ئەندامێكی پارتی وریایی لە دەستكاریكردنی پشكی كورد لە بودجەی عێراق دەدات

:: PM:06:18:25/05/2023 ‌

ماوەی چەند هەفتەیەكە پڕۆژەیاسای بودجەی عێراق بۆ ئەمساڵ و دوو ساڵی داهاتوو لە پەرلەمانە و یەكەم و دووەم خوێندنەوەی بۆ كراوە، لەناو لیژنەی دارایی گۆڕانكارییەكانی بۆ كراوە و دەنگ لەسەر زۆرینەی بڕگەكانی دراوە، بڕیاریشە رۆژی شەموو لە دانیشتنێكی پەرلەمان بخرێتە دەنگدانەوە، بەرپرسێكی پارتی وریایی لە دەستكاریكردنی پشكی كورد دەدات.

وەفا محەمەد كەریم، ئەندامی پارتی دیموكراتی كوردستان وریایی لە دەستكاریكردنی پشكی هەرێمی كوردستان لە پڕۆژەیاسای بودجەی دا بەدەر لەوەی رێككەوتنی لەسەر كراوە، ئاماژەی بۆ ئەوە كرد كە هەر دەستكاریكردنێك دەبێتە هۆی دروستبوونی بەربەست بۆ تێپەڕبوونی بودجەكە.

روونی كردەوە، دیاریكردنی رێژەی 12.67% وەك پشكی هەرێمی كوردستان لە بودجەی عێراق، بەپێی رێككەوتنی سیاسی لە نێوان هێزەكانی هاوپەیمانی بەڕێوەبردنی دەوڵەت و لە نێوان هەردوو حكوومەتی هەرێم و فیدراڵییەوە كراوە، بۆیە هەر دەستوەردانێكی ئەو رێژەیە قبووڵ نەكراوە و پێشێلكردنی رێككەوتنەكانی رابردووە.

ئەو بەرپرسەی پارتی دووپاتی كردەوە كە هەندێك كەس هەن دەیانەوێ دەستكاری رێژەكە و بڕگەكانی پێوەست بە شایستە داراییەكانی هەرێمی كوردستان بكەن، ئەو دەستكاریكردنەش بەربەست دەخاتە بەردەم تێپەڕكردنی بودجە، چونكە دەبێتە هۆی بایكۆتكردنی دانیشتنەكە لە لایەن هێزە سیاسییە كوردی و سوننەكانەوە، بۆیە دەبێت وریای ئەوانە بن كە دەیانەوێ بەربەست بۆ تێپەڕكردنی بودجە دروست بكەن.


دوێنێ حكوومەتی هەرێمی كوردستان ئاماژەی بە هەوڵی چەند ئەندامێكی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق عێراق كرد بۆ هەمواركردنەوەی مادەكانی 13 و 14 لە بودجەی عێراق پێوەست بە پشكی هەرێمی كوردستان، كە پێشنیازەكانیان دژی ماف و شایستەكانی هەرێمی كوردستانە كە رێككەوتنی لەسەر كراوە و لە لایەن هەردوو حكوومەتی هەرێم و فیدراڵی پەسەند كراون.

مەسروور بارزانی،‌ سەرۆك وەزیرانی‌ كوردستان دووپاتی كردەوە كە دەبێت پەلە بكرێت لە پەسەندكردنی بودجە و رێز لە ماف و شایستە دەستوورییەكانی هەرێمی كوردستان بگیرێت و هیچ هەمواركردن و گۆڕانكارییەك لە پڕۆژەكەدا نەكرێت، لە دەرەوەی بڕگەكانی رێككەوتن و لەیەكتێگەیشتنی هاوبەشی نێوان هەردوولا.

زیاتر گوتی، هەرێمی كوردستان هەموو پابەندییەكانی خۆی جێبەجێ كردووە، لە بەرانبەردا حكوومەتی فیدراڵیش دەبێت ئەركی سەر شانی جێبەجێ بكات و ماف و شایستەكانی هەرێمی كوردستان هاوشێوەی ناوچەكانی تری عێراق دابین بكات.



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل