"پێویستە مامۆستایان ددان بەخۆیاندا بگرن و بگەڕێنەوە بە دڵنیاییەوە ئەم دۆخەش تێدەپەڕێت"

:: PM:11:18:28/11/2023 ‌

بۆ شەش مانگ دەچێت مامۆستایان لە ماڵەوەن و دەوام ناكەن، كەچی بەشێك لە مامۆستایانی سلێمانی بایكۆتیان كردووە و ئامادە نین دەست بە دەوام بكەنەوە، هەندێك لە شارەزا و مامۆستایانیش پێیان وایە ناكرێ چیتر ستەم لە قوتابیان بكەن و خۆشیان بخەڵەتێنن، دەبێت هەموو مامۆستایان لەوە تێبگەن كە دۆخەكە هەموو مووچەخۆرانی هەرێمی گرتووەتەوە و ئەوە بەغدایە بووتە هۆكاری ئەم دۆخە سەختە.

لەمبارەیەوە محەمەد رەسووڵ، مامۆستا بە "وشە"ی راگەیاند، نزیكەی شەش مانگە مامۆستایان لە ماڵەوەن و ئێستەش دەوام ناكەن و ناچنەوە هۆڵەكانی خوێندن، ئەمەش كارەساتە و زیانی بۆ قوتابی و مامۆستایانیش دەبێت، بە تایبەتی قوتابیانی پۆلی 12ی بنەڕەتی كە بۆ ئەوان ساڵێكی چارەنووسسازە و دەبێت داهاتووی خۆیان بنیات بنێن.

زیاتر گوتی، دەبێت هەموو مامۆستایان لەوە تێبگەن كە دۆخەكە هەموو مووچەخۆرانی هەرێمی گرتووەتەوە و ئەوانیش وەك مامۆستایان مووچەیان دوا دەكەوێ و ژیانێكی سەخت بەڕێ دەكەن، لەوكاتەی ئەوە بەغدایە بووتە هۆكاری ئەم سەختییە نەك هەرێمی كوردستان.

" دەبێت لەم ساتە هەستیارەدا تەواوی مامۆستایان هەست بە بەرپرسیاریەتی بكەن و بگەڕێنەوە ناو هۆڵەكانی خوێندن و چیتر لەوە زیاتر پرۆسەكە زیانی بەرنەكەوێت و قوتابییان نەبنە قوربانی و ساڵێكیان نەفەوتێت، هەرگیز ناشبێت هیوا و ئومێدمان بە بەغدا هەبێت و وەك فریادڕەس لێی بڕوانین"، مامۆستا شۆڕش ئەحمەد وای گوت.

هەر لەمبارەیەوە سەرتیپ مەحموود، چاودێری سیاسی بە" وشە"ی گوت، مامۆستایان بۆ پشووی هاوین سێ مانگ لە ماڵەوە بوون، نزیكەی سێ مانگیشە بایكۆتی هۆڵەكانی خوێندنیان كردووە، واتە نزیكەی شەش مانگە لە ماڵەوەن و مووچەش وەردەگرن، بەڕاستی ئەمە لە هیچ شوێنێكی دنیا رووی نەداوە و كارەساتە.

زیاتر گوتی، پێویستە تەواوی مامۆستایان لێرەدا بوەستن و بیر لەو كارەساتەی بكەنەوە كە خەریكە لەسەر دەستی ئەواندا روو دەدات، بەغدا دوژمنە و مووچە نادات، حەز دەكا ئاڵۆزی و پشێوی لە هەرێمی كوردستان دروست ببێت، بەڵام با مامۆستایان هەمان رێچكەی بەغدا و دوژمن نەگرنە بەر و وا نەكەن كە پشێوی دروست ببێ و ساڵێكی خوێندن بفەوتێت.

"دۆخەكە هەمووانی گرتووەتەوە و لەدەست كەسدا نییە، تەواوی مووچەخۆر و فەرمانبەرانی تر بەرپرسیاریەتییان هەڵگرتووە و لە دۆخەكە تێگەیشتوون، بۆیە ناكرێ تەنیا مامۆستایان بە دۆخەكە رازی نەبن و قبووڵی نەكەن و نەچنەوە هۆڵەكانی خوێندن، چونكە لە كۆتاییدا بایكۆت و داخستنی قوتابخانەكان لە بەرژەوەندیی كەسدا نییە جگە لە ناحەزانی كوردستان نەبێت، بۆیە پێویستە ددان بەخۆیاندا بگرن و بە دڵنیاییەوە ئەم دۆخەش تێدەپەڕێت"، سەرتیپ مەحموود چاودێری سیاسی وا دەڵێت.

وشە/ تایبەت



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل