ئەو چوار خاڵەی سیاسەتی توركیا كە ئەنجامی هەڵبژاردن نایانگۆڕێت

:: PM:06:17:24/05/2023 ‌

دوای ئەوەی لە 14ی ئەم مانگە زیاتر لە 64 ملیۆن دەنگدەری توركیا چوونە سەر سندووقەكانی دەنگدان و بەشداریان لە هەڵبژاردنەكانی پەرلەمان و سەرۆكایەتی كرد، لە هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی هیچ لە كاندیدانی ركابەر نەیانتوانی دەنگی پێویست بۆ یەكلاكردنەوەی پۆستەكە بەدەست بێنن، بۆیە بڕیارە لە 28ی ئەم مانگە لە دووەم گەڕی هەڵبژاردنەكە هەرەیەك لە رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆكی توركیا و كەمال كلیچدار ئۆغڵو، كاندیدی ئۆپۆزسیۆن بكەنەوە كێبەركێ.

 سەرەڕای جیاوازیی بەرنامەی كار و بیر و بۆچوون سیاسەتەكانی هەردوو بەرە لەبارەی چەندان پرسی ناوخۆیی و دەرەكییەوە، كە شارەزایان بردنەوەی ئۆپۆزسیۆن بە گۆڕانكاریی گەورە لە توركیا دادەنێن، بەتایبەتی لە گۆڕینی سیستمی فەرمانڕەوایەتی لە سەرۆكایەتییەوە بۆ پەرلەمانی و گۆڕینی هەڵوێستی ئێستەی توركیای نەیار بۆ ئەمەریكا و رۆژئاوا بۆ خۆنزیككردنەوەی لەوان، بەڵام ئاماژە دەكەن كە چەند خاڵێك هەن هەركێیەك بیباتەوە گۆڕانكاریی ریشەیی بەسەردا نایەت. 

ئێستە چەند پرسێكی گرنگ لە توركیا هەن، گە لە هەڵمەتی بانگەشەی هەڵبژاردن هەردوو كاندیدی سەرنجیان خستە سەر و بۆچوونی وەك یەك و جیاوازیان بەرانبەریان هەبوو، لەوانە بوومەلەرزەكەی شوباتی رابردوو و خراپیی دۆخی دارایی و ئابووری توركیا و دابەزینی پێوانەیی بەهای لیرەی توركی و لاگیریی توركیا بۆ رووسیا و دووركەوتنەوەی لە ئەمەریكا، لەناو نەیاریی واشنتن و مۆسكۆ و پەكین، كێشەی ئاوارەكانی سووری و ئەفغانی، كە ژمارەیان ملیۆنانە لە توركیا، لە هەمووی گرنگتر هەڵوەشانەوە و مانەوەی سیستمی سەرۆكایەتی و ئاراستەی سیاسەتی دەرەوەی توركیایە، رەنگە بردنەوەی كلیچدار ئۆغڵو زەحمەت بێت، بەڵام ئەگەر رووی دا شرۆڤەكاران پێیان وایە كە لە سایەی فەرمانڕەوایەتیی هەر یەكەیان، توركیا لەسەر هەندێك خاڵی جێگیر بەردەوام دەبێت.  

یەكێك لەو خاڵانە سیاسەتی دەرەوەی توركیایە، كە لە ماوەی 20 ساڵی فەرمانڕەوایەتیی ئەردۆغان لە توركیا هەوڵی داوە پێوەندییەكانی لەگەڵ رۆژئاوا و رووسیا و چین و ئێران و یۆنان و ئەرمینیا و وڵاتانی عەرەبی و ئیسرائیل باشتر بكات، بەپێی پێگەی جوگرافی ئەو وڵاتەش كە پردێكە لە نێوان هەردوو كیشوەری ئاسیا و ئەوروپا، توانیویەتی بەجوانی سوود لە پێگەكەی ببینێت، ئەو لە 2017 دەستی كرد بە دەستوەردان لە سووریا و عێراق و لیبیا و دەریای سپی ناوەڕاست، زیاتر ئاراستەی بەرەو مۆسكۆ گۆڕی و پشتی لە ئەمەریكا كرد.

بۆیە لە حاڵەتی بردنەوەی هەر كام لە ركابەرانی كێبەركێی سەرۆكایەتی، چاوەڕوان ناكرێت گۆڕانكاری گەورە لە بوونی سەربازی توركیا لە سووریا و عێراق و لیبیا و سۆماڵ روو بدات، جیا لە باشكردنی پێوەندییەكان لەگەڵ ئەمەریكا و رۆژئاوا، چاوەڕوان ناكرێت پێوەندییەكانی ئەنقەرە لەگەڵ مۆسكۆ و پەكین پاشەكشە بكات.

سیستمی عەلمانیەتی توركیا دووەم خاڵی جێگیرە، شارەزایان دەڵێن ئەو سیستمەی ئێستە لە توركیا هەیە عەلمانیەتێكی میانڕەوە، پارتی گەلی كۆماری، كە پارتی مستەفا كەمال ئەتاتۆركە، ناسراوە بە عەلمانیەتە توندڕۆكەی، بە بەردەوام رەخنەی لە ئەردۆغان و حزبەكەی گرتووە و بەوە تۆمەتباری كردووە كە هەوڵی لاوازكردنی بنەماكانی سیستمی فەرمانڕەوایەتیی عەلمانیەتی توركیا دەدات، بەتایبەتی عەلمانیەتی دەوڵەت، بۆیە سەرەڕای ئاراستە ئاینییەكەی ئەردۆغان، ئەو زۆر دەستی بۆ رووە عەلمانییەكەی توركیا نەبرد، ئێستەش ئەگەر ئۆپۆزسیۆن بیباتەوە، پارێزگاری لە عەلمانیەتێك دەكات بێ دەستبردن بۆ رووە ئاینی و پارێزگارییەكەی ئێستەی توركەكان.  

پیشەسازیی سەربازی سێیەم خاڵی جێگیرە، ئەردۆغان و پارت و حكوومەتەكەی لە ماوەی 20 ساڵی رابردوو توانیان كەرتی پیشەسازی سەربازی توركیا بەرەوپێش ببەن، بەتایبەتی لە بواری چەكی بەرگری، كاتێك قەبارەی بەرهەمهێنانی سەربازی توركیا لە ساڵی رابردوو گەیشتە 4.4 ملیار دۆلار و پێشبینی دەكرێت بۆ ئەمساڵ بگاتە شەش ملیار دۆلار و توركیا ببێتە 14مین گەورە وڵاتی هەناردەكاری چەك، لە زریپۆش و درۆن و سیستمی پێوەندیكردن.

لەو بارەوە كلیچدار ئۆغڵو رای گەیاند كە لە حاڵەتی بردنەوەی، لەسەر ئەو بازدانە پیشەسازییە سەربازییەی هەیە بەردەوام دەبێت، بۆیە ئەنقەرە ستراتیجیەتێكی تایبەت بەخۆی بۆ پیشەسازی سەربازی هەیە و بەدەر لە ئەنجامی هەڵبژاردن لە پەرەپێدانی چەكەكانی و فرۆشتنیان بەردەوام دەبێت.

چوارەم خاڵ بازاڕی ئازاد و دۆخی ئابوورییە، ئەو دۆسییە بینە و بەردەی زۆری لە نێوان هەردوو كاندیدی تیادایە، ئەردۆغان پێی وایە دەتوانرێت لە رێگەی كەمكردنەوەی سوود و زیادكردنی سوودی قەرز و كەمكردنەوەی پارەی مامەڵەپێكراو لە بازاڕەكان و هاندانی خەڵك بۆ دانانی پارە لە بانك، رێژەی هەڵاوسان كەم بكرێتەوە و رێگری لە داتەپینی لیرە بكرێت، كەچی كلیچدار ئۆغڵو پێی وایە بە گەڕانەوە بۆ سیاسەتەكانی پێشووی ئابووری و پاڵپشتیكردنی بازاڕی ئازاد، لەگەڵ گۆڕانكاری لە سیاسەتی دارایی، دەتوانن ئەوانە بكەن، لەو ناوەدا لە هەڵمەكانی هەڵبژاردن دەركەوت كە ئەردۆغانیش لەگەڵ گەڕانەوەیە بۆ شێوەی كۆنی مامەڵەی ئابووری، بۆیە بە دەرچوونی هەریەكەیان بەڕێوەبردنی كەرتی ئابووری لە توركیا بە شێوەیەكی ریشەیی ناگۆڕێت و بەرەو هەمان ئاراستە دەچێت لە چارەسەركردنی دۆخەكە.      



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل