ئەمەریكا لە كوردستان مانۆرێكی سەربازی ئەنجام دا

:: AM:10:09:13/02/2024 ‌
ڕوانگەی سووری بۆ مافەكانی مرۆڤ ڕای گەیاند، هێزەكانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بەسەرۆكایەتیی ئەمەریكا، بەهاوكاریی هێزەكانی ئاسایشی ڕۆژئاوای كوردستان لە بنكەی سەربازیی قەسركی ڕۆژهەڵاتی شارۆچكەی تەمر، مانۆڕێكی سەربازییان ئەنجام داوە.

سەرچاوەكانی ڕوانگەی سووری باسیان لەوە كردووە، لە ئەنجامی ئەو مانۆڕە سەربازییە هاوبەشەی نێوان هێزەكانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی ‌و ئاسایشی ڕۆژئاوای كوردستان، دەنگی تەقینەوەی گەورە لە ناوچەكەدا بیستراوە، بەو پێیەی لە مانۆڕەكەدا تەقەمەنیی زیندوو بەكار هێنراوە، ئەوە جگە لە پرۆسەی دابەزاندن لەڕێی پەڕەشووت‌ و پێكانی ئامانجی وەهمی لەڕێی تۆپخانەوە.

هێزەكانی هاوپەیمانان بەردەوام مانۆڕی سەربازی لە ناوچەكانی كوردستانی رۆژئاوا ئەنجام دەدەن، ئەمەش وەك پێشاندانی پاڵپشتی بۆ هێزە كوردییەكانی ئەو ناوچەیە، بەڵام لەم ماوەیەدا بەهۆی هێرشی بەردەوامی توركیا بۆ سەر ژێرخانی ئابووری رۆژئاوای كوردستان، خەڵكی رۆژئاوای كوردستان لە ئەمەریكا نیگەرانن كە راستەوخۆ فشار ناخاتە سەر توركیا تا ئەو هێرشانە بوەستێنێت.



وشە - سۆران عەزیز