بەرپرسێكی باڵای یەكێتی كۆنگرەی بایكۆت كرد

:: AM:11:32:27/09/2023 ‌
بەرپرسێكی باڵای یەكێتی، كۆنگرەی پێنجەمی یەكێـتیی بایكۆت كرد و بەشداری ناكات، هۆكارەكەشی بۆ رازی نەبوونە بە بەرنامەی كۆبوونەوەی حزب و تێڕوانین لەسەر كاری سیاسی.

ئەمڕۆ كۆنگرەی پێنجەمی یەكێتی بەڕێوە دەچێت، دەنگی ناڕەزایەتییەكان لەناو یەكێتی بەردەوامە، بەڵام بەرپرسانی یەكێتی هیچ وەڵامێكیان بۆیان نییە.

ئەمڕۆ چوارشەم 27ـی ئەیلوول، حاكم قادر حەمەجان ئەندامی ئەنجوومەنی باڵای سیاسیی یەكێتی، بایكۆتی كۆنگرەی پێنجی یەكێتی كرد و بەشداری ناكات.

هۆكاری بەشداری نەكردنیشی دەگەڕێتەوە بۆ ڕازی نەبوون لەسەر ئەو بەرنامەیەی بۆ ئەنجوومەنی سیاسیی یەكێتی پێشنیار كراوە.

پێش بەستنی كۆنگرە، ژمارەیەك لە سەركردەكانی یەكێتی وازهێنانی خۆیان یان پاشەكشەیان لە كۆنگرە راگەیاندووە، ئەوەیش بەهۆی كێشە و ململانێ‌ ناوخۆییەكانی ئەو حزبە كە پێیان وایە كۆنگرە تەنیا دەسەڵات بە بافڵ دەدات و هیچ گۆڕانكارییەكی بۆ یەكێتی پێ‌ نییە.

كێشەكانی كۆنگرەی یەكێتی تا ئێستە بەردەوامە، پەیامەكەی دوێنێی لاهوور شێخ جەنگی هێندەی تر یەكێتییەكانی بێهیوا كرد كە ئەو حزبە جارێكی تر یەكگرتوویی بەخۆیەوە ببینێت.



وشە - رامیار جەواد