هه‌ڵبژاردن مافێكی دیموكراسییانه‌ی هاووڵاتییانه و به‌پێی یاساش ده‌بێت چوار ساڵ جارێك له هه‌رێمی كوردستان، بچنه سه‌ر سندووقه‌كانی ده‌نگدان و ده‌نگ بده‌نه ئه‌و حزب و كه‌س و لایه‌نه‌ی كه دڵخوازی خۆیانه و خزمه‌تیان كردووه و پڕۆژه‌ی گرنگیان ئه‌نجام داوه و به‌ڵێنه‌كانی هه‌ڵبژاردنی رابردوویان به‌جێ گه‌یاندووه، دۆخێكی ئارام و سه‌قامگیریان بۆ هه‌رێمی كوردستان و ناوچه‌كه دابین كردووه.
به گوته‌ی شاره‌زایان و چاودێران، هه‌رێمی كوردستان له‌و قۆناغه‌ی ئێسته پێویستی به هه‌ڵبژاردنه و پێویسته هه‌ڵبژاردن له‌واده‌ی خۆی به‌بێ دواكه‌وتن ئه‌نجام بدرێت، چونكه هه‌ر خۆی ساڵێكه هه‌ڵبژاردن دوا كه‌وتووه و وڵاتانی چوارده‌ور، چاویان لێمانه و بۆ هه‌ر گرفتێك و ناكۆكییه‌ك ده‌گه‌ڕێن تا سه‌قامگیری له كوردستان تێكبده‌ن.
ره‌سووڵ ره‌ئووف ئه‌ندامی سه‌ركردایه‌تیی پارتی سۆسیالیست دیموكراتی كوردستان، به "وشه"ی راگه‌یاند، هه‌ڵبژاردن مافێكی ئاسایی هه‌موو گه‌لێكه، كاتێك هه‌ڵبژاردن ده‌كرێت هاووڵاتی بۆ ماوه‌ی چوار ساڵ ئه‌و نوێنه‌ره‌ی هه‌ڵده‌بژێرێت، له‌و چوار ساڵه‌دا ده‌رده‌كه‌وێت ئه‌گه‌ر باش یان خراپ، یان ئه‌وه نه‌بووبێت كه متمانه‌ی خۆی پێی به‌خشیوه، به‌ڵام له كوردستان بووه‌ته جێی ململانێی لایه‌نه‌كان و ئێسته كوردستان له واده‌ی ئاسایی خۆی بۆ هه‌ڵبژاردن دوا كه‌وتووه.
زیاتر گوتی، هاووڵاتی مافی خۆیه‌تی له دوای چوار ساڵ هه‌ڵبژاردن ئه‌نجام بدات، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا هه‌ڵبژاردن ده‌بێت بكرێت، دۆخی كوردستان ئێسته زۆر له‌باره بۆ هه‌ڵبژاردن، نه شه‌ڕی داعش هه‌یه و نه كێشه‌ی ئابووری هه‌یه، بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌و سه‌قامگیرییه وه‌ك خۆی بمێنێته‌وه ده‌بێت هه‌ڵبژاردن بكرێت، تا زیاتر درێژه بكێشێت ئه‌نجامنه‌دانی هه‌ڵبژاردن له یاسابه‌ده‌ر ده‌بێت، چونكه خۆی ماوه‌كه‌ی به‌سه‌ریدا چووه، هه‌ر بۆ ئه‌و گه‌نجانه‌ش كه له ماوه‌ی ئه‌و پێنج ساڵه‌دا پێنج له‌دایكبووی ساڵه جیاوازه‌كان مافیان هه‌یه ده‌نگ بده‌ن.
سه‌رباز خۆشناو ئه‌ندامی سه‌ركردایه‌تی بزووتنه‌وه‌ی ئیسلامی، به "وشه"ی راگه‌یاند، ''هه‌رێمی كوردستان له قۆناغێكی ناسكدایه، ئه‌زموونه‌كه‌مان زۆر گرنگه له هه‌موو شتێك، چاوی زۆرمان له‌سه‌ره و له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا دیموكراسی ناوچه‌كه له هه‌موو شتێك گرنگتره له‌وه‌ی هاووڵاتیی ئازاد بێت و چوار ساڵ جارێك بچێته سه‌ر سندووقه‌كانی ده‌نگدان و ده‌نگ به‌و لایه‌نه بدات كه خۆی ده‌یه‌وێت، له‌به‌رئه‌وه‌ی له‌و قۆناغه‌دا هیچ بیانوویه‌ك ناخوات و ته‌نیا هه‌ڵبژاردن دادمان ده‌دات.''
هه‌ر كه‌س و لایه‌نێك له‌گه‌ڵ هه‌ڵبژاردن نه‌بێت، واته ئه‌و لایه‌نه نایه‌وێت مافی ئازادانه‌ی گه‌ل بدات
ئه‌و باسی له‌وه‌ش كرد، هه‌ڵبژاردن مافی گه‌له، هه‌ر كه‌س و لایه‌نێك له‌گه‌ڵ هه‌ڵبژاردن نه‌بێت، واته ئه‌و لایه‌نه نایه‌وێت مافی ئازادانه‌ی گه‌ل بدات، ئه‌ی كه‌واته چۆن هه‌ر ئه‌و لایه‌نه سبه‌ی داوای ده‌نگ له‌و گه‌له ده‌كات كه ئه‌گه‌ر ئازادییه‌كه‌ی بۆ به‌ند بكرێت، یان مافی ئه‌وه‌ی پێ نه‌دات ئازاد بێت له‌و پرۆسه‌یه، بۆیه پێویسته هه‌رچی زووه لایه‌نه‌كان به گرنگییه‌وه بڕواننه هه‌ڵبژاردن و هه‌موویان سوور بن له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی ده‌بێت هه‌ڵبژاردن ئه‌مساڵ له واده‌ی دیاریكراوی خۆیدا بكرێ و هیچ پاساوێكی تر قبووڵكراو نییه.
كارزان عومه‌ر چاودێری سیاسی، به "وشه"ی راگه‌یاند، هه‌ڵبژاردن له هه‌رێمی كوردستان كه خۆی ساڵێكه دوا خراوه، كارێكه و ده‌بێت بكرێت، سووربوون له‌سه‌ر ئه‌نجامدانیشی نه پشتیوانی لایه‌نێك و نه دژایه‌تیكردنی لایه‌نێكی تره، به‌ڵكو ئه‌مه بابه‌تێكی گه‌له و مافێكی سه‌ره‌تاییه بۆ میله‌ت، ناكرێت حزب ئه‌و مافه نه‌داته هاووڵاتییان، بابه‌ته‌كه‌ش یاساییه و یاساش هه‌موو شتێكی دیاری كردووه، هاووڵاتییانیش ده‌یانه‌وێت نوێنه‌رێكیان هه‌بێت كه بتوانن وه‌ڵامی داواكارییه‌كانیان بداته‌وه، یان ئه‌و كه‌سه هه‌ڵبژێرن كه دڵخوازی خۆیانه، كوردستان ئێسته ته‌نیا هه‌ڵبژاردنی پێویسته، دواتریش كۆده‌نگییه‌كه دروست ده‌بێت.
سلێمانی/ هۆشیار عه‌لی