"هەڵبژاردن مافێكی خەڵكی كوردستانە و بۆ پاراستنی قەوارە و ئەزموونی دیموكراسیی هەرێم پێویستە"

:: PM:09:11:06/02/2024 ‌

هەرچەندە بەپێی یاسا دەبوو ساڵی رابردووتر هەڵبژاردن لە هەرێمی كوردستان ئەنجام بدرێت، بەڵام بەهۆی دۆخی ناوخۆیی و كێشەكانی لایەنێكی هەرێم بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردن ئامادە نەبوو، بۆیە وادەی ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان درێژ كرایەوە و دوای بڕیارێكی دادگەی فیداڵیی عێراقیش، تا ئێستە هەڵبژاردن ئەنجام نەدراوە، شارەزایان دەڵێن، هیچ پاساوێك نەماوە بۆ ئەنجامنەدانی هەڵبژاردن و هەرێمی كوردستان ناوچەیەكی دیموكراسییە و پێویستی بە هەڵبژاردن هەیە.

پێوەست بەو بابەتە عومەر رەنگێنەیی، مامۆستای زانكۆ بە "وشە"ی گوت، هەڵبژاردن پرۆسەیەكی دیموكراسییە و بەڕێوەچوونی بۆ هەرێمی كوردستان زۆر گرنگ و پێویستە، بەتایبەتی لەو دۆخەی ئێستە، هەروەها زیاتر لە ساڵێكە هەڵبژاردن لە وادەی خۆی دواكەوتووە، ئەوكاتەی باس لە ئەزموونی دیموكراسی دەكرا، هەرێمی كوردستان نموونەیەك بوو بۆ دیموكراسی، بەتایبەت لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بۆیە هیچ پاساوێك نییە بۆ دواخستنی هەڵبژاردنەكان و پێویستە بۆ پاراستنی ئەو ئەزموونە دیموكراسییە، هەڵبژاردن لەو وادەیەی بۆی دیاری كراوە ئەنجام بدرێت، بۆ ئەوەی شەرعیەتی قەوارەی هەرێمی كوردستان بپارێزرێت و هاووڵاتییان نوێنەری خۆیان هەڵبژێرن، چونكە هەرێمی كوردستان هەمیشە شوێنێك بووە كە نەیاران چاویان لەسەری بووە و هێندەی وڵاتێك ئازادی و سەقامگیری و پێكەوەژیانی تێدایە.

زیاتر گوتی، پێویستە لایەنە سیاسییەكانی هەرێمی كوردستان، پاڵپشتیی دا‌ودەزگە شەرعییەكانی هەرێمی كوردستان بن، بەتایبەتی سەرۆكایەتیی هەرێم و حكوومەت، بۆ ئەوەی رێكارەكانی هەڵبژاردن بەباشی بچنە پێشەوە و لەو وادەیە ئەنجام بدرێت، هیچ لایەنێك نەبێتە هۆكاری دواخستنی هەڵبژاردن و دروستكردنی مەترسی لەسەر قەوارەی هەرێمی كوردستان، چونكە خەڵك پێویستی بە نوێنەر و گۆڕانكارییە لە لایەنەكان و نوێنەری خۆیان، هەمووان كار بۆ سەرخستنی پرۆسەكە بكەن و هیچ لایەنێك هەرێم بۆ مەرامی سیاسیی خۆی بەكارنەهێنێت.
 
لای خۆیەوە ئازاد ئەكرەم، سەرۆكی پارتی میللەت بە "وشە"ی راگەیاند، هەر لایەنێك بیەوێ هەرێمی كوردستان لەو دیموكراسییەی بەردەوام بێت و ئارامی و سەقامگیری بەرقەرار بێت و هیچ دۆخێكی نەخوازراو و دەستی دوژمن و پیلانەكانیان نەگەنە سەر ناوچەكە، پێویستە لەگەڵ هەڵبژاردن بێت و گرفت و كێشە دروست نەكات و خۆشی بۆ ئەو پرۆسەیە ئامادە بكات، ناكرێت ئەگەر لایەنێك بەهەر هۆكارێك ئامادەی هەڵبژاردن نەبێت، گرفت دروست بكات و ببێتە هۆكاری خراپیی دۆخی سیاسی و پێوەندییەكان لە ناوچەكە، سەرەڕای هەموو كێشەكان كە دروست كران، كوردستان ئێستە لە هەموو كات زیاتر پێویستی بە هەڵبژاردنە بۆ پاراستنی ئەو ئازادی و سەقامگیرییەی تیایدا بەرقەرارە.

هەر لەوبارەوە رەسووڵ رەئووف، سیاسەتوان و ئەندامی سەركردایەتیی پارتی سۆسیالیست دیموكراتی كوردستان بە "وشە"ی راگەیاند، دەبوایە هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان پێش ساڵێك و لە وادەی خۆی ئەنجام بدرایە، چونكە كاتێك وڵاتێك رووبەڕووی كێشە دەبێتەوە و خەریكە دۆخەكە بەرەو خراپی هەنگاو دەنێت، دەستبەجێ پەنا بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێشەوەختە دەبرێت، بۆیە سەرەڕای ئەوەی هەڵبژاردن بۆ سەقامگیریی ناوچەكەیە، هاوكات مافێكی یاسایی خەڵكی كوردستانە بۆ ئەوەی بچنە سەر سندووقەكانی دەنگدان و دەنگ بەو نوێنەر و لایەنە بدەن كە خۆیان مەبەستییانە، لەو رێیەوە خواست و داواكاری و خزمەتەكانی پێشكەش بە خەڵك دەكات.

ئەو سەركردەی پارتی سۆسیالیست دیموكراتی كوردستان دووپاتی كردەوە، كوردستان و قەوارەی هەرێمی كوردستان لە سەرووی هەموو حزب و گرووپ و كەس و لایەنێكە، بۆیە هیچ لایەنێك مافی ئەوەی‌ نییە ببێتە هۆكاری دروستبوونی مەترسی لەسەر ئەو قەوارەیە، كە بە خوێن و چەندان ساڵ خەبات دروست كراوە.

وشە/ تایبەت



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل