پڕكردنەوەی فۆرمی یەكەی نیشتەجێبوون بۆ ماوەی مانگێك درێژ دەكرێتەوە

:: PM:12:02:29/11/2023 ‌
وەك دەرفەتێك و رەخساندنی هەلی زیاتر بۆ هاووڵاتییان، لەسەر راسپاردەی دانا عەبدولكەریم وەزیری ئاوەدانكردنەوە و نیشتەجێكردن، پڕكردنەوەی فۆرمی یەكەی نیشتەجێبوون بۆ خێزانە كەمدەرامەتەكان ماوەی مانگێك درێژ دەكرێتەوە. 

ئەمڕۆ چوارشەم 29ـی تشرینی دووەم، لە راگەیەنراوێكی وەزارەتی ئاوەدانكردنەوە و نیشتەجێكردندا هاتووە، كۆتایی ئەم مانگە وەك دوا وادە بۆ پڕكردنەوەی فۆرمەكە دیاری كرابوو، بەڵام بە بڕیاری وەزیری ئاوەدانكردنەوە و نیشتەجێكردن، پرۆسەكە بۆ ماوەی مانگێك و تا كۆتایی ئەمساڵ درێژ كراوەتەوە، ئەمەش وەك هەلی زیاتر و كارئاسانی بۆ ئەوانەی تا ئێستە بەهەر هۆكارێك بێت، دەرفەتیان لە بەردەستدا نەبووە فۆرمەكە پڕ بكەنەوە.
 
پێشتر ڕۆژی هەشتی ئاب، لە دوای تەواوكردنی رێكار و ئامادەكارییەكان، وەزیری ئاوەدانكردنەوە و نیشتەجێكردن لە رێوڕەسمێكدا، پرۆسەی دابەشكردنی فۆرمی یەكەی نیشتەجێبوونی بۆ خێزانە كەمدەرامەتەكان راگەیاند، لەوكاتەوە زیاتر لە 22 هەزار خێزان لە سەرجەم ناوچەكان فۆرمەكەیان پڕ كردووەتەوە. 

بەپێی پلانەكان، یەكەكان زیاتر لە نۆ هەزار زیاتر یەكەی نیشتەجێبوونن و لە چوارچێوەی یاسای نیشتەجێبووندا دروست كراون، بەشێكیان تەواو كراون و بەشێكیان كاركردن تێیاندا بەردەوامە.



وشە - رامیار جەواد