په‌كه‌كه‌ له‌ هه‌رێمی كوردستان پیلانی دوژمنان جێبه‌جێ ده‌كات

:: PM:01:18:19/09/2023 ‌
په‌كه‌كه‌، ئه‌و گرووپه‌ چه‌كداره‌ نایاساییه‌ی كه‌ ده‌یان ساڵه‌ له‌ هه‌رێمی كوردستان كاری سیاسی و چه‌كداری ده‌كه‌ن، به‌ڵام نمه‌ك به‌حه‌رام به‌رانبه‌ر به‌ خاك و نیشتمان و پێشمه‌رگه‌ی كوردستان ده‌رچوون، په‌كه‌كه‌ له‌ناو خاكی هه‌رێمی كوردستان ژیانی خه‌ڵكی ناوچه‌ سنوورییه‌كانی خستووه‌ته‌ مه‌ترسییه‌وه‌، ئه‌وان له‌ سنووره‌كانی هه‌رێم له ‌ناوچه‌ دوورده‌سته‌كانی وه‌ك پێنجوێن و شارباژێڕ ده‌ڵێن شه‌ڕی توركیا ده‌كه‌ن، چاودێرانی سیاسیش پێیان وایه‌ ئامانجی ئه‌وان شتێكی تره‌ و پیلانی دوژمنان به‌رانبه‌ر به‌ خاكی هه‌رێم جێبه‌جێ ده‌كه‌ن.

عه‌لی ئه‌نوه‌ر چاودێری سیاسی، به‌ "وشه‌"ی راگه‌یاند، شوێنی په‌كه‌كه‌ هه‌رێمی كوردستان نییه‌، په‌كه‌كه‌ شه‌ڕێكی هێناوه‌ته‌ ناو خاكی هه‌رێمی كوردستان كه‌ شه‌ڕی ئه‌وان نییه‌، سلێمانی و كوردستانی كردووه‌ به‌ مه‌یدانی جه‌نگ، خۆشیان بوونه‌ته‌ دارده‌ستی توركیا، په‌كه‌كه‌ شكستی به‌رانبه‌ر به‌ توركیا هێناوه‌، رۆژانه‌ به‌ درۆن چه‌كداره‌كانیان ده‌كرێنه‌ ئامانج و ده‌كوژرێن، به‌رپرسه‌كانیان ده‌كوژرێن، هیچ كاردانه‌وه‌ و هه‌ڵوێستیان نییه‌، روونه‌ كه‌ ئه‌وه‌ ده‌ستی خۆیانه‌، ره‌نگه‌ هه‌ر خۆشیان چه‌كداره‌كانی خۆیان به‌ كوشت بده‌ن.

ئه‌و باسی له‌وه‌ش كرد، په‌كه‌كه‌ ده‌یه‌وێت سنووره‌كانی كوردستان بۆ خۆی كۆنترۆڵ بكات، ئه‌م هێزه‌ چه‌كداره‌ تیرۆریسته‌ نایاساییه‌ كوردستانی رووبه‌ڕووی مه‌ترسی كردووه‌ته‌وه‌، ده‌یه‌وێت كوردستان به‌ ده‌ردی رۆژئاوا ببات، پیلانێكی فراوانیان به‌ ده‌سته‌وه‌یه‌، ده‌یانه‌وێت سه‌قامگیری و ئارامی له‌ كوردستان نه‌هڵێن، چونكه‌ ئاوا له‌ به‌رژه‌وه‌ندیی خۆیانه‌ و ئه‌وه‌ی ئامانجیانه‌ ده‌یكه‌ن، به‌ڵام خه‌یاڵیان خاوه‌ و حكوومه‌تی هه‌رێم هه‌رگیز رێ به‌وه‌ نادات.

بڵند فاتیح شاره‌زای پێوه‌ندییه‌كان، به‌ "وشه‌"ی راگه‌یاند، په‌كه‌كه‌ سه‌رئێشه‌ی زۆری بۆ حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان دروست كردووه‌، به‌تایبه‌ت له‌سه‌ر ئاستی پێوه‌ندییه‌كان و دیپلۆماسی، به‌هۆی په‌كه‌كه‌وه‌ كوردستان رووبه‌ڕووی كێشه‌ی سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تی بووه‌ته‌وه‌، په‌كه‌كه‌ هیچ پێوه‌ندییه‌كی به‌ هه‌رێمی كوردستانه‌وه‌ نییه‌ و هێزێكه‌ له‌ ده‌ره‌وه‌ی یاساكانی هه‌رێم، ئه‌وانه‌شی ده‌یانه‌وێ پاڵپشتی له‌ مافی هه‌ر چین و توێژ و پێكهاته‌یه‌ك له‌ توركیا بكه‌ن، ده‌توانن له‌ ناوخۆی ئه‌و وڵاته‌ به‌ رێ و خه‌باتی سیاسی به‌شدار هه‌ڵبژاردنه‌كان بكه‌ن و كاری خۆیان بكه‌ن، به‌ڵام هێزێكی ته‌واو داشۆراو له‌ هه‌موو شتێك، ده‌یانه‌وێت كورد له‌ هه‌ر جێیه‌ك بێت، ئه‌وان رێ نه‌ده‌ن پشوو بدات.

په‌كه‌كه‌ ئه‌وه‌ی قۆستووه‌ته‌وه‌ كه‌ ئێسته‌حكوومه‌تی هه‌رێم سه‌رقاڵه‌ به‌ هه‌ندێك كێشه‌ی ناوخۆیی و گرفته‌كانی به‌غدا
ئه‌و گوتی، په‌كه‌كه‌ ئه‌وه‌ی قۆستووه‌ته‌وه‌ كه‌ ئێسته‌حكوومه‌تی هه‌رێم سه‌رقاڵه‌ به‌ هه‌ندێك كێشه‌ی ناوخۆیی و گرفته‌كانی به‌غدا و ئه‌و سیاسه‌ته‌ی به‌غدا جێبه‌جێی ده‌كات، په‌كه‌كه‌ش ئه‌وه‌یان به‌هه‌ل زانیوه‌ تا پیلانی خۆیان جێبه‌جێ بكه‌ن، په‌كه‌كه‌ ئه‌گه‌ر كوردایه‌تی ده‌كه‌ن، ئه‌وه‌ باكور زۆر پێویستیه‌تی و با بچێت له‌وێ بیكات، هه‌رێمی كوردستان گرفتێكی نییه‌ و كوردایه‌تی ده‌به‌خشێته‌ چوار پارچه‌ی تری كوردستان، رۆژئاوایان گه‌یاندووه‌ته‌ دۆخێك هیچ كه‌س ئاواتی پێ ناخوازێت، كوردستان هێڵی سووره‌ و ناتوانن مه‌رامه‌كانیان به‌ئه‌نجام بگه‌یه‌نن.

كاوه‌ ئازیزی سیاسه‌تمه‌دار و مامۆستای زانكۆ، به‌ "وشه‌"ی راگه‌یاند، سه‌ركرده‌كانی په‌كه‌كه‌ چه‌كداره‌ داماوه‌ كورده‌ دڵپاكه‌كان ره‌وانه‌ی شه‌ڕ ده‌كه‌ن و ده‌یانخه‌نه‌ به‌ر درۆن و هێرشی توركیا، خۆشیان خه‌ریكی ئه‌و كاره‌ن كه‌ پێیان راسپێراوه‌، ئه‌مانه‌ ده‌ستی خۆیانن و به‌كاریان ده‌هێنن، ئه‌و پیلانه‌ جێبه‌جێ ده‌كه‌ن كه‌ بۆیان دانراوه‌، سه‌ركرده‌كانی په‌كه‌كه‌ هه‌رچی چه‌كداره‌ به‌ناوی خه‌بات و شه‌ڕ بۆ باكور ده‌نێرن بۆ به‌ره‌كانی جه‌نگ، ئه‌وه‌تا له‌ رۆژئاوا دۆخێكیان دروست كردووه‌ هیچ كه‌س له‌ سه‌روماڵی خۆی دڵنیا نییه‌ و ناوچه‌كه‌ بووه‌ته‌ مه‌یدانی جه‌نگ.

ئه‌وه‌شی گوت، ئه‌وانه‌ی كه‌ ده‌چنه‌ ناو په‌كه‌كه‌ كه‌سانێكی هه‌ژارن، خۆیان داوه‌ته‌ ده‌ست كۆمه‌ڵێك مافیای ناو په‌كه‌كه‌، سنووره‌كانی ئێران ده‌پارێزن، له‌ عێراق رێ به‌ ئاوه‌دانی ناده‌ن، توركیا ده‌هێننه‌ ناو هه‌رێم و له‌ رۆژئاواش ئه‌وه‌ی ده‌بینین ئه‌وه‌یان به‌سه‌ر ناوچه‌كه‌ هێناوه‌.

وشه‌/ تایبه‌ت



وشە - تایبه‌ت