خۆپێشاندان دژی مامۆستایانی سلێمانی دەستی پێ‌ كرد

:: AM:11:01:29/11/2023 ‌
خاوەن حانووتی قوتابخانەكانی سلێمانی دەڵێن، بەهۆی بایكۆتی مامۆستایان، زیانێكی زۆریان بەركەوتووە و هۆكارەكەشی مامۆستایانن، هەریەك لەوانیش زیانەكانیان دەیان ملیۆن دینارە.

ئەمڕۆ چوارشەم 29ـی تشرینی دووەم، خاوەن حانووتی قوتابخانەكانی سلێمانی لە بەردەم پەروەردەی شارەكە خۆپێشاندانیان كرد، باسیان لەوە كرد بەهۆی بایكۆتی مامۆستایان، زیانی زۆریان بەركەوتووە.

ئەو خاوەن فرۆشگایانە رایان گەیاند، گرێبەستیان بە بڕی هەشت بۆ 10 ملیۆن دینار كردووە، لە 13ـی ئەیلوول گرێبەستەكەیان دەستی پێ‌ كردووە، بڕێكی زۆر كەلوپەلی خۆراك و پێداویستییان كڕیوە، بەڵام بەهۆی بایكۆتەوە، ئێستە سەرجەمیان بێ‌ كەڵك بوون و دەبێت فڕێیان بدەن.

باسیان لەوەش كرد، نزیكەی 400 خاوەن فرۆشگە دوو مانگە هیچ ئیشێكیان نەكردووە، كاتی حانووتیش بۆ كاركردن سێ‌ مانگی سەرەتای ساڵە، دواتر پشووەكان و مانگی رەمەزان دەست پێ‌ دەكات، ئیتر حانووتەكان بێ‌ كار دەمێننەوە.

بە گوتەی ئەوان هەر حانووتێك یان فرۆشگەیەكی قوتابخانەكان، دوو بۆ سێ‌ خێزانیان لەسەر دەژی، بۆیە داوایان لە پەروەردەی شارەكە هەیە چارەسەرێك بۆ ئەو دۆخەیان بدۆزێتەوە، هەر نەبێت ئێستەیش مامۆستایان بگەڕێنەوە قوتابخانەكان و كەمێك لەو پارەیەی داویانە بۆیان بگەڕێنرێتەوە، "زیان لە نیوەی بگەڕێتەوە، قازانجە". 



وشە - رامیار جەواد