چۆن غەزە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی یەکخستەوە

:: PM:05:31:11/02/2024 ‌
چیتر شەڕی غەزە پەیوەست نییە بە ئیسرائیل و حەماسەوە، ئێستە شەڕەکە فراوانتر بووە، لە 25ی کانوونی یەکەمی 2023، هێرشێکی ئاسمانی ئیسرائیلی لە گەڕەکی ''سەیدە زەینەب'' لە دیمەشق، کە لە ژێر دەسەڵاتی شیعەکان دایە، بەرپرسێکی باڵای سوپای پاسداران بە ناوی ''سەید ڕازی موسەوی''ى کوشت، دواتر لە ڕۆژی دووی کانوونی دووەمی 2024، ساڵح عارووری، جێگری سەرۆکی بزووتنەوەی حەماس و دامەزرێنەری باڵە سەربازییەکەی، لە هێرشێکی درۆنیی ئیسرائیلدا لە باشووری بەیروت، کە مۆڵگەی گرووپی چەکداری حزبوڵایە، کوژرا.

بەرەیەکی فراوانی ئیسلامی کێشەی گەورە بۆ ئەمەریکا دەنێتەوە
لە ڕۆژی حەوتی تشرینی یەکەم بەدواوە، ئیسرائیل و حزبوڵای لبنان چەندان هێرشی مووشەکی و درۆنییان کردووەتە سەر یەکتری و ئیسرائیل چەندان فەرماندەی دیاری حزبوڵای کوشتووە، لە دەریای سوورەوە حووسییەکانی یەمەن کە گرووپێکی چەکداریی شیعییە و لە لایەن ئێرانەوە پاڵپشتی دەکرێن، بە شێوازێکی بەردەوام هێرشیان کردووەتە سەر کەشتییە بازرگانییەکان لە دەریاکە، ئەمەیش وایکرد ئەمەریکا و بەریتانیا هێرشی پێچەوانە بۆ سەر ئەو گرووپە ئەنجام بدەن، هەروەها هێزێکی چەکداریی نوێ لە عێراق بە ناوی مقاوەمەی ئیسلامییەوە هێرشی بەردەوامی کردووەتە سەر ئەمەریکا، لە کۆتایی مانگی کانوونی دووەمی ئەمساڵ لە هێرشێکیاندا بۆ سەر بنکەی سەربازیی ''تاوەری 22'' لە ئوردن سێ سەربازی ئەمەریکییان کوشت، لە وەڵامدا ئەمەریکا چەندان هێرشی پچڕ پچڕی کردە سەر بنکەکانەی ئەو میلیشیا ئێرانییە لە ناو عێراق و سووریا، ئەمەیش مەترسیی پێکدادانی ڕاستەوخۆی نێوان ئەمەریکا و ئێرانی زیاتر کردووە.

شەڕی غەزە وەک کۆکەرەوەی مەزەوەکان

هەموو ئەو پەرەسەندنانەی باس کران دووپات لە فراوانبوونی بەرەی ''مقاوەمە'' دەکەنەوە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، کە ڕەوتێکە لە لایەن ئێرانەوە سەرکردایەتیی دەکرێت، بە بەردەوامی هێرش دەکەنە سەر بەرژەوەندییەکانی ئەمەریکا و ئیسرائیل لە ناوچەکە، بەڵام ئەوەی کە جێی بایەخە و هەستی پێ نەکراوە، یان تێبینی نەکراوە، بریتییە لەوەی، جیاواز لە شەڕەکانی پێشوو، شەڕی غەزە بووە بە هۆکارێک بۆ کاڵبوونەوەی دوژمنایەتیی مەزەوى لەناو دنیای ئیسلامیدا، ئەگەر بێت و سەرنج بدەین، فەلەستینییەکان زۆرینەیان سونین و حەماس هەڵقوڵاوی میسرە و لقێکە لە ئیخوان موسلیمین، کە دیارترین ڕێکخراوی سەبازی و سیاسیی سوونییەکانە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بەڵام زۆربەی پشگیرییەکانی لە لایەن گرووپە شیعییەکانەوە بەدەست دەهێنت، ئەمە لە کاتێکدا لە ماوەی ڕابردوو و لە کاتی بەهاری عەرەبیدا، ئێران و سعوودیە لە وڵاتانی پەشێو و ماندوو بە گۆڕانکارییەکان لە ڕێگەی پاڵپشتیکردنی گرووپە داردەستە شیعی و سونییەکانیانەوە دەستیان لە خوێنی یەکتری گیر بوو.

بێجگە لە بەرەی مقاوەمە، ئێستە جوڵانەوەی ئازادیخوازی و ڕزگاریی فەلەستینی، کە لە ماوەی ڕابردوودا بووبووە هۆی ناکۆکیی نێوان شیعە و لایەنە سوونییە عەرەبییەکان، ئێستە بەهۆی شەڕی غەزەوە بووتە هۆی یەکخستنی هەموو دنیای ئیسلامی لەبارەی گرنگیی چارەسەری کێشەی فەلەستینی، چەند هۆکارێک هەن کە بووە هۆی کاڵبوونەوەی ڕقی توندی نێوان شیعە و سونە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، یەکێک لەو هۆکارانە بریتییە لە بێهیوابوونی وڵاتانی عەرەبی لە بەرانبەر پشتگیری کردن لە دۆزی فەلەستین و ئاسایی کردنەوەی پێوەندییەکانیان لەگەڵ ئیسرائیل، هەروەها دەستپێکی دانوستانەکانی سعوودیە و ئیسرائیل بۆ ئاسایی کردنەوەی پێوەندییەکانیان هۆکارێک بوو وای لە فەلەستینییەکان کرد بکەونە ژێر هەژموونی ئێران، بەمەش سعودیە و وڵاتانی عەرەبی وەلابنێن و ڕق و کینەی  مەزەوى کاڵتر بێتەوە، پاشان ڕێککەوتنی نێوان حووسییەکان و حکوومەتی یەمەن بە لێکتێگەیشتنی نێوان سعوودیە و ئێران، کێشەی نێوان سونە و شیعەی کەم کردەوە، لە سووریا و عێراقیش گۆڕانکاری زۆر بەدی کراوە، سونە و شیعە تا ئاستێک خۆیان گونجاندووە.

لە دوای تێپەڕبوونی چوار مانگ بەسەر شەڕی غەزە، ئەوەی دەرکەوتووە بریتییە لە، دروستبوونی کۆدەنگی لە نێوان دنیای سوونی - عەرەبی، کە کۆمەڵگەی سوونی عەرەبی لەسەرەتاوە زۆر بە هێزەوە دژی ئاسایی کردنەوەی پێوەندیی نێوان عەرەب و ئیسرائیل بوون، لەگەڵ میلیشیا چەکدارییە شیعییەکان، ئەمەیش گەورەترین بەربەستە بۆ هەژموونی ئەمەریکی لە ناوچەکە.

بۆ ئەمەریکا و هاوپەیمانانی لە ناوچەکە، ئەم دۆخەی کە ئێستە دروست بووە لە میانی شەڕی غەزە، کە بریتییە لە یەکگرتنی دنیای سوونی عەرەبی و میلیشیا شیعییە ئێرانییەکان، بە هێرشێک و دوو هێرشی ئەمەریکا بۆ سەر حووسییەکان و کوشتنی دوو بەرپرسی باڵای بەرەی مقاوەمە چارەسەر نابێت.

یەکگرتنی هێزە سوونی و شیعییە ئیسلامییەکان بووەتە هۆی هەڕەشە لەسەر مانەوەی ئەو هێزانەی ئەمەریکا کە هێشتا لە ناوچەکەن و پارێزگارییان لێ دەکات، ئەم یەکێتییەی کە لە نێوان سونە و شیعە دروست بووە هۆکارێکە بۆ ئەوەی هەر هەنگاوێکی ئەمەریکا بۆ ڕاگەیاندنی ئاشتی بەبێ بەشداریی ئیسلامییەکانی فەلەستین دووچاری شکست بێتەوە.

دەستمایەی کۆڵۆنیالزم
 
ئەوەی کە پێویستی بە بەدواداچوون هەیە، بۆ تێگەیشتن لەوەی بۆچی ئێستە پێوەندیی نێوان سونە و شیعە بەرەو ئاسایی بوونەوە هەنگاوی ناوە بریتییە لە، لێکۆڵینەوە لە هۆکاری دروست بوونی کێشەی نێوان سونە و شیعە لە سەرەتاوە، ئەوەی کە ئاشکرایە لە دوای کۆچی دوایی پێغەمبەری ئیسلام محەمەدەوە، سوونییەکان گوتیان، پێویستە لە لایەن کەسە نزیکەکانی پێغەمەرەوە خەلیفە هەڵبژێردرێت وەک جێگر، بەڵام شیعەکان بڕوایان بەو هەڵبژاردنە نەبوو، گوتیان جێنشین دەبێت هەمان خوێنی پێغەمەر بێت و ناوی ئیمام بێت نەک خەلیفە، ڕاستە ئەمە بووە هۆی سەرهەڵدانی هەردوو لقەکەی ئیسلام بە ناوی شیعە و سونە، بەڵام دانیشتوانی فەلەستین بە درێژایی کێشەی نێوان شیعە و سونە، دوورەپەرێز بوون لەو ناکۆکییە مەزەوییە و زیاتر لە ژێر دەسەڵاتی عوسمانیدا پەرەیان بە دۆزی ئازادی و ڕزگاری خۆیان داوە، هەروەها سوونی و ئیسلامییەکانی فەلەستین جیاواز لە سوونییەکانی وڵاتانی تری عەرەبی، پێوەندییەکی باشیان لەگەڵ شیعەکانی لبنان و سووریا دامەزراندووە.


ئەوەی کە بووە بە هۆکار ی زەقبوونەوەی ناکۆکی مەزەویی شیعە و سونە، هێزە کۆڵۆنیالیستەکانی ناوچەکە بوون، هەروەها لەدایکبوونی چەمکی دەوڵەت نەتەوە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە دوای جیهانی یەکەمەوە، بووە هۆی ئی شەڕی مەزەوی چڕتر بێتەوە، هۆکاری ئەمەیش دووبارە بۆ هێزە کۆڵۆنیالیستەکان دەگەڕێتەوە، هەریەکە لە بەریتانیا و فڕەنسا، شیعەکانی عێراق و لبنانیان وەلا نا، کە زۆرینەی کۆمەڵگەی لبنانی و عێراقیان پێک دەهێنا، دەسەڵاتی کریستیانی لە لبنان و دەسەڵاتی سونی لە عێراق دامەزرا، ئەمەیش بووە هۆکاری قووڵکردنەوەى شەڕی مەزەوى لە ناوچەکە. 

بەڵام هێشتا فەلەستین دوور بوو لە هەموو ئەو ناکۆکییانەی نێوان شیعە و سونە، بەڵکو یەکێکی تر لە هۆکارەکان کە بووەتە هۆی ئەوەی عەرەبە سوونییەکانی فەلەستین پێوەندییەکی باشیان لەگەڵ کۆماری ئیسلامیی ئێران هەبێت، بریتی بوو لە کۆتایی هێنان بە دەسەڵاتی شا، کە یەکێک بوو لە هاوپەیمانەکانی ئیسرائیل و هاوکات عەرەبە سونەکانی فەلەستین ڕقیان لێی دەبۆوە، خومەینی شۆڕشی گەلانی ئێرانی قۆستەوە و کردیە شۆڕشی شیعیی ئیسلامی، لە کاتێکدا ڕووخانی شا و سەرکەوتنی خومەینی وەک بەهێز بوون و هەڵسانەوەی هێزی ئیسلامیی شیعە لێک دەدرایەوە، بەڵام سونیەکانی فەلەستین پێشوازیان لە خومەینی کرد و لەبرى ئەوەی بە شۆڕشەکە بڵێن شۆڕشێکی شیعی بووە و دژی بووەستنەوە، ناویان لێ نا شۆڕشی ئیسلامی، دەستبەجێ خامنەیی باڵوێزی ئیسرائیلی کردە باڵوێزی فەلەستین و یاسر عەرەفات سەرۆکی ئەوکاتەی فەلەستین سەرکەوتنی خومەینیی وەک سەرکەوتنی دنیای موسوڵمانان و فەلەستینییەکان ناوبرد.

دوژمن و هاوپەیمان 

هێشتا نابێت ئەوە لەبیر بکەین کە لەسەر ئاستی سەرکردەکان، وڵاتە عەرەبییە سوونییەکان، ئێران وەک هەڕەشە وێنا دەکەن بۆ سەر هەژموونی خۆیان، ئەوەش لەبیر نەکەین هێرشی عێراق بۆ سەر ئێران لە ساڵی 1980 بووە هۆی قووڵکردنەوەى ڕق و کینە لە نێوان شیعە و سونە، هەروەها دەسەڵاتی فەلەستینی لەگەڵ ڕژێمی سەدام بوو دژ بە ئێران، دواتر هێرشی ئەمەریکا بۆ سەر عێراق دووبارە بووە هۆی قووڵکردنەوەى ڕق و کینە لە نێوان سونی و شیعییەکانی عێراق، ئەمەیش بە جۆرێک عێراق چووە شەڕی ناوخۆوە و بەهۆی دەسەڵاتی شیعییەکانەوە لە عێراق چەندان گرووپی سوونیی توندڕەو سەریان دەرکرد، کە نوێترینیان داعش بوو.

ئێستە بەهۆی شەڕی غەزە، بارودۆخەکە پێچەوانە بووەتەوە و سیاسەتی ئەمەریکا بۆ ئاسایی کردنەوەی پێوەندیی نێوان وڵاتە عەرەبییەکان و ئیسرائیل تا ئاستێک شکستی هێناوە، ئەمەریکا هێزی ناوخۆی وڵاتە سونییە عەرەبییەکانی نەخوێندۆتەوە کە دژی ئاسایی کردنەوەی پێوەندی بوون لەگەڵ ئیسرائیل بەبێ ڕاگەیاندنی دەوڵەتی فەلەستینی، لە ساڵی 2022 حەماس پێوەندی خۆی لەگەڵ بەشار ئەسەد ئاسایی کردەوە و هێدی هێدی وڵاتە سوونییەکان کێشەیەکی وەهایان لەگەڵ شیعە نەمابوو، بەتایبەت لە فەلەستین، بۆیە ئێستە تاکە ڕێگەچارە لە بەردەم ئەمەریکا بریتییە لە ڕاگەیاندنی دەوڵەتی فەلەستینی، چارەسەرکردنی کێشەی فەلەستین نەبێت، ئەمەریکا ناتوانێت دووبارە پێوەندی خۆی لەگەڵ وڵاتانی ناوچەکە بەگەڕ بخاتەوە بۆ پاراستنی هەژموون و هاوپەیمانەکانی خۆی لە ناوچەکە.

مانەوەی دۆخەکە بەم شێوازەی ئێستە، تەنیا لە بەرژەوەندیی دوژمنەکانی ئەمەریکایە و تا کێشەی فەلەستین بەردەوامی هەبێت، گرووپە هەلپەرستەکانی ناوچەکە بە شێوازێکی چڕتر ئەمەریکا دەکەنە ئامانج، ئەمەیش لە ڕێگەی بەکارهێنانی کێشەی فەلەستینییەوە وەک بیانوویەک بۆ دەرکردنی ئەمەریکا لە ناوچەکە. 


سەرچاوە-فۆڕن ئەفێرس



وشە - ئارا هێمن