سه‌رۆك وه‌زیرانی خۆڕاگر هه‌موو دۆخه‌ سه‌خته‌كان تێده‌په‌ڕێنێت‎

:: AM:11:25:19/09/2023 ‌
نووسه‌ران و چاودێرانی سیاسیش رای ده‌گه‌یه‌نن، گه‌لی كوردستان زۆر هه‌ورازی سه‌ختی تێپه‌ڕاندووه‌ له‌ سایه‌ی سیاسه‌تی ژیرانه‌ و حه‌كیمانه‌ی ماڵی بارزان، بۆیه‌ تێپه‌ڕاندنی ئه‌م دۆخه‌ش چاوه‌ڕوانكراو بوو، چونكه‌ مه‌سروور بارزانی سه‌رۆك وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان، به‌ ئیراده‌یه‌كی به‌هێزه‌وه‌ ڕابه‌رایه‌تیی تێپه‌ڕاندنی ئه‌م دۆخه‌ی ده‌كرد و ئه‌و بوو كه‌ یه‌كڕیزیی به‌دی هێنا.

سۆران خاكی نووسه‌ر و چاودێری سیاسی، به‌"وشه‌"ی گوت، گه‌لی كوردستان زۆر هه‌ورازی سه‌ختی تێپه‌ڕاندووه‌ له‌ سایه‌ی سیاسه‌تی ژیرانه‌ و حه‌كیمانه‌ی ماڵی بارزان، بۆیه‌ تێپه‌ڕاندنی ئه‌م دۆخه‌ش چاوه‌ڕوانكراو بوو، چونكه‌ مه‌سروور بارزانی سه‌رۆك وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان به‌ ئیراده‌یه‌كی به‌هێزه‌وه‌ ڕابه‌رایه‌تیی تێپه‌ڕاندنی ئه‌م دۆخه‌ی ده‌كرد، ئه‌و به‌رده‌وام بوو له‌ هه‌وڵه‌كانی، پشوودرێژ و خۆڕاگر بوو و هه‌رگیز ماندوو نه‌بوو، ئه‌نجامه‌كه‌شمان بینی و توانی به‌ سیاسه‌تی حه‌كیمانه‌ی خۆی له‌ شه‌ڕی شكاندنی ئیراده‌ی خه‌ڵكی كوردستان، براوه‌ بێت و دواجاریش گه‌له‌كه‌مان براوه‌ی ململانێكان بوو. 

زیاتر گوتی، دوای چه‌ندان گه‌ڕی دانوستان و گفتوگۆ، دواجار حكوومه‌تی عێراقی هاته‌ ژێرباری ئه‌وه‌ی كه‌ ڕازی ببێت به‌وه‌ی به‌شێك له‌ شایسته‌ داراییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان ڕه‌وانه‌ بكات، ئه‌گه‌رچی كه‌میشه‌، به‌ڵام ده‌توانرێت بۆ دابه‌شكردنی مووچه‌ی فه‌رمانبه‌رانی هه‌رێم به‌كار بهێنرێت و خه‌ڵك له‌م دۆخه‌ سه‌خته‌ ڕزگاری ببێت، سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی كه‌ ده‌بێته‌ هۆی گه‌رمكردنه‌وه‌ی گیرفانی مووچه‌خۆران و ڕزگاركردنیان له‌م دۆخه‌ قورسه‌، ده‌بێته‌ هۆی بووژانه‌وه‌ی بازاڕیش، چونكه‌ چینی مووچه‌خۆر زۆرینه‌ی كۆمه‌ڵگه‌ن و به‌ دڵنیاییه‌وه‌ ئه‌و داهاته‌ی وه‌ك مووچه‌ دێته‌ ده‌ستیان، له‌ بازاڕ پێداویستییه‌كانیان پێ دابین ده‌كه‌ن، ئه‌مه‌ش دواجار ده‌بێته‌ هۆی ده‌ستپێكردنه‌وه‌ی جووڵه‌ی زیاتری بازاڕ.

" هه‌موو ئه‌م رووداوه‌ سیاسییانه‌ كه‌ ڕوو ده‌ده‌ن و ئه‌و هه‌موو گوشار و فشاره‌ له‌ هه‌رێمی كوردستان و كابینه‌ی نۆ، ده‌رخه‌ری ئه‌وه‌ن كه‌ مه‌سروور بارزانی كه‌سایه‌تییه‌كی خۆڕاگر و به‌هێز و پشوودرێژه‌ و پلان و ئامانجی تایبه‌تی خۆی هه‌یه‌ كه‌ هه‌موو دۆخه‌ سه‌خته‌كان تێده‌په‌ڕێنێت، ده‌یه‌وێ كوردستان پێش بخات و له‌ هه‌موو بوارێكدا بره‌وی پێ بدات و نه‌هێڵێت ده‌ستی ناحه‌زان بگاته‌ ئه‌م هه‌رێمه‌ و پارێزراو بێت، بۆیه‌ ده‌بێت هه‌موو هاووڵاتییان متمانه‌یان به‌ هێز و شكۆ و ئیراده‌ی سه‌رۆكی حكوومه‌ت هه‌بێت و به‌رده‌وام به‌ پاڵپشت و په‌ناگه‌ی خۆیان بزانن". سۆران خاكی نووسه‌ر و چاودێری سیاسی وای گوت. 

كاوه‌ ئه‌حمه‌د چاودێری سیاسی، به‌" وشه‌"ی راگه‌یاند، به‌داخه‌وه‌ وێڕای ئه‌وه‌ی كه‌ ئه‌وان وه‌ك هاووڵاتییانی كوردستان و حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، به‌هه‌موو شێوه‌یه‌ك به‌ره‌و پیلی عێراق ده‌ڕۆن له‌ هه‌موو سات و كاتێكدا، به‌ڵام ئه‌و حكوومه‌ته‌ و ئه‌و وڵاته‌ و لایه‌نه‌ سیاسییه‌كانی هیچ ڕێز له‌ هاوبه‌ش و به‌رانبه‌ره‌كه‌یان ناگرن، بۆیه‌ نه‌ده‌بوو ئه‌مه‌ له‌لایه‌ن عێراقه‌وه‌ ڕوو بدات و ئه‌م دۆخه‌ سه‌خت و ناخۆشه‌ی لێ بكه‌وێته‌وه‌ و ناڕوونی و لێڵی به‌ رێككه‌وتن و به‌ڵێنه‌كانی ئه‌و حكوومه‌ته‌وه‌ دیار بێت، دواجار هه‌موو هاوكێشه‌كان به‌ ئاراسته‌یه‌كی تردا ببه‌ن. 

برسیكردن و سزادانی خه‌ڵكی كوردستان له‌ سیاسه‌تی وڵاتانی هه‌رێمی و ده‌ره‌كی بو
زیاتر گوتی، دروستكردنی گیروگرفت و كه‌موكوڕی و له‌مپه‌ره‌كان له‌ به‌رده‌م ڕێككه‌وتنی هه‌ردوولا و برسیكردن و سزادانی خه‌ڵكی كوردستان له‌ سیاسه‌تی وڵاتانی هه‌رێمی و ده‌ره‌كی بوو، بۆیه‌ گوشار و فشاری ئه‌و هێزانه‌ بوو كه‌ وای له‌ عێراق كرد هاووڵاتییانی هه‌رێمی كوردستان نیگه‌ران و هه‌راسان بن، به‌ڵام دواجار سته‌م و ناحه‌قی تا سه‌ر نابێت و هیچ كه‌س و وڵاتێك قبووڵی ناكات، ده‌بێت به‌غدا ئه‌وه‌ش بزانێت سزادانی هاووڵاتییانی هه‌رێمی كوردستان و قۆستنه‌وه‌ی ناته‌بایی ناوخۆی كوردستان، هه‌روا ئاسان و ساده‌ نییه‌ و دواجار باجی قورسی هه‌یه‌ و كه‌س ناتوانێ سته‌م له‌ كه‌س بكات. 

"ئه‌وه‌ی جێی دڵخۆشییه‌ دواجار سه‌رۆكی حكوومه‌ت هه‌موو گرێكانی كرده‌وه‌ و یه‌كڕیزیی كوردی به‌دی هێنا به‌رانبه‌ر به‌غدا، لایه‌نه‌كانیش به‌ یه‌كده‌نگ به‌رانبه‌ر به‌غدا داوای مافی و شایسته‌ی خه‌ڵكی كوردستانیان كرد، ئه‌مه‌ش شكۆ و شانازییه‌ بۆ كرد و ده‌بێت ده‌ست به‌م یه‌كڕیزییه‌ بگرین و به‌رده‌وام بێت، چونكه‌ هه‌ر به‌رهه‌می یه‌كڕیزی بوو كه‌ به‌غدا شایسته‌ی مووچه‌خۆرانی نارد و له‌ داهاتووشدا ده‌بێت ئه‌و شانده‌ كاری گه‌وره‌تر بكه‌ن، له‌گه‌ڵ به‌غدا له‌سه‌ر ته‌واوی دۆسیه‌كان ڕێك بكه‌ون و چیتر به‌ قه‌رز پاره‌ نه‌یه‌ت بۆ هاووڵاتییان، كوردستان مافی خۆیه‌تی پشكی خۆی هه‌بێت له‌ بودجه‌ی عێراق به‌ یاسا و ده‌ستوور، به‌ڵام هێشتا عێراق عه‌قڵییه‌تی قۆرخكاری و پاوانخوازیی عه‌ره‌بی تایفی به‌سه‌ریدا زاڵه‌ و ده‌بێت ئێمه‌ بتوانین مامه‌ڵه‌ و سیاسه‌تی گونجاوی له‌گه‌ڵدا بكه‌ین، تا بتوانین هه‌موو مافه‌كانمان به‌ده‌ست بهێنین، خۆ ئه‌گه‌ر عێراق به‌رده‌وام بوو له‌سه‌ر سیاسه‌تی شكستخواردوو و برسیكردنی هاووڵاتییان، ئه‌وا به‌یه‌كده‌نگی بڕیاری ئه‌وه‌ بدرێت كه‌ بگه‌ڕێنه‌وه‌ بۆ ناوماڵی خۆیان و كوردستان ئاوه‌دان بكه‌نه‌وه‌ و بتوانن هه‌موو كه‌رته‌كان ببووژێننه‌وه‌، به‌تایبه‌تی كه‌رتی كشتوكاڵ و پیشه‌سازی و گه‌شتوگوزار، بۆ ئه‌وه‌ی چیتر چاویان له‌ ده‌ستی كه‌س نه‌بێت و بتوانن خۆیان به‌ڕێوه‌ ببه‌ن"

جێی باسه‌ حكوومه‌تی عێراق پڕۆژه‌یاسای بودجه‌ی بۆ ماوه‌ی سێ ساڵی داهاتوو په‌سند كردووه‌، هه‌رێمی كوردستانیش هه‌موو پابه‌ندییه‌كی به‌رانبه‌ر به‌غدا ئه‌نجام داوه‌، كه‌چی له‌ ماوه‌ی رابردوودا ئاماده‌ نه‌بوو هیچ شایسته‌یه‌كی دارایی هه‌رێمی كوردستان بنێرێت، به‌ڵام دوای سه‌ردانی مه‌سروور بارزانی و شاندی یاوه‌ری، عێراق بڕیاری دا بۆ ماوه‌ی سێ مانگی داهاتوو پاره‌ بۆ مووچه‌خۆرانی هه‌رێم ره‌وانه‌ بكات. 

وشه‌ /ئاسان محه‌مه‌د



وشە - تایبه‌ت