"ئاسایشی هەولێر هێڵی سوورە و مووشەك و درۆنەكان لە پارێزگەی نەینەوا هەڵدەدرێن"

:: PM:05:33:10/12/2023 ‌

لە دوای هێرشەكەی حەماس بۆ سەر ئیسرائیل، وردتر لە 14ی تشرینی یەكەمی رابردووەوە، میلیشیا شیعەكان لە عێراق دەستیان بە هێرشكردنە سەر هێزەكانی ئەمەریكا لە عێراق و سووریا كرد، لەوانەش بنكەی هەریر و فڕۆكەخانەی هەولێر، ئەندامێكی پارتی ئاماژە دەكات كە ئاسایشی هەولێر هێڵی سوورە و زۆرینەی مووشەك و درۆنەكان لە پارێزگەی نەینەوا دێن.

ئیدریس شەعبان، پەرلەمانتاری پێشوو و ئەندامی پارتی دیموكرانی كوردستان دەڵێت، دووبارەبوونەوەی كردنەئامانجی فڕۆكەخانەی هەولێر و هەوڵدان بۆ شێوەاندنی ئاسایش و ئارامیی شارەكە بە تەواوەتی رەتكراوەیە، ئاسایشی هەولێر هێڵی سوورە و پاراستنی بەرژەوەندییە بیانییەكان ئەركی حكوومەتی ناوەندییە و پێویستە محەمەد شیاع سوودانی، سەرۆك وەزیرانی عێراق بێتە ناو بابەتەكەوە، چونكە مووشەك و درۆنەكان لە پارێزگەی نەینەوا هەڵدەدرێن. 

ئەو ئەندامەی پارتی ئاماژەی بۆ ئەوەش كرد كە زۆرینەی سەكۆی مووشەكە هەڵدراوەكان، لە ناوچەكانی ژێر دەسەڵاتی سوپا و هێزە تەناهییەكانی عێراق دۆزراونەتەوە.

ئەمڕۆ یەكشەم سەرچاوەیەكی ئاگەدار ئاشكرای كرد كە تیمی لێكۆڵینەوەی پێكهێنراو بۆ هێرشەكەی سەر باڵوێزخانەی ئەمەریكا لە هەینی رابردوو، لە ماوەی 72 سعاتی رابردوو گەیشتووەتە سێ سەرەداوی گرنگی ئاشكراكردنی ناسنامەی هێرشبەران.

روونی كرەوە، ئاشكراكردنی ئەنجامی لێكۆڵینەوەكان راستەوخۆ پێوەندی بە سوودانییەوە هەیە، وەك فەرماندەی گشتیی هێزە چەكدارەكانی عێراق، كاتێك دوای بەڵێنی بە پاراستنی ئاسایشی باڵوێزخانە و نێردە دیپلۆماسییەكان، خۆی سەرپەرشتیی لێكۆڵینەوەكان دەكات، لە 48 سعاتی رابردووش، شەش گۆڕانكاریی گەورەی لە پلان و هێزەكانی پاراستنی ئەو نێردانە ئەنجام داوە، وەك هەوڵێك بۆ تۆكمەكردنی ئاسایشیان و رێگرتن لە كردنەئامانجی زیاتریان. 


وشە - مه‌حموود ئیسماعیل