تۆمەتبارێک بەهۆی فرۆشتنی دەمانچەی قەدەغەکراوەوە گیرا

:: PM:09:33:04/06/2023 ‌

لەلایەن ئاسایشی هەولێرەوە تۆمەتبارێک گیرا کە کڕین و فرۆشتنی بە دەمانچەی قەدەغە کراوەوە دەکرد.

بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی هەولێر رای گەیاند، لەلایەن هێزەکانی ئاسایشی هەولێرەوە، بە پلانێکی تایبەت، تیمەکانمان توانییان تۆمەتبارێک بە بڕیاری دادوەری لێکۆڵینەوە بگرن کە کاری کڕین و فرۆشتنی چەکی بێ مۆڵەت بوو لە جۆری ''دەمانچەی تورکی'' کە ئەم جۆرە دەمانچەیە بەپێی یاسا قەدەغەیە و ڕێگەپێدراو نییە.

بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی هەولێر داوایەکیان ئاراستەی خەڵکی هەولێر کرد کە ئەوەیان لەبەرچاو بێ کە ئەم جۆرە دەمانچانە جێگای مەترسین و لەدەرەوەی یاسا، لە لایەن هەندێک کەسی لە یاسادەرچوو کاری کڕین و فرۆشتنی پێوە دەکرێت، بۆیە وریابن و مامەڵەی پێوە مەکەن.

''بۆ پاراستنی گیانی خۆتان و دوورخستنەوەیان لە ئەنجامدانی تاوان، داواکارین سەردانمان بکەن و ئەو جۆرە دەمانچانەمان ڕادەست بکەن یا ئاگادارمان بکەنەوە، بە پێچەوانەوە هەر کەسێک لەم جۆرە دەمانچانەی لابێت یان چەکی بێ مۆڵەت هەڵبگرێت، دەگیرێت و ڕووبەڕووی یاسا دەکرێتەوە''..


وشە - ڕۆزی عه‌بدولره‌حمان