رۆژنامەوان و شارەزایان: سلێمانی زۆر قەڵا و دیوەخانی تری نایاسایی تیادایە بۆ رووخاندن

:: PM:08:26:12/02/2024 ‌

لە دوای بڵاوبوونەوەی دیمەن و هەواڵی رووخاندن و تێكدانی قەڵا و دیوەخانی عوزێری لە پارێزگەی سلێمانی، رۆژنامەوان و شارەزا و توێژەكان باس لەوە دەكەن كە لە سلێمانی بە دەیان قەڵا و دیوەخانی تر هەن كە بەنایاسایی دروستكراون و لەسەر موڵكی گشتین و پێویستە ئەوانیش بڕووخێندرێن.

دوای بڵاوبوونەوەی هەواڵی رووخاندنی قەڵا و دیوەخانی عوزێری لە پارێزگەی سلێمانی، كە لەلایەن هێزێكی تایبەتەوە رووخێنرا و تەقێنرایەوە، هاووڵاتییان لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان وەك هەوڵێك بۆ رووخاندنی قەڵا و دیوەخانەكانی تر، ئەوانەی كەسی بە دەسەڵات و خاوەن هێز و چەكن، داوا دەكەن ئەوانیش بڕووخێندرێن.

محەمەد رەئووف، رۆژنامەوانی دیاری شاری سلێمانی نووسیویەتی، زۆر دیوەخان و قەڵای تر هەن بۆ رووخاندن و پێویستە ئەوانیش بڕووخێندرێن، ئەوەش وەك وەڵامێكە بۆ ئەو هەوڵەی كە ئەمڕۆ لە سلێمانی دیوەخانی عوزێری رووخێندرا، داوا دەكات ئەو دیوەخانانەی تریش بڕووخێندرێن و چاوپۆشی لە هیچ كەس و بەرپرسێكی تر نەكرێت.

لەو بارەوە ئاسۆ هاشم، پارێزەری راوێژكار دەڵێت، بافڵ ئەو وڵاتە پڕە لە قەڵای زیادەڕۆ، ئەویش بە هەمان شێوە و وەك هەڵوێستێك داوا دەكات كە قەڵاكانی تریش بڕووخێندرێن و رێگەش نەدرێت لەسەر موڵكی گشتی دروست بكرێن.

لای خۆیەوە هاوكار عەزیز، چاودێری سیاسی بە "وشە"ی گوت، چەندان قەڵای تر لە شار هەن كە زیادەڕۆن و بەئاشكرا شوێنەكانیان دیارە و نابێت هەبن، ئەوانیش هیچ جیاوازییان لەگەڵ قەڵای عوزێری نییە و دەبێت بڕووخێندرێن و زەوییەكانیان بۆ سەر موڵكی گشتی بگەڕێنەوە، هەروەها بابەتێكی تریش ئەوەیە رێگە نەدرێت لە ژێر ئەو ناوە جۆراوجۆرانەدا سەرانە و رێگری و هەڕەشە لە كەسانی وەبەرهێنەر و سەرمایەدار و پارەدارەكان بكرێت.

شایەنی باسە ئەمڕۆ دووشەم دیوەخانەكەی عوزێری لەلایەن هێزە تایبەتەكانی ئاسایش و كۆماندۆوە رووخێنرا و تەقێنرایەوە، بڕیاریشە تەواوی ئەو خانوو و شوێنانەی لەلایەن دیوەخانی عوزێرییەوە بەشێوەی نایاسایی دروستكراون، ئەوانیش بڕووخێنرێن.

وشە/ تایبەت



وشە - تایبه‌ت