نیو ملیۆن بەرمیل نەوتی رۆژانە لە بازاڕەكانی دنیا بەهیچ شێوەیەك خوازراو نییە، بەڵكو پەرەسەندنێكی مەترسیدارە، بەتایبەتی لەناو گەرمەی ململانێی ئۆكرانیادا، لەوكاتەی نەیارانی ئەمەریكا لە رووسیا و ئێران دەیانەوێت نرخی نەوت بەرز بكەنەوە.

راپۆرتەكە دەڵێت، ئێستە ئەمەریكا بەرژەوەندییەكی راستەوخۆی لەو بابەتەدا هەیە، چونكە ئەگەر وەستانی نەوتەكە بۆ چەند هەفتەیەك بەردەوام بوو وەبەرهێنەرە ئەمەریكییەكان زەرەر دەكەن، بەدەر لەو دواكەوتنە گریمانكراوەی هەناردنی غازی هەرێم، كە لە ئەوروپا و توركیا و عێراق پێویستی لەسەر زیاتر دەبێت.  

راپۆرتەكە روونی كردەوە، ئەو دۆخەی ئێستە زۆر زەرەرە بۆ ئەمەریكا و عێراق و توركیا و هەرێمی كوردستانیش، دووپاتی كردەوە، لە دۆخە ئاڵۆزەكاندا گرنگە سەرنج بخرێتە سەر گرنگیی پارێزگاریكردن لە رۆیشتنی نەوتەكە، پێویستە حكوومەتی عێراق رێنوێنی بە كۆمپانپای سۆمۆ بدات بۆ رەوانەكردنی پەیامێك بۆ توركیا و داوای لێ بكات بۆرییە نەوتییەكان بكاتەوە و رێگە بە رۆیشتنی بارە نەوتەكانی مانگی نیسان بدات. 

نایتس لە راپۆرتەكەی دەڵێت، هەردوولا وەك هەنگاوێكی لەناكاو و فریاگوزاری و سنووردار لە رووی كاتەوە ددان بەو كارەدا بنێن، بۆ رێگرتن لە گەیشتنی زەرەری ئابووری بە عێراق و هەرێمی كوردستان و بازاڕی دنیا لە ئاسیا و ئەوروپا، هەروەها بوار بە عێراق و توركیا بدرێت بۆ چارەسەركردنی پرسەكانی دادگە، بە هاوشێوەش بەغدا و هەرێم دەتوانن بوارێك و وەچانێك وەربگرن و بگەڕێنەوە سەر مێزی گفتوگۆ، چونكە تا ئێستەش بنەماكانی رێككەوتنی لێی نزیك بوون هەر ماوە.

راپۆرتەكە چەند رێنوێنییەكی بە ئیدارەی ئەمەریكا دا، دووپاتی لە پێویستی سەرنجدان لەسەر هەنگاوە ئەرێنییەكان لە سیاسەتەكانی واشنتن لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست كردەوە، نەوەك تەنیا سەرنجخستنە سەر شەڕ و ململانێكان، روونی كردەوە، ئەو شتەی گرنگتر و بەسوودترە كە واشنتن لە عێراق ئەنجامی بدات، یارمەتیدانی ئەو وڵاتەیە بۆ گەیشتن بە رێككەوتن و ئاشتەوایی لەگەڵ كورد، كە گەورەترین كەمینەی ئەتنی لە عێراق پێك دێنن، چونكە ئێستە دەستەوارەی بودجە مێژووییەكەی و یاسای نەوت و غاز لەنێوان بەغدا و هەولێر لەهەر كاتێكی پێشتر نزیكترە، بۆیە پێویستە هەوڵی زیاتر بۆ تەواوكردنی ئەوانە بدات، نایتس ئاماژەی كرد، ئەگەری هەیە بۆری هەناردنی نەوت لە رۆژانی داهاتوو بەخێرایی بكرێتەوە، بەڵام ئەگەر ئەوە نەكرێت، پێویستە ئەمەریكا خۆی ئەوە یەكلا بكاتەوە. 

لەبارەی هەنگاوەكانی داهاتوو، نایتس لە راپۆرتەكەیدا دەڵێت، پێویستە هەوڵە باشەكان فرەوانتر بكرێ و هەموو لایەنەكان بگرێتەوە، بۆ یارمەتیدان بۆ گەڕاندنەوەی گفتوگۆی نێوان عێراق و توركیا و بەغدا و هەرێمی كوردستان بۆ رێڕەوی راستەقینەی خۆی.

راپۆرتەكە پێشنیازی ئەوەشی كرد دەكرێ ئەمەریكا یارمەتی عێراق بدات بۆ بەدەستهێنانی قەرز بۆ كڕینەوەی قەرزەكانی هەرێمی كوردستان بۆ بازرگانانی نەوت، كە رەنگە بڕەكەی دوو بۆ چوار ملیار دۆلار بێت، ئەوەش چەند سوودێكی هەیە، كارەكان دەكەونەوە دەست سۆمۆ، عێراق نەوتەكە بە نرخێكی زیاتر دەفرۆشێت، نەوتەكە تەنیا دەفرۆشرێتە ئەو لایەنانەی كە سۆمۆ دەیەوێت، رەنگە یەكێك لە بژارەكانی ئەمەریكاش ئەوەیە نەوتی عێراق بكڕێت و وەك یەدەگی ستراتیجی ئەمباری بكاتەوە.   

ئەمڕۆ عاسم جیهاد، گوتەبێژ بەناوی وەزارەتی نەوتی عێراق گوتی، رێككەوتنێكی سەرەتایی هەیە بۆ دەست پێكردنەوەی پرۆسەی هەناردنی نەوتی هەرێمی كوردستان لە رێگەی كۆمپانیای سۆمۆوە، ئەو رێككەوتنەش پێویستی بە رەزامەندی حكوومەتی فیدراڵ هەیە بۆ جێبەجێبوونی. 

روونی كردەوە، وەزارەتی نەوت خواستی خۆ بە پەلەكردن لە دەست پێكردنەوەی هەناردنی نەوتی هەرێم دەربڕیوە و وەستانی هەناردنی نەوت زیان لە بودجەی عێراق دەگەیەنێت، جیا لە زیانگەیاندن بە هاووڵاتییانی هەرێمی كوردستان.

لای خۆیەوە نەبیل مەرسوومی، شارەزای ئابووری ئاشكرای كرد، هەردوو حكوومەتی بەغدا و هەرێمی كوردستان گەیشتوونەتە رێككەوتنێكی سەرەتایی لەبارەی هەناردنی نەوتی هەرێم لە دوای بڕیاری دادگەی پاریس، ئەوان لەسەر چەند خاڵێك رێككەوتوون لەوانە پۆستی جێگری بەڕێوەبەری كۆمپانیای سۆمۆ بە كورد بدرێت و پرۆسەی هەناردنی نەوتی هەرێم لە ماوەی دوو رۆژی تر دەست پێ بكاتەوە.

شایەنی باسە بەم دواییە بەرپرسێكی ئەمەریكی رای گەیاند كە ئەمەریكا داوای لە توركیا و عێراق كردووە دەست بە هەناردنی نەوتی هەرێمی كوردستان لە رێگەی توركیا بكەنەوە، چونكە بڕینی گەیشتنی وزە بۆ بازاڕەكانی دنیا لەبەرژەوەندی كەسدا نییە، بۆیە ئەمەریكا بەردەوامە لە داواكردن لە بەرپرسانی عێراق و هەرێم بۆ چارەسەركردنی كێشەی بودجە و نەوت و غاز بەو شێوەی لە بەرژەوەندی هاووڵاتییاندایە و بەپێی ئەوەی لە دەستوور هاتووە.



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل