بۆچی دەیانەوێ كەرتی پەروەردە پەك بخرێت؟

:: PM:08:26:06/02/2024 ‌

نزیكەی پێنج مانگە ساڵی نوێی خوێندن لە هەرێمی كوردستان دەستی پێ كردووە، لە هەولێر و دهۆك پرۆسەی خوێندن بەشێوەیەكی ئاسایی بەڕێوە دەچێت و وەرزی یەكەم و دووەمی خوێندن تەواو كراوە و تاقیكردنەوەكان ئەنجام دراون، كەچی تا ئێستە بەشی هەرەزۆری قوتابخانەكان لە سنووری پارێزگەی سلێمانی داخراون، ئەوانەشی كە كراونەتەوە هەفتەیەك دەبێت یان دەكرێنەوە و دادەخرێنەوە و دەوام ناكرێت، بەڵام مەبەست لە هەوڵی پەكخستنی كەرتی پەروەدە چییە؟

سوهێل تاهیر، شارەزا و راوێژكاری پەروەردەیی بە "وشە" دەڵێت، هەرێمی كوردستان هەمیشە چاوی دوژمن و نەیارانی لەسەر بووە، بەتایبەتی هەركاتێك گرفتێك و كێشە و ناكۆكییەك لە ناوخۆ یان بۆشاییەك دروست بووبێت،  ئێستەش سێكتەری پەروەردە كە گرنگترین و پیرۆزترین سێكتەرە لەناو كۆمەڵگەدا و بۆ هەر وڵات و ناوچەیەك بڕبڕەی پشتی كۆمەڵگەیە، پێوەندیی راستەوخۆی بە تەواوی هەر ئەندامێكی خێزان هەیە و پێشكەوتن یان دواكەوتنی كۆمەڵگە بەشێوەیەكی راستەوخۆ پێوەندیی بە ئاستی پەروەردەوە هەیە، بۆیە تەواوی كۆمەڵگەی كوردی لە هەرێمی كوردستان لەلایەن دوژمنانی كوردەوە دژایەتی دەكرێت، بۆیە بەرپەرچدانەوەیان ئەركی هەر تاكێكی ئەو كۆمەڵگەیەیە.

هەروەها گوتی، دەزانین مامۆستایان و هەر مووچەخۆرێكی تر لە رووی داراییەوە باش نین، بەڵام هەر لە سەرەتای ساڵی خوێندن، دوای دەست پێكردنی دەوامی قوتابخانەكان لە 13ی ئەیلوولی ساڵی رابردوو، وێڕای سەختیی باری دارایی مامۆستایان، تا ئاستێك لە هەندێك ناوچە دەوام ئاساییە و دەرگەی قوتابخانەكان كراونەتەوە، لە هەولێر و دهۆك هیچ گرفتێك نییە و دەوام دەكرێت، مامۆستایان وێڕای ئەو سەختییە دەوامی ئاسایی خۆیان دەكەن و چاوەڕوانن ئەو دۆخە تێپەڕێنن.

"هەر بەربەست و كێشەیەك هەبێت پێویستی بە چارەسەر هەیە، چارەسەریش لۆجیك و حیكمەت و خۆڕاگریی دەوێت، چونكە نابێت رادەستی واقیعێكی دژوار بین و پێویستە ئەمڕۆ زیاتر لە رۆژانی پێشوو بەرپەرچی هەر سەختییەك ببینەوە، بۆیە دەوامنەكردن یان دواخستنی دەوام بۆ كاتێكی نادیار لە بەرژەوەندیی تاكەكانی كۆمەڵگە نییە، تەنیا دوژمن و ناحەزانی كۆمەڵگەی كوردی سوودی لێ دەبینن، ئەوەشی كە دەری دەبڕێت، تەنیا خۆشەویستییە بۆ منداڵان و تاكەكانی ئەو كۆمەڵگەیەی كە تیایدا دەژین، چونكە هەموو تاكێكی ئەو كۆمەڵگەیە دۆست و ناسیاو و خزمن و كەسی بێگانەی تیادا نییە"، سوهێل تاهیر، راوێژكاری پەروەردەیی وای گوت.
  
لای خۆیەوە حەسەن مارف، مامۆستا بۆ "وشە" ئاماژە دەكات، دوای ئەوەی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان خرایە سەر بەغدا، بەپێی یاسای بودجە پێویستە بەغدا مووچەی فەرمانبەران دابین بكات، بۆیە بەغدا پابەندی رێككەوتنەكان و یاسای بودجە نەبووە و مووچەی فەرمانبەر و مووچەخۆرانی هەرێمی كوردستانی نەناردووە و بەهۆیەوە سێ مووچەی ساڵی رابردووی فەرمانبەران هەرێم نەدراوە.

دووپاتی كردەوە، هەرچەندە نزیكەی پێنج مانگ بەسەر ساڵی نوێی خوێندن تێپەڕ بووە، بەڵام كەرتی پەروەردە لە سلێمانی خەریكە ئیفلیج دەبێت، رەنگە بەشێكی هۆكارەكەی سیاسی بێت، چونكە بمانەوێ یان نا، لە سنووری سلێمانی حزبێك هەیە و دەسەڵاتدارە و دەتوانێت ئەوە بكات كە بۆ هەمووان گرنگە.

پێوەست بەو بابەتە ئیبراهیم میرزا، مامۆستایەكی ترە و بە "وشە"ی گوت، فەوتانی پێنج مانگی خوێندن هیچ باش نییە و كەرتی پەروەردە زیانی پێ دەگات، ئەمە لە بەرژەوەندیی خوێندكار نییە و مامۆستایانیش خۆیان ئەوە دەزانن، هەوڵێكی زۆر هەیە و زۆرێك لە قوتابخانەكانیش دەستیان بە دەوام كردووە.

ئاماژەی كرد، بەشێك لە مامۆستایان بانگەشەی بایكۆتی دەوام دەكەن، ئەوەش بە بۆچوونی من هەڵوێستێكی راست و دروست نییە، چونكە قوتابی و خوێندكار منداڵی من و تۆ و ئەو كۆمەڵگەیەن، بۆیە ناكرێ لە پەروەردە و فێركردن بێبەش بكرێن، بۆیە دەوامنەكردن و بایكۆتی مامۆستایان، رەنگدانەوەی نەرێنی لەسەر دەروونی قوتابی و خوێندكار و خێزانەكانیان دەبێت.

شایەنی باسە ئەو بێباكییەی بایكۆتكارانی پارێزگەی سلێمانی بەرانبەر بە داهاتووی رۆڵەكانی ئەو گەلە، كە ئەوان خۆیان بە دڵسۆزی دەزانن، چەند ئاماژەیەك دەگەیەنێت، بەدەر لەوەی دەستێكی حزبی و ناوچەیی لەپشتەوە سواری شەپۆلی داوای مووچەی مامۆستایانی بایكۆتكار بووە، بەڵام بەفیڕۆدانی ساڵێكی خوێندن و گورزوەشاندن لە داهاتووی نەتەوەیەك و خۆدزینەوەی توێژێكی كاریگەر لەو ئەركە پیرۆزەی لەسەر شانیەتی دەگەیەنێت.

بەتایبەتی كە هەموو شتێك روونە، كە هۆكاری راستەقینەی كێشەكە چییە؟، بۆیە بەشداریكردنی مامۆستایان لەو گورزوەشاندنە لە خوێندكاران و پەكخستنی كەرتی پەروەردە، رازیبوونیانە بە بوون بە بەشێك لە ئامرازەكانی دوژمن و سیاسەتەكانی، بە پاشەكشەكردن بە كۆمەڵگەی كوردی و دەستكردن بە سیاسەتێكی نوێ، ئەویش بە نەخوێندەواركردنی رۆڵەكانی لە رێگەی دروستكردنی پاساو و ئامانجی خەیاڵیی توێژێكی گرنگیی هەمان كۆمەڵگە، كە ئەوەش تەنیا خزمەت بە دوژمنان دەكات.
    
وشە/ تایبەت



وشە - تایبه‌ت