گوتەبێژی هەڵبژاردنەكانی پارتی: بۆ هەڵبژاردن ئامادەین

:: PM:03:38:18/10/2023 ‌
گوتەبێژی هەڵبژاردنەكانی پارتی رای گەیاند، بەپێی ئەو هەنگاوانەی كۆمسیۆن ناویەتی، ئامادەكارییان كردووە. ئەوەشی گوت ئەوانەی تەمەنیان بووە بە 18 ساڵ، دەتوانن وەك دەنگدەری نوێ بەدوای ناوەكانی خۆیاندا بگەڕێن.

رۆژی سێـی ئابی 2023، سەرۆكی هەرێمی كوردستان نێچیرڤان بارزانی لە مەرسوومێكدا، رۆژی 25ی شوباتی 2024ی دیاری كرد بۆ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان كە كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكانی عێراق سەرپەرشتی دەكات.

ئەمڕۆ چوارشەم 18 تشرینی یەكەم، هاوار محەمەد گوتەبێژی هەڵبژاردنەكانی پارتی، بە "وشە"ی راگەیاند، هەڵبژاردنەكانی پارتی بەپێی ئەو هەنگاوانەی كۆمسیۆن ناویەتی، ئێمەش هاوكات لەگەڵ هەنگاوەكانی ئەوان ئامادەكاریمان كردووە.

هاوار دەڵێ، ڕێكاری كۆمسیۆنە و ئەوانەی تەمەنیان دەبێت بە 18 ساڵ، وەك دەنگدەری نوێ دەتوانێت بەدواداچوون بۆ ناوەكەی خۆی بكات و سەردانی بنكەكان بكات بۆ ئەوەی ناوی خۆی تۆمار بكات، بۆ ئەوەی وەك دەنگدەر مامەڵەی لەگەڵ بكرێت.

زیاتر گوتی، ئێستە ئێمە سەرقاڵی ئەوەین كاندیدەكانمان دەستنیشان بكەین.

"من هیچ رێگرییەك و ئاستەنگییەك نابینم لە بەردەم پرۆسەی هەڵبژاردن، لەبەرئەوەی ئاشكرایە لای هەموو لایەك، هەڵبژاردنەكانی پەرلەمانی كوردستان، لەلایەك ماوە یاساییەكەی زۆر تێپەڕی كردووە لەسەر وادەی یاسایی خۆی، لەلایەكی تریشەوە ئێستە لەلایەن دادگای فیدراڵی بابەتی تەشریعی و پەرلەمانی كوردستان پەكیان كەوتووە، ئێستە هیچ دامەزراوەیەكی تەشریعی نییە لە هەرێمی كوردستان، بۆیە گرنگە لە وادەی دیاریكراوی خۆی هەڵبژاردن بكرێت". هاوار محەمەد وادەڵێ.


وشە - لاڤین عومەر